ئایا پاککردنەوەی ڕووباری دیجلە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چاککردنەوەی ناوبانگی تێکچووی عێراق؟
ئایا دەکرێ ڕووباری دیجلە و خەڵکەکەی ڕزگار بکرێن؟
لە نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا کاسکێیدز – کە دامەزراوەیەکە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن کاریگەرییە خێراکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت سنوورە نێودەوڵەتییەکان ببڕێت، دامەزرا - لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر حەوزی فورات-دیجلە بڵاوکردەوە کە دەریخست "تێکچوونی وردە وردەی کواڵیتی ئاو وادەکات بەشێکی بەرچاوی ئاوەکە گونجاو نەبێت بۆ بەکارهینان." توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، عێراق بەپەلە پێویستی بە کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاو و بەکارهێنانی سەرچاوەی ئاوی کاراتر هەیە.
بەداخەوە لە ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی حکومی سەرنجی لەسەر دانانی سنوورێک بۆ لەناوچوونی وردە وردەی ڕووبارەکە نییە.
بەڵام، گەشەسەندنی خێرای دەستپێشخەریی عێراقێکی پاک ئەوە دەردەخات کە لانیکەم بەشێک لە عێراقییەکان دەیانەوێت کۆببنەوە و پێکەوە کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی شکۆمەندی دیجلە. نزیکەی 30,000 خۆبەخش بەڕاستی بەشدارییان لە پاککردنەوەی ڕووبارەکەدا کردووە. یەکەم ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە لە بەغدا ئەنجامدرا، لەوێ توانیان زیاتر لە 24,000کیسی زبڵ پڕ بکەنەوە لە زبڵ و خاشاکەکانی دەوروبەری ڕووبارەکە و پاککردنەوەی ناوچەیەک بەدرێژایی سێ کیلۆمەتر. لەگەڵ بەدەستهێنانی بانگەشەی دەستپێشخەرییەکە، هاوڵاتیانی پارێزگاکانی دیکە ئارەزووی بەشداریکردنیان دەربڕی. بە مۆڵەتی تەمیمی دەستیان کرد بە سازدانی بۆنە لە ناوچەکانی تری عێراقیش.
سەرەڕای دەستکەوتەکانیان، مەترسی ئەوە هەیە کە هەڵمەتەکە چەقبەستوو بێت، بەتایبەتی ئەگەر خەڵک دەست بکەن بە لەدەستدانی پاڵنەرەکانیان بۆ پاککردنەوەی ڕووبارەکە.
لەوانەیە ئەمە ڕووبدات ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک ببینن. زۆرێک لەو خۆبەخشانەی کە چاوم پێیان کەوت، پێیان وتم کە شتێکی نامۆ نییە عێراقییەکان پاشماوەکانیان فڕێ بدەنە ناو ڕووبارەکەوە بەبێ ئەوەی هەست بەو زیانانە بکەن کە دەیگەیەنێت. کەواتە، تەنانەت لەگەڵ گەشەکردنی هەڵمەتەکەدا، هەمیشە کەسانێک هەن کە بەردەوام دەبن لە پیسکردنی ڕووباری دیجلە.
ڕۆژنامەی کاسکێیدز ئەمەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە عێراق بە "کەمیی هۆشیاریی گشتی بۆ پرسە ژینگەییەکان" تایبەتمەندە.
تەنانەت ئەگەر هەموو زبڵ و خاشاکەکان لە کەنارەکانی ڕووبارەکە لاببرێن و خەڵک واز لە زیادکردنی زبڵی نوێ بهێنن، ئاوەکە هەر پیس دەبوو بە ژەهرەکانی زبڵی پێشتر کە شیبووەتەوە، هەروەها بە ڕژانی نەوت و پاشماوەی پیشەسازی.
ئاشتی ژینگەیی
تەمیمی بە داننان بەم بۆشاییە دەڵێت، نەک تەنها دەیەوێت ڕووبارەکە پاک بکاتەوە، بەڵکو خەڵک پەروەردە بکات لەسەر گرنگی ڕاگرتنی ژینگەیەکی پاک و بێ پاشماوە و پیسبوون.
ڤیدیۆگرافەر کەرار، کە ناوەڕۆک بۆ ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای کەمپەینەکە دروست دەکات، دەڵێت: "ئەوە تەنها پاککردنەوەی ڕووبارەکە نییە، بەڵکو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و گۆڕانکاری و کۆکردنەوەی خەڵکە".
لە ڕووی تیۆریەوە ئەمە دەتوانێت بۆ عێراق دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنێت.
بەپێی ژمارەیەکی تایبەتی گۆڤاری کاروباری نێودەوڵەتی کە لە کانوونی دووەمی 2021دا بڵاوکراوەتەوە، دەستپێشخەرییە ژینگەییەکانی وەک ئەمانە دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی لە بنیادنانی ئاشتی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا بگێڕن. ئەو توێژینەوانەی لە ژمارەکەدا هاتوون، کەیسەکانی کۆڵۆمبیا، لیبێریا، یەمەن و وڵاتانی دیکە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە چۆن کارکردن بەیەکەوە بۆ پاراستنی سروشت گرژییەکان کەمدەکاتەوە، یەکگرتن بەرەوپێش دەبات و ئەندامانی کۆمەڵگا یەکدەخات.
سەرنووسەران نووسیویانە: "ئاڵنگاریی ژینگەیی دەرفەت بۆ هاوکاری دەڕەخسێنێت، چونکە سنوورە سیاسییەکان تێدەپەڕێنن، ڕەنگە لە ڕووی سیاسییەوە کەمتر هەستیاربن لە چاو بابەتەکانی دیکە، ڕەنگە پاڵنەربن بۆ لایەنە کاراکان بۆ ئەوەی ئاسۆی کاتیی درێژتر لەبەرچاو بگرن... هاوکاری لەسەر ئاڵنگاریی ژینگەیی دەکرێت سوودی هەبێت لە بنیادنانی متمانەدا و لێکتێگەیشتن لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان."
دوای دەیان ساڵ لە ستەمکاری، دواجار عێراق ئەوەندە سەقامگیر دەردەکەوێت کە خەڵک بتوانن سەرنجیان لەسەر کردەوەی وەک ئەوانە بێت. تێکچوونی ژینگە دەرئەنجامێکی سەرەکی شەڕی چەکدارییە، بۆیە پاککردنەوەی ڕووباری دیجلە دەکرێت نیشانەی چاکبوونەوەی ئاگادارانەی وڵاتەکە بێت.
لە چوارچێوەی ئەمەشدا، بزووتنەوەی عێراقی پاک - کە ڕووماڵی هەواڵی جیهانیی وەرگرتووە - دەتوانێت نیشانی بیانییەکان بدات کە عێراق بەڕووی جیهاندا کراوەیە و چیتر وڵاتێکی جەنگاوی نییە کە خەڵکی لە تیرۆر و ترسدا بژین.
عەبدول، بەشداربووی یەکێک لە بۆنەکانی پاککردنەوە، دەڵێت: "هەمیشە دڵخۆشین بە بینینی بیانییەکان لە بەغدا." ئاماژەی بەوەشکرد "زۆر کەس نایەنە ئێرە چونکە پێیان وایە شەڕەکە هێشتا بەردەوامە. بەڵام عێراق ئێستا ئارامە، و شوێنێکی جوانە."
لینکی بابەتە سەرەکییەکە: https://therevelator.org/cleaning-tigris-river/
ئەم بابەتە لەلایەن Katarzyna Rybarczyk (The Revelator) نووسراوە و بەپێی CC BY-NC 4.0 مۆڵەتی پێدراوە.