رسە ژینگەییەکان

پڕۆژەی سەر کاغەز: عێراق توانای ڕووبەڕووبونەوەی ٣٠٠ ڕۆژ خۆڵبارینی نییە لە ساڵێکدا

Parez Dzay
ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن گۆڕانی کەشوهەوا ژمارە و توندی زریانی تۆز و خۆڵ لە عێراقدا زیاد دەکات، کاریگەرییەکانیان لەسەر دانیشتوانی ناوخۆیی و ستراتیژییەکانی کەمکردنەوە و گونجاندن پێشنیارکراوی.
Nirij - image

سەرباری ئەوەی عێراق بابەتی بەبیابانبوونی لە بەشی ژمارە (١٥)ی  پلانە ستراتیژیەکەی ٢٠١٥-٢٠٣٠ خۆیدا داناوە ، بەڵام پاش تێپەڕبوونی حەوت ساڵ، هیچ ئاماژەدەرێک دیار نییە بۆ جددیەتی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی خۆڵباران. 

 


 

ڕۆژی دوو شەمە، ١٦ ی ئایاری ٢٠٢٢، گەردەلوولێکی گەورەی خۆڵاوی ملیۆنان هاوڵاتی عێراقی ناچار کرد گۆڕانکاری بەپەلە بکەن لە شێوازی ژیانیاندا، چونکە ئەم گەردەلولە خۆڵاویە بەهۆی هەناسەتەنگییەوە هەزاران کەسی  داخڵی خەستەخانەکان کرد. 

مەودای بینینیش زۆر کەم بوویەوە و بووە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە چەندان ناوچەی وڵاتەکەدا، وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای ناچار کرد خوێندن ڕابگرن لە قوتابخانە و زانکۆکاندا و ئیدارە ناوخۆییەکانی حەوت پارێزگای ناوەند و باشوریش دەوامی دامەزراوە گشتیەکانی ڕاگرت بێجگە لە نەخۆشخانەکان. 

لایەنە پەیوەندیدارەکانی گەشتە ئاسمانیەکانیش گەشتە ئاسمانیەکانی ئەو ڕۆژەی هاتن و ڕۆشتنی فرۆکەخانەی بەغدا و نەجەف و سلێمانی نێودەوڵەتی دواخست، جوڵەی گواستنەوەی ڕێگەوبانەکانیش وەکو مارمێلکەی لێهات، تا ڕەوینەوەی تەپوتۆزەکە بە دوایدا شوێن پەنجە بیابانیەکەی خۆی لە هەموو شوێنێکدا بەجێهێشت. 

هەروەها دەوترێت کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە هیچ کارێکی دیبلۆماسی بکەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی سیاسەتی ئاوی تورکیا کە دەستی گرتووە بەسەر تەوژمی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتدا لەڕێی دروستکردنی بەنداوەوە، کە لە خاکی تورکیاوە هەڵدەقوڵێن، ئەمانەش بوونەتە هەڕەشەی وشککردنی ڕووبارەکان. 

داواکاری و نارەزایی خەڵکیش پشتگوێ خراوە لەسەر ئەوەی ئێران ئەو ئاوانەی لە خاکەکەیەوە دێنە عێراقەوە گرتونیەتەوە. عێراقیش هیچ بڕە پارەیەک دابین ناکات بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژیە گەورەکان، وەک پڕۆژەی (ئاودێری نیوەدورگەی ڕۆژئاوای عێراق) و هیچ گرنگیش نادات بە دامەزراندنی پەرژینی سەوزایی بۆ پاراستنی شارەکان لە هاتنەناوەوەی تەپوتۆز و خۆڵبارین. 

دەرەنجامی هەموو ئەمانە بۆتە هۆی دروستبوونی گەردەلولی خۆڵاوی کە لە زۆربەی کاتەکانی ساڵدا ڕوودەدەن، سەرباری ئەمانە کانیاوەکان ودێراوەکان وشک بوون و شوێنە ئاویەکانیش دیار نەماون، وەکو دەریاچەی حمرین لە پارێزگای دیالە لە باکوری بەغدای پایتەخت. 

Nirij- image 2

زریانێکی خۆڵبارینی بەرفراوان ملیۆنان عێراقی ناچار کردووە دەستکاریی بەپەلە لە ڕێوڕەسمەکانی ژیانیان بکەن و بەهۆیەوە هەزاران کەس بەهۆی هەناسە تەنگیەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ گەردەلول دەیدا لە عێراق، کێ ڕێگر دەبێت لەمە؟

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی هونەری لە وەزارەتی ژینگە، عیسا فەیاز، دەردەدڵی کرد لە کەمی خەرجی و سەرچاوە ئاویەکان بۆ کپکردنی گەردەلولە خۆڵاویەکان کە وتی تا ساڵی ٢٠٥٥ لە ساڵێکدا ٣٠٠ گەردەلول دروست دەبێت. 

بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەمە، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، حەمید نایف، وتی عێراق بەلای کەمەوە پێویستی بە چاندنی زیاتر لە ١٥ ملیار نەمام هەیە چونکە ڕووپۆشی سەوزایی و ڕووبەرە سەوزاییەکان بچوک بونەتەوە. 

هەندێک کەس دەڵێن ئەم ژمارەی نەمامە کەمێک زیادەڕەوی تێدا کراوە، دکتۆر سەلاح حوسام، پسپۆری ئەکادیمی لە بواری کشتوکاڵدا وتی "٪٥ی ئەم ژمارەیە بەسە بۆ چاندن لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقدا، بۆ ئەوەی ببنە بەربەستی تەپوتۆز و باشترکردنی ژینگەی شوێنەکە". دکتۆر سەلاح وتی مەرجی ئەم چاندنە ئەوەیە بکرێتە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ دابین بکرێت و هەموو لایەنە حکومیەکان بەشدار بن لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا. 

دکتۆر سەلاح وتیشی عێراق پلەی ١٨١ ی هەیە لەسەر ئاستی جیهان بۆ ڕووبەری دارستان، رێژەی ڕووبەری دارستانی عێراق ٪١.٩ یە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە کە بەوتەی دکتۆر سەلاح بۆ وڵاتێک کە دوو ڕووباری پێدا بڕوات. 

کاتێک پرسیارمان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کرد لەسەر ڕۆڵیان لە چاندنی نەمامەکاندا، بۆمان دەرکەوت ئەم وەزارەتە تەنها نەمامی بەتەمەن دەداتە لایەنی پەیوەندیدار کە داوای دەکات، جگە لەمە هیچ شتێکی تر ناکات. دەرکەوت بابەتی چاندنی نەمام و پشتێنەی سەوزایی لە پارێزگاکاندا بابەتێکە پەیوەندی بە کارگێڕی پارێزگاکانەوە هەیە و وەزارەتی کشتوکاڵ و هیچ وەزارەتێکی تر پەیوەندی پێوە نیە. 

پسپۆری بواری کشتوکاڵ، لوقمان مستەفا گومانی هەیە لە توانای کارگێڕی پارێزگاکان کە پشت بەخۆیان ببەستن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بەرەنگاربونەوەی بەبیابانبوندا، بنەما لەسەر بۆچوونی، ئەو پارانەی کە دەبێت تەرخان بکرێن بۆ پڕۆژەی هاوشێوە زۆر زیاترە لە توانای پارێزگاکان کە خۆیان لە خۆیاندا دەناڵێنن بەدەست بودجەی ساڵانەیانەوە کە وەری دەگرن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کەرتە جیاوازەکان، هەندێک لە پڕۆژەکان چەندین ساڵە پەکیان کەوتووە بەهۆی نەبوونی پارەی پێویستەوە، یان بەهۆی ئەو گەندەڵیەی دەڵێت بڵاو بۆتەوە.

لوقمان مستەفا وتیشی هەندێک ناوچەی دیاریکراو لە عێراقدا، وەکو نەینەوا دەناڵێنێت بەدەست ژێرخانێکی وێرانەوە بەهۆی جەنگی داعش ٢٠١٦-٢٠١٧ و پێنج ساڵە چاوەڕی دەکات بڕە پارەیەکی پێویستی بۆ دابین بکرێت بۆ بنیادنانەوەی شوێنە گشتیەکانی، کە بە بەرچاوەوە دیارە کاول و وێرانەیە. 

ئەم پسپۆرە کشتوکاڵیە وتیشی "دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی بەلای هاوڵاتیەکی ئاساییەوە کە دەناڵێنێت بەدەست بێکاری و هەژاریەوە شتێکی جوانکاریە، لەبەر ئەوەی ئەم هاوڵاتیە بیر لەوەدەکاتەوە نانی ئەو ڕۆژەی دەست بکەوێت بۆ خۆی و خێزانەکەی و ماڵێک تیایدا بحەوێنەوە."

کۆمەڵێک لە سەوزەفرۆشی دەستگێڕ هاوڕای لوقمان مستەفان لە شاری ڕومادی. ئەم کەسانە دەموچاویان داپۆشیبوو بەو شتانەی بەسەریانەوەیە، ئەوەی لێیان دیار بوو تەنها چاوەکانیان بوو کە بە نیگەرانیەوە تەماشای گەردەلولی کتوپڕیان دەکرد. 

کەسێکیان بەناوی حازم فەزان وتی کە باوەڕی بە هیچ پڕۆژەیەکی گشتی ناکات لەلایەن وڵاتەوە بکرێت، چونکە "ئەگەر بکرێت بە خراپی و کەموکوڕیەوە دەکرێت و پارەکانی کە بۆی تەرخانکراوە یان بەناویەوە دزراوە بەهەدەر دەروات و ئەو پارەیە بۆ ئێمەی هەژاران لەپێشترە پێمان بدرێت."

بەبیابانبوون و گەردەلولە لمینەکان

دکتۆر یوسف ئوشەیقەر، جیاوازی دەکات لەنێوان بەبیابانبوون و گەردەلولە لمینەکاندا و دەڵێت "ئەوەی یەکەم دەکرێت ڕابگیرێت، بەڵام ئەوەی دووهەم ئەستەمە ڕاگرتنی"، ئاماژەش دەدات بەوەی هەموو زەویەکی لمین لە جیهاندا لە تەنیشت زەوی قوڕینەوەیە، ئەم زەویە لمینە وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات دەکشێتە سەر زەویە قوڕینەکە ئەگەر ڕێکاری پێویست لە پاراستن و پەرژین نەگیرێتە بەر. 

زۆر کەس هەمان ڕای ئەمی هەیە، لەسەر ئەوەی پشتێنەی سەوز لە قەراغی بیابانەکاندا باشترین چارەسەرە بۆ ڕاگرتنی کشانی بیابان و پاراستنی زەویە کشتوکاڵیە بەپیتەکان، ئەم ڕێکاریە دەشبێتە جوانی دیمەنی سروشتی و شێدارکردنی کەش و زیادکردنی دەردانی ئۆکسجین و ڕێگرتن لە گەردەلولە لمینە بچوکەکان. 

لەسەر گەردەلولە لمینەکان دەڵێت "نە پشتێنەی سەوز نە چاندنی نەمام و هیچ چارەسەرێکی تری کۆمیدی کە پێشنیار دەکرێت لێرەو لەوێ چارەی ناکات."

دکتۆر یوسف دەڵێت ئەمانە دیاردەیەکی کەشوهەوایی ژینگەیی جوگرافیە و لە هەموو جێگە و وڵات و کیشوەرێکدا هەیە. بەرزییەکی زۆریان هەیە وەکو شورا و بۆ سەدان کیلۆمەتر دەڕۆن و هیچ شتێک ڕایناگرێت نە پشتێنەی سەوز نە چاندنی نەمام. پشت دەبەستێت بە ڕێژەی بارینی باران لە هەر ناوچەیەکدا لە وەرزەکاندا. 

تا باران کەمتر بێت لە ناوچە بیابانەکان و لمینەکاندا، ئەگەری دروستبوونی گەردەلولی لمین زیاتر دەبێت. دکتۆر یوسف وتیشی "ئێمە ناتوانین کۆنترۆڵی ڕێژەی باران بکەین لە بیابانەکەی خۆمان و بیابانی چواردەورماندا، بە دڵنیاییەوە ناتوانین کۆنترۆڵی گەردەلولە خۆڵاویەکانیش بکەین تەنانەت ناتوانین پێشبینیشیان بکەین. لە زستانی پاردا عێراق لەماوەی چل ساڵی ڕابردوودا کەمترین ڕێژەی بارانی لێباریوە، کەواتە شتێکی نامۆ نیە کە ئەمڕۆ زۆرترین ڕێژەی گەردەلول ڕووبدات لە یادەوەریماندا."

ئامادەکاری و خۆگونجاندن

دکتۆر یوسف توانجیدا لە قسەی ئەوانەی دەڵێن دەکرێت لە بیاباندا کشتوکاڵ بکرێت، دەڵێت " کشتوکاڵکردن لە بیاباندا ئەستەمە بەهۆی هۆکارێکی ساکارەوە، ئاو لەکوێ بینین بۆ ئاودێریکردن؟

با وای دابنێین هەموو بیابانەکان و دەشتەکانی عێراق چێنران بە نەمام و ئاویشماندا، ئەی چی لە بیابانی وڵاتانی دراوسێمان دەکەیت؟ هەندێک لەو گەردەلولانەی دەگەنە شار و ناوچەکانی عێراق لە بیابانی ئەفریقاوە هەڵیان کردووە. 

کەواتە چارەسەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەردەلولە لمینەکان چیە؟ دکتۆر یوسف دەڵێت "ئامادەکاری و خوگونجاندن" ئەمەش بە پەرەپێدانی هۆکارەکانی پێشبینیکردنی پێشوەختە و دەستنیشانکردنی ڕێچکەی ئەو گەردەلولانە و ڕێژەی هێزەکەیان و ئاگادارکردنەوە لەسەریان. 

هەروەها پەرەپێدانی ڕێکارەکانی دابڕاندنی هەوایی لە ناوماڵەکاندا بۆ ڕێگریکردن لە چونەژوورەوەی تەپوتۆز، ئامادەکردنی نەخۆشخانە و خزمەتگوزاریەکانی کتوپڕی بۆ دۆخەکانی تەنگەنەفەسی، ئاگادارکردنەوەی فڕۆکەخانەکان و گەشتیاران بۆ ئامادەبوون لە کاتێکی زووتردا. 

هەروەها بەرزکردنەوەی هوشیاری هاتوچۆ لەسەر شۆفێریکردن لەکاتەکانی گەردەلولە لمینەکاندا، داخستنی هەندێک لە شەقامەکان و ڕێگە خێراکان و یەکتربڕە مەترسیدارەکان. ئاگادارکردنەوەی هێزە چەکدارەکان بە تایبەتی لە ناوچە دوورە دەستەکاندا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست و وریایی. دکتۆر یوسف لە کۆتایی قسەکانیدا وتی "ئەم شتانەیە کە ناتوانرێت بکرێن". ئەوانەی چواردەوری بەیەک دەنگ پشتی قسەکانیان گرت و وتیان "وەڵا وایە" و کەسێکیان بەناوی فەرقەد ئیدریس وتی "ئەم تەپوتۆزە توڕەیی خوای گەورەیە لەسەرمان" پاش کۆکەکۆکێکی زۆر پەنجەی بۆ ئاسمان درێژ کرد و وتی "خوای گەورە تۆڵە لە ئێمە دەکاتەوە چونکە ڕێگەمان داوە سیاسیەکان دزیمان لێبکەن، بگرە هەر چوار ساڵێکیش بە هەڵبژاردنیان هانیان دەدەین."

لە شاری کەرکوکدا لە ڕۆژی دووشەمەی ١٦ ی ئایاری ٢٠٢٢ دا سەربانەکان و سەقفی ئۆتۆمبیلەکان و شۆستەکان چینێک خۆڵی لەسەر نیشتووە، بەهۆی چڕیەکەوە لە هەندێک ڕێگەدا ئاستی بینینی خراپ کردبوو.

لە بازاڕی شاری کۆنی موسڵدا، کەمال لوقمان تەکسیەکەی لە کەنار ڕێگەکەدا ڕاگرتبوو، دەمامکێکی پێوە بوو خاولیەکی تەریشی لە ملی پێچابوو، فڵچەکانی پێشەوەی تەکسیەکەی جوڵاند و ئاماژەی بە شوێنی تەپوتۆز و خۆڵەکە لەسەر لایەکانی جامەکە دا و وتی:

تەمەنمان لە نێو دوکەڵی کێڵگە نەوتیەکان بەسەربرد، ئێستاش لەناو گەردەلولی خۆڵاویدا"

کەمێک دەمامکەکەی بەرز کردەوە و بە گاڵتەجاڕیەوە وتی "ئەمەمان بۆ کۆرۆنا بەکاردەهێنا، ئێستاش بۆ تەپوتۆز، هەردووکیشیان ڤایرۆسێکی کوشندەن."

Nirij 3

پڕۆژە شکستخواردووەکانی چاندن

لێکۆڵەر دکتۆر عاهد حەمامی، دەڵێت پێویستە لەسەر شارەزایانی کەشوهەوا و ژینگەی عێراقی لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەن لەسەر شیکاریکردن و لێکۆڵینەوەی دۆخی تەواوەتی گەردەلولە لمینەکان کە سەرتاسەری وڵات دەگرێتەوە، لەگەڵ هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم گەردەلولانەدا. 

هەروەها دەبێت پشت ببەسترێت بە شیکاری و لێکدانەوەی وێنەی مانگە دەستکردەکان و داتا بەرگە هەواییە دووبارەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە کاتە جیاوازکانی ساڵدا، بە تایبەتی کاتێک ئەم داتایانە بەردەستبێت بە خۆڕایی وەک ئەوەی دکتۆر دەڵێت کە لە ئەرشیفی مانگە دەستکردەکانی ئەمریکا (لاندسات Landsat) و ئەوروپا (سێنتینێل Sentinel) هەیە. 

لەگەڵ زۆربوونی یەک لە دوای یەکی گەردەلولە لمینەکان و بەهێزتربوونیاندا لە بەهاری ٢٠٢٢ دا، پارێزگاری نەینەوا نەجم جبوری لە لێدوانێکیدا لەسەر تەلەفزیۆن دڵنیایی لە داواکەی خۆی کردەوە لە ئەندازیار عەبدولستار حەبو لە شارەوانی موسڵ کە چاندنی نەمامێک یان زیاتر بسەپێنێت بەسەر هەر کەسێکدا کە ماڵێک دروست دەکات لەناو شاری موسڵدا. 

ئەم لێدوانە بە شێوەیەکی نەرێنی پێشوازی لێکرا لەلایەن شارەزایانەوە و دژی قسەکانی پارێزگاری نەینەوا وەستانەوە و ناوزەندکرا بەوەی تەنها بانگەشەیەکی ڕاگەیاندن بێت و هیچ دەرەنجامێکی کرداریی بەرجەستەیی لێناکەوێتەوە. ئەندازیاری کشتوکاڵی، جەعفەر قاسم محێدین وتی کە شتێکی باشە هاوڵاتی پابەند بکرێت بەوەی نەمام بچێنن بەڵام وتی "لە ساڵێکدا چەند ماڵ دروست دەکرێت لە موسڵدا؟"

پاشان خۆی وەڵامی خۆی دایەوە و وتی "با وای دابنێین کە لە ساڵێکدا ١٠٠٠ ماڵ دروست دەکرێت لە موسڵدا، کە ئەم ژمارەیە زۆر کەمترە لە ڕاستیدا، ئەمەش واتە ناشتنی ٢٠٠٠ نەمام، ئەگەر هەر کەسێک پابەند بکرێت بە چاندنی دوو نەمامەوە پێویستمان بە ١٠ ساڵ هەیە بۆ چاندنی ٢٠،٠٠٠ نەمام، لەکاتێکدا کشانی لم لە ڕۆژئاوا و باشوری نەینەوادا وا مەزەندە کراوە پێنج بۆ دە کیلۆمەتر بێت لە ساڵێکدا". 

هەروەها ئاماژەیدا بەوەی کە خۆی شایەتی چەندان پڕۆژەی چاندنی نەمام بووە لە موسڵ لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هەڵمەتەکانی شارەوانی موسڵ یان ڕێکخراوە خۆبەخشەکانەوە بۆ چاندنی نەمام لە شۆستەی ناوەندی شەقامە سەرەکیەکاندا. 

بەڵام پاش ماوەیەکی کەم هیچ شوێنەوارێکی ئەم نەمامانە نەماوە، وتی "یان ئەوەبووە ئاو نەدراوە یان دەستکاری کراوە لەلایەن هاوڵاتیان و شوانەوە کە مەڕەکانیان لەسەر شەقامەکانی ناوشاردا لەوەڕاندووە."

جەعفەر قاسم محێدین پێشنیاری ئەوە دەکات کارگێڕیە ناوخۆییەکانی پارێزگاکان هاوڵاتیان هان بدەن لە باخچەکانی ناوماڵیان و سەر شۆستەی ماڵەکانیاندا نەمام بچێنن لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی هاندەردا، بە داشکاندنی ٪٥ یان ١٠ ی کرێی ئاو یان کارەبا، بۆ ئەوەی هاوڵاتیەکان پابەند بن بە گرنگیدان بە نەمامەکان و پشتگوێیان نەخەن وەکو ئەوەی لایەنە حکومیەکان کردیان بەرامبەر هەزاران نەمامی چێندراو کە هیچ گەشەیان نەکرد و فەوتان. 

هەرچەندە عێراق دۆخی بەبیابانبوونی خستۆتە ناو بەشی ژمارە (١٥)ی پلانی ستراتیژی ٢٠١٥-٢٠٣٠خۆی بەڵام پاش تێپەڕبوونی حەوت ساڵ، هیچ ئاماژەدەرێک بوونی نیە کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کاری دروست و جدییان کردبێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون. 

شیکارکاران و چاودێرانی ئابوری و سیاسی دەڵێن هەرچەندە کاری لەپێشینەی تر هەیە پەیوەندیدار بە خزمەتگوزاری و تەندروستیەوە، بەڵام چارەسەرکردنی بەبیابانبوون دەبێتە هۆی بوژانەوەی کشتوکاڵ و سەرمایەی ئاژەڵی، ئەمەش دەبێتە جوڵاندنی ئابوری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەرهەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵیە هاوردەکراوەکان. 

تەنانەت ئەو دەستپێشخەریانەی هەندێک لە پارێزگاکان کردوویانە بۆ دروستکردنی پشتێنەی سەوز بۆ بەرەنگاربونەوەی کشانی لم، بەڵام هەمووی بوونە هۆی بەهەدەردانی پارەی زۆر و شکستخواردن. یەکێک لەوانە پڕۆژەکەی شاری کەربەلا بە درێژی ٧٠ کیلۆمەتر و پانی ١٠٠ مەتر بەڵام لە ٢٠١٦ ەوە تەنها ٪٥٠ ی لێ جێبەجێکراوە. 

پڕۆژەی نیشتیمانی

لە ماوەی گەڕانماندا بەدووی بەردەستبوونی پلان و پڕۆژەی نیشتیمانیی کرداریی کە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە مەترسی بەبیابانبوون جێبەجێ بکرێت، بۆمان دەرکەوت وەزیری سەرچاوە ئاویەکانی پێشوو دکتۆر حەسەن جەنابی ڕەشنوسی پڕۆژەیەکی ئامادەکردبوو بەناوی (پشتێنەی سەوزی نیشتیمانی) و باسی کردبوو لەوەی کە هێڵی یەکەمی بەرگریە لە بەرەنگاربوونەوەی کشانی لم و وەستاندنی لە ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتدا. 

وا دانراوە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ٥ هەتا١٠ ساڵی بوێت، دەبێت دابەش بکرێت بەسەر چەند قۆناغێکدا هەر لە باکوری شاری موسڵەوە تا باشوری بەسرە بە درێژایی نزیکەی ١٠٠٠ کیلۆمەتر و بە پانی ١ تا ٥ کیلۆمەتر، پێک بێت لە ڕووپۆشێکی سەوزایی لە نەمامی بەردار و بێ بەر و گژوگیا لە ژینگە گەرمەکاندا. 

دکتۆر حەسەن جەنابی وای مەزەندە کردووە کە پڕۆژەکەی پێویستی بە چاندنی ٢٠٠ ملیۆن نەمام هەیە بە تێچووی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار و سیستەمی ئاودێری جۆراوجۆر بۆ ڕووماڵکردنی تەواوی پشتێنەکە بە تێچووی ٦٠٠ ملیۆن بۆ ١،٥ ملیار دۆلار. 

هەروەها بڕی ٢٢ ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ کرێکاران و کارپێکاران و کەسانی تر و دابینکردنی کارەبا بۆ سیستەمە ئاودێریەکان. ئەمانە سەرباری تێچووی تر بۆ کردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگەی نوێ و دابینکردنی زەوی و زار و هەڵکەندنی بیر و دڵۆپاندنی ئاو. 

دابینکردنی ئەم بودجەیە لە بودجەی ئەو پارێزگایانەوە دەبێت کە پشتێنەکەی پێدا تێدەپەڕێت، هەروەها لەڕێی وەبەرهێنانی بیانی و قەرزی نێودەوڵەتیەوە، حکومەتیش دەبێت وەزارەتێکی تایبەت یان دەستەیەک دابین بکات کە کاریان سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و پەیوەندیگرتن لەگەڵ لایەنە حکومیەکان و بەستنی بەڵێننامە لەگەڵیان بێت. 

دکتۆر حەسەن باوەری وایە پڕۆژەکەی بەشێوەیەکی کرداریی دەبێتە هۆی وەستاندنی کشانی لم و ڕێگریکردن لەوەی بێتە ناو خاکی عێراق و پاراستنی زەویە بەپیتەکانی دۆڵی ڕافیدەین و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی کشتوکاڵی و وەستاندنی تێکچوونی ژینگەیی و پاراستنی هەمەچەشنێتی ئەندامی کە بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ڕووی زەویەوە لەژێر هەڕەشەدان. 

سەرباری دروستکردنی هەزاران هەلی کار بۆ هاوڵاتیانی عێراقی لە پارێزگا جیاوازەکانەوە و جوڵاندنی ئابوری نیشتیمانی و دروستکردنی دۆخێکی هاودەنگی گشتی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و بەهێزکردنی تواناکانی لێکۆڵینەوەی زانستی و پەرەپێدانی توانستەکانی بوارەکانی وزەی نوێبۆوە و ژینگە و ئەندازیاری.

هەروەها کردنەوەی هەلی وەبەرهێنان لە عێراقدا و سوود وەرگرتن لە تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی زانستی لە بواری کارکردن و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و بازارگەڕی و کارگێڕی و هەماهەنگی و هەناردەکردن، هەروەها پاراستن لە نەخۆشیەکانی گەردەلولی لمین بۆ دانیشتوان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر نەخۆشخانەکان و دەرمانخانە نیشتیمانیەکان کە دەبێتە گێڕاندنەوەی تێچووی چارەسەرکردن بۆ هاوڵاتی. 

Nirij 4

کۆکردنەوەی ئاو

پرۆفیسۆر دکتۆر مەروان موتعەب ئال سەید، پڕۆژەیەکی دانا کە بە وتەی خۆی دەتوانێت عێراق لە وشکەساڵی و بەبیابانبوون ڕزگار بکات و سەوزایی و بوژانەوە بڵاوبکاتەوە بەناو تەواوی ناوچەکەدا، دەشبێتە هۆی گۆڕانکاری جۆرایەتی کشتوکاڵ و کاردەکات لەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی و ئاوی. 

پڕۆژەکەی دکتۆر مەروان جەخت دەکاتەوە سەر دروستکردنی ٢٠٠ بەنداوی بچوک لەسەر لێواری ڕووباری دیجلە و فورات بۆ سوودوەرگرتن لە ئاوی دەریاچەکانی لە کشتوکاڵی و پیشەسازی و گەشتوگوزار و نیشتەجێکردن و کەشوهەوادا، ئەمەش دەبێتە هۆی سوودوەرگرتن لە کشتوکاڵکردن لە دەشتەکانی لافاودا کە لە چواردەوری دوو ڕووبارەکە دروست دەبن و کۆی ڕووبەرەکەیان نیو ملیۆن دۆنمە، خاکەکەی زۆر بەپیتە و ئاوی زۆرە و سەرکەوتوو دەبێت، هیواداریشە کشتوکاڵی میوە و سەوزە و گژوگیای دەرمانی لێ بکرێت. 

بەکارهێنانی ڕێگەکانی ئاودێریش و دابینکردنی ژێرخانی نیشتەجێبوون و وزەی نوێبۆوە و ڕێگەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی و فێرکاری لەم دەشتانەدا و دانانی تۆڕی ئاوی ئاوەرۆ و وێستگەکانی پاکژکردنەوەیان لە شوێنە نیشتەجێیەکانی دەشتەکانی لافاو و نزیک بەنداوەکان. 

هەروەها دانانی کارگەی تەکنۆلۆژی بچوک و گەورە بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی وەکو لەقوتوونان و وشککردنەوە و بەستن و دەرمان لەم دەشتانەدا لە نزیک بەنداوەکان. 

هەروەها پەرەپێدانی سامانی ماسی لەڕێی دانانی دەریاچەی حەوزی ماسی لەنزیک بەنداوەکان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ لە بەخێوکردن و وەبەرهێنان لە سامانی ئاژەڵی لە دەریاچەکانیدا. 

دکتۆر مەروان دەڵێت ئەم بەنداوانە دەتوانن ئاوی باراناوی عێراقیش کۆبکەنەوە، چونکە هەموو شوێنە ئاویەکانی عێراق دەڕژێنەوە ناو ڕووباری دیجلە و فورات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی" سامانی ئاویی نوێ و گەورە و بەکارنەهێنراو لەم بەنداوانەدا بەدرێژایی و پانتایی عێراق و ناڕژێتە ناو کەنداوی عەرەبیەوە، بەتایبەت لەو ساڵانەی باران زۆر دەبارێت."

هەموو ئەمانەش دەبنە زیادکردنی دەرکێشانی ئاو لەم بەنداوانەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دوو ڕووبارەکە بۆ ڕووماڵکردنی تەواوی ڕووبەری عێراق، بە ناوچەکانی جزیرە و بیابانی ڕۆژئاواشەوە، ئەمەش بە بەکارهێنانی بۆری گەورە و جیاواز بۆ ئاودێری کشتوکاڵە ستراتیژیەکانی وەکو گەنم و جۆر و گەنمەشامی و میوە و سەوزە، وەکو ئاوێکی کەمی پاکژنەکراو بۆ کشتوکاڵی پێشکەوتوو و کۆنترۆڵکراو. 

هەروەها ناردنی ئاو لە هەموو دەریاچەکانەوە لەڕێی تۆڕی بۆری گەورەوە بۆ هەموو گوند و ناحیەکانی عێراق و دانانی وێستگەی پاکژکردنەوە و تەکنۆلۆژیا بۆ مەبەستی بەکارهێنانی مرۆیی و ئاژەڵی. 

ئەمانە، بە دیدی دکتۆر مەروان دەبێتە هۆی گەورەکردنی سامانی ئاوی ژێر زەوی و باشترکردنی خاک و کەشوهەوا و لەناوبردنی شەپۆلی خۆڵبارین و گەردەلولی لمین لەڕێی چاندنی ملیۆنان نەمام و دارستان لە جزیرە و ناوچە بێ پیتەکاندا و لەناوبردنی دیاردەی بەبیابانبوون. 

پرۆفیسۆر مەروان پێی وایە کە پڕۆژەکەی شۆرشگێڕانە دەبێت و باشترە لە دروستکردنی بەنداوی گەورە کە سەدان ملیۆن دۆلار دەکەوێت لەسەر حکومەت، لەگەڵ چەندان تێچووی هاوشێوە بۆ بەگەڕخستن و دانان و بناغەکردن. هەروەها دەشبنە هۆی گۆڕانکاری لە ئاو و بەرزبونەوەی شێ و بەفێرۆدانی بڕێکی گەورەی ئاو بەهۆی بوون بە هەڵمەوە. 

سەرباری ئەوەی بەنداوی گەورە "لەژێر مەترسی بومەلەرزە و درزبردندایە، کە ئەگەری هەیە کاریگەری بکاتە سەر جەستەی بەنداوەکە و خاکی دەشتی لافاوی چواردەوری ڕووبارەکان بگۆڕێت بۆ ئاوێکی سوێری بێ کەڵک بۆ کشتوکاڵ و نقومکردنی تەواوی گوندەکان و ناچارکردنی دانیشتوانەکانیان بە چۆڵکردنیان لەکاتی دروستکردنیاندا. "

 

پڕۆژەی ئاودێری جزیرە

پلان و پێشنیارەکان هێشتا مەرەکەبی سەر کاغەزن و چاوەڕێی جێبەجێکردنن، بەڵام زۆر پڕۆژەی ستراتیژی گەورەی تر هەن لە عێراقدا، کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بڕیاری لەسەردراوە و پارەی بۆ تەرخان کراوە و بەشێکی لێ جێبەجێکراوە، بەڵام پاش ٢٠٠٣ تەنانەت هەندێک لە وڵاتان پارە و قەرزیشیاندا بۆ تەواوکردنیان، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکران. 

گرنگترینیان پڕۆژەی ئاودێری جزیرە بوو لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوادا، کە بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی ئاودێری دادەنرێت، نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا بە گشتی. 

ئەم پڕۆژەیە لە سێ بەش پێک هاتووە (باکور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا)، ئاوەکانی لە دەریاچەی پڕۆژەی بەنداوی موسڵەوە بۆ دەهێنرێت کە لەسەر ڕووباری دیجلە لە باکوری عێراق دروست کراوە (٣٥ کیلۆمەتر لە باکوری موسڵەوە) و دانرابوو ڕووبەری زیاتر لە ٧٥٠ هەزار دۆنم بگرێتەوە بۆ هەر بەشێک (دۆنم بەپێی یاسا عێراقیەکان یەکسانە بە ٢٥٠٠ مەتر دووجا). 

بە پێی وتەی بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاویەکان لە نەینەوا، قوسەی محەمەد، بەشی باکوری پڕۆژەکە کە جێبەجێکراوە ڕووبەری ناحیەی رەبیعە و قەزای تەلەعفەر لە ڕۆژئاوا و باشورەوە دەگرێتەوە، دەگاتە قەزای حەزەر و ناحیەی گەیارە لە باشوری موسڵ، لە ڕۆژهەڵاتەوە دەشتی نەینەوا ڕوومال دەکات لەگەڵ قەزای تەلکێف و حەمدانیە و ناحیەی بەعشیقە و تا باشوری ڕۆژهەڵاتی موسڵ بەرەو پارێزگای کەرکوک. 

هەروەها وتی کارکردن لە پڕۆژەکەدا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی پێکردووە و بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی دووهەمی کەنداوەوە لە ١٩٩١ و سزا نێودەوڵەتیەکان کە سەپێنرابوو بەسەر عێراقدا بۆ ماوەی ١٢ ساڵی خایاند و کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستا. 

وتیشی "ئەگەر ئەم پڕۆژەیە کاری لەسەر بکرێتەوە و تەواو بکرێت، شێوەی نەینەوا دەگۆڕێت و وشکەساڵی و بەبیابانبوون ناهێڵێت و زەویە مردووەکان دەکاتە دەشتی سەوز و سوودی ئابوری و ئاسایش و کۆمەڵایەتی و گەشتوگوزار و ژینگەی تەواوی عێراقی لێ دەکەوێتەوە". 

بە بێتاقەتیەکەوە وتی "ئەوبەشەی کە لێی تەواو کراوە هێشتا کەموکوڕی هەیە، لە ئێستاشدا بە نیوەی تواناکەیەوە کار دەکات، کە بەشی باکوری پڕۆژەکەیە". 

ئەو کارانەی تەواو کراون هێشتا کەموکوڕیەکانی تەواو نەکراون تەنانەت پاش دەستپێکردنەوەی کار تیایدا لە پاش ٢٠٠٣، دووبارە کارکردن تیایدا وەستایەوە پاش ئەوەی داعش دەستیگرت بەسەر موسڵ و شارە عێراقیەکانی تردا لە ٢٠١٤ و ٢٠١٧ و پێکدادانەکان لەو ماوەیەدا بووە هۆی زیانی گەورە بە وێستگەکان و تۆڕەکانی لقی پڕۆژەکە. 

پاش تەواوبوونی جەنگی ڕزگارکردنی موسڵ لەدەستی داعش، وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکان دەستی کردەوە بەکارکردن تیایدا بە پشتیوانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، کە لە پێشیانەوە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بەناوی فاو بۆ شیاندنەوەی بەشی یەکەمی پڕۆژەکە لە بەشی باکوریدا و ئاوی ١٠٠ هەزار دۆنمی دەدا. 

کارکردن هێشتا تیایدا بەردەوامە بۆ شیاندنەوە و بەگەڕخستنەوەی هەنگاوی دووهەمی هەمان بەش بە ڕووبەری ١٠٠ هەزار دۆنم، بەڕێوەبەر قوسەی باوەڕی وایە لە ساڵی ٢٠٢٣ تەواو ببیت، ئاماژەیدا بەوەی هەنگاوی سێهەم ڕووبەری ٤٠ هەزار دۆنم ڕووماڵ دەکات و ڕاستەوخۆ پاش تەواوبوونی هەنگاوی دووهەم دەستی پێدەکرێت. 

بەشی ڕۆژهەڵات

بەپێی پێشبینیەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکان، بەشی ڕۆژهەڵاتی پڕۆژەکە لەوانەیە لەنیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا دەستی پێبکرێت.

ئەندازیاری سەر پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ئاودێری جەزیرە، خالید حەسۆ وتی ئاوی پڕۆژەکە لە دەریاچەی بەنداوی موسڵەوە لە باکوردا دێت و ڕووماڵی ٢٥٠ هەزار دۆنم دەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی دەشتی نەینەوا (تەلکێف، بەعشیقە، حەمدانیە، بەرتەلە، نەمرود) و بە گوندی عەدلە لەنزیک ناوچەی زاب لە باشوری ڕۆژهەڵاتی موسڵدا تەواو دەبێت. 

بە درێژایی ٨٢ کیلۆمەتر "لەو زەویانەدا کە بە زۆرباش و نایاب پۆلێن کراون، واتە بەرهەمی کشتوکاڵییان زۆر بەرزە". 

وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩ دا بەڵێننامەیەکی واژۆ کرد لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکیدا بۆ جێبەجێکردنی بەشی ڕۆژهەڵاتی پڕۆژەی ئاودێری جەزیرە، بەڵام کارکردن تیایدا وەستا بەهۆی ئەوەی داعش دەستیگرت بەسەر ناوچەکەدا لە ٢٠١٤ دا و هیچ هەنگاوێکی لێ جێبەجێ نەکرا. 

خالید حەسۆ دەڵێت تەواوکردنی ئەم بەشەی پڕۆژەی ئاودێری جەزیرە پشتی بە دابینکردنی بودجە بەستووە، ئەگەر بڕی تەواوی بودجە دابنرێت بۆ هەموو تێچووەکانی، خالید پێی وایە لە ماوەی ٥ بۆ ٦ ساڵدا تەواو ببێت. خالید گرنگیی ئەم پڕۆژەیەی دووپات کردەوە چونکە وادەکات ناوچەی موسڵ ببێتە ناوچەیەکی کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری و هەزاران هەلی کار دابین دەکات لەماوەی کارکردن لەسەر بەشەکە و پاش تەواوبوونیشی. 

هەوڵماندا وەڵامی زۆر لە پرسیارەکان بدەینەوە لەسەر بەشی باشوری پڕۆژەی ئاودێری جەزیرە کە گرنگترین بەشی پڕۆژەکەیە، چونکە ئەگەر ئەم بەشە تەواو ببێت قەزای بەعاج و حەزەر و ناحیەی تەل عەبتە (کە دەکەونە ڕۆژئاوا و باشوری نەینەواوە) لە بەبیابانبوون ڕزگار دەکات. 

چونکە ڕێدەگرێت لە کشانی لم بە تەواوەتی و ڕێدەگرێت لە گەردەلولە لمینەکان و پێویستیەکانی وڵات بۆ دانەوێڵە (گەنم و جۆ) دابین دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی دانەوێڵە و زۆرێک لە جۆرەکانی سەوزە و میوە، بەپێی وتەی فەرمانبەرانی کشتوکاڵی نەینەوا. 

بەڵام ئێمە هیچ دیزاینێکمان نەدۆزیەوە دانرابێت بۆئەم بەشە، ئەوەی هەیە تەنها قسەیە کە جاروبار لەسەری دەکرێت لە وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکاندا، بەبێ هیچ کارێکی کرداریی چونکە هیچ بڕە بودجەیەکی بۆ دانەنراوە. 

بەڵام فەرمانبەرێکی وەزارەت کە داوایکرد ناوی بپارێزین، وتی ئەم بەشە لە لەپێشینە بووە بۆ وەزارەتەکەی، دەبوو هەندێک لە هەنگاوەکانی لێ تەواو بکرایە (وێستگەی ئاوناردن و بەرهەمهێنان و کەناڵی ناردن) بە بودجەی قەرزێکی یابانی پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنێک بۆ ئەم مەبەستە لە ٢٠٠٩ دا. 

کۆتا شت کە لەسەر ئەم پڕۆژەیە ڕوویدا ئەوەبوو راوێژکارێکی یابانی بەناوی سانیۆ هەستا بە نوێکردنەوەی سوودی ئابوری و کۆبونەوەکان و گفتوگۆکان لەنێوان وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکان و کشتوکاڵ و پلانداناندا بۆ پلاندانان بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدرا بۆ دانانی دیزاینی تایبەت بە پڕۆژەکە، بەڵام ئەمەش ڕووینەدا بەهۆی ڕووداوە ئەمنییەکانی نەینەوا و دەستگرتنی داعش بەسەر موسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤ دا. 

لەناو شوقەکەیدا لە ساڵحیە لە بەغدای پایتەخت، شێخ عاید حەمود (٧٢ ساڵ) بە خۆبەخشی خۆی کەرەنتین کردووە بەهۆی تەنگەنەفەسی درێژخایەنەوە. ئەگەر لەماوەی گەردەلولی تۆز و خۆڵ بێتە دەر ئەم نەخۆشیە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ژیانی. شێخ عاید دەڵێت "بەبیابانبوون ناچاری کردم واز لە کشتوکاڵکردن لە زەویەکانی باووباپیرانم بێنم لە نەینەوا، پاشان تیرۆریستان ناچاریان کردم پارێزگاکە بەجێبێڵم. ئێستاش بەهۆی تەپوتۆزەوە بەندم لێرەدا وەک بەندیخانە."

نووسەران: سەیف ئەلعوبەیدی و تیمی لێکۆڵینەوەی نەینەوا

ڕێکخراو: NIRIJ - تۆڕی پەیامنێرانی عێراقی بۆ ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە

Link: https://nirij.org/en/2023/01/07/projects-on-paper-iraq-unable-to-cope-with-300-days-of-dust-annually/

Aug 21, 2024

Other Articles