رسە ژینگەییەکان

خۆگونجاندن لە سێبەری بیرێکی نەوتدا: گۆڕانی کەشوهەوا و عەرەبی تاڵاوەکان

Achref Chibani
ئەم وتارە لێکۆڵینەوەیە دەربارەی چۆنییەتی کاریگەری کەرتی نەوت لەسەر کۆمەڵگای عەرەبی تاڵاوەکان و داهاتووی ئیکۆسیستەمە زیانلێکەوتووەکانی.
Iraqi and Foreign tourists discover the Arab Marshes

حەسنە، یان وەک ئەوەی لە ئاستی ناوخۆدا، بە ئوم شەهید ناسراوە، دوای وشکەساڵییە سەختە یەک لە دوای یەکەکانی سەر تاڵاوەکانی حەویزە لە باشووری عێراق، ڕووبەڕووی دۆخێکی دارایی ناجێگیر دەبێتەوە. وشکەساڵی سەخت وای لە هاوسەرەکەی، ئەبو شەهید، کردووە دەستبەرداری پیشە تەقلیدییەکەی خۆی ببێت کە ماسیگرتنە لە ئاوی سازگار، ئەم پیشەیە پێشتر پێداویستی خێزانەکەی بۆ دابینکردبوو، و ئێستا ڕووی لە کاری کشتوکاڵی کردووە. ئەبو شەهد پارچە زەوییەکی لە نزیک ماڵەکەی هەیە کە گەنمی تێدا دەچێنێت و بە دەوڵەتی عێراق دەیفرۆشێت. بەڵام فراوانبوونی ئەم دواییەی کارەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ناوچەکەدا بووە هۆی پێشێلکردنی زەوییەکانی ئەبو شەهید، کە بەهۆیەوە هەندێک قەرەبووی ڕەمزی وەرگرتووە.

Fishing in Iraq

ئوم شەهید، کە تەمەنی ٤١ ساڵە، لە درێژەی قسەکانیدا بۆ "ئەوڕاق" ئاماژەی بەوەدا "کۆمپانیاکانی نەوت پاشماوە لە نزیک ماڵەکەمان فڕێدەدەن و دەیسووتێنن، بەبێ ئەوەی حکومەتی عێراقی هیچ قسەیەک بکات، و بێ گوێدانە ژیانی خەڵکەکەی" ئاماژەی بەوەشکرد، "کارەبای کۆمپانیاکان هەرگیز نابڕدرێت، لەکاتێکدا کارەبای ئێمە جێی متمانە نییە. کاتێک داوای کەمترین یەکسانی دەکەین بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت دەکرێین."

خێزانی ئوم شەهید لە نزیک کێڵگەی نەوتی حەلفایە دەژین، کە کێڵگەیەکی نەوتی قورسە و لەلایەن کۆمپانیایەکی فرەنەتەوەیی بەڕێوەدەبرێت. دوکەڵی کێڵگەکە ماڵی خێزانەکەی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی کچە جمکەکان لە کاتی لەدایکبووندا تووشی شێواوی دڵ ببن. ژیانی هەردوو کچەکە دوای هەشت مانگ کۆتایی هات. کچە گەورەکەی ئوم شەهید کە تەمەنی پانزە ساڵە، تووشی گرێی لە پەنکریاسیدا هەبوو کە لە تورکیا دوای کۆکردنەوەی هاوکاری لە کۆمەڵگای ناوچەکە، لابرا. بەڵام خراپبوونی تەندروستی بەردەوامە و خێزانەکەی ناچار کردووە بەردەوام سەفەر بۆ نەخۆشخانە جیاوازەکان لە سەرانسەری عێراقدا بکەن. 

A woman works on manufacturing reeds

ئەو فشارە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییە فرەییانەی کە خێزانی ئوم شەهید ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە نێو کۆمەڵگای تاڵاوەکانی عەرەبی باشووری عێراقدا نامۆ نین. بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سەددام حوسێندا کەوتنە ژێر چەوسانەوە، ناوچەکە مێژووی کۆچکردنی بۆ دەرەوە هەیە کە ژمارەی دانیشتوانی عەرەبی تاڵاوەکان لە نزیکەی نیو ملیۆن لە ساڵانی ١٩٥٠ بۆ نزیکەی ٤٠٠٠٠ لە سەرەتای سەدەی ٢١ەکەم کەمیکردووە. باس لەوە کراوە کە سیاسەتەکانی ڕژێمی سەددام حوسێن بۆ ئاوەڕۆ و لەناوبردنی تاڵاوەکان یەکسانە بە ئیکۆکوژی، وە لەناوبردنی ژینگەی سروشتی وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن کە دژی دانیشتوانی ناوچەکە بەکاریهێناوە.

لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، هەوڵی گەڕاندنەوەی تاڵاوەکان و بژێوی دانیشتوانەکەی هەبوو، لە کاتێکدا ڕەنگە سەرکوتکردنی ئاشکرای سەردەمی سەددام حوسێن کۆتایی هاتبێت، خەڵکەکە ڕووبەڕووی فشاری نوێ دەبێتەوە. جێگای سەرنجە، وەک قسەکانی ئوم شەهید دەیسەلمێنن، عەرەبی تاڵاوەکان ڕووبەڕووی ئەو فشارانە دەبنەوە کە پەیوەندیدارن بە گۆڕانی کەشوهەوا، کارەکانی کۆمپانیا نەوتییە فرەنەتەوەییەکان و دەوڵەتێکی بێباک (و بێدەنگ). بۆ بنەماڵەی ئوم شەهید، ئەم فشارانە وەک داواکاری بەردەوام بۆ کۆچکردن ئەزموون دەکران، چ بۆ دامەزراندن، تەندروستی، خۆشگوزەرانی یان ئاسایش. لەڕاستیدا پێدەچێت ئەگەری ئەوە هەبێت کە گۆڕانی کەشوهەوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بکاتە شوێنێکی گەرم بۆ کۆچکردن بەهۆی ئەم هۆکارە.

کەواتە ئەو جۆرە سیاسەتانە چین کە ڕەنگە ڕێگا بە عەرەبی تاڵاوەکان بدەن لەسەر تاڵاوەکان بمێننەوە و ڕێگری لە کۆچی کەشوهەوا و ئابووری بەکۆمەڵ و بکەن؟ چالاکوانی ژینگەپارێزی عێراق، جاسم ئەسەدی، کە لە ئەنجامی کارەکانی لە ژینگەپارێزیدا بەم دواییە ڕفێندرا و ئەشکەنجەدرا، لەگەڵ "ئەوڕاق" باسی لەوە کرد کە چ دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی دۆخی کۆمەڵگای تاڵاوەکان کە بەدڕەفتارییان بەرانبەر کراوە. ئەسەدی بۆ "ئەوڕاق" ئاماژەی بەوەدا "بۆ ئەوەی یارمەتی عەرەبی تاڵاوەکان بدرێت، دەبێت بەخێوکەرانی گامێش بە ئالیکی تێچووی کەم، ئاوی خواردنەوە و ژێرخانی (قوتابخانەکان و کلینیکەکانی تەندروستی) پشتگیری بکرێن."  ئەسەدی لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی "پێشکەوتن لە باری ژیاندا ڕەنگە لە ڕێگای پشتگیریکردن لە پیشەسازی شیر و پەنیرەوە بێت، کە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ بژێوی زۆرێک لە جوتیاران، فراوانکردنی کەناڵە ئاوییەکان کە گوندەکانی تاڵاوەکان بە ناوچەی دراوسێکانییەوە دەبەستنەوە، و دابینکردنی کەمترین ئاستی ئاو بۆ پاراستنی جۆراوجۆری ئیکۆلۆژی." زیادکردن بۆ پێشنییارەکانی ئەسەدی، پەروەردەی مەدەنی و ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتەکانی ژینگەیی و بەردەوامیدا دەبێتە هۆی باشترکردنی زانیاری کۆمەڵگا ناوخۆییەکان لەسەر مافە ژینگەیی و ئابوورییەکانیان، لە هەمان کاتدا بەردەوامیی ئیکۆلۆژی تاڵاوەکانیش باشتر دەکات.

Marsh Arabs

تاڵاوەکان ئیکۆسیستەمێکی ئاڵۆزە کە هۆکارە مرۆیی، ژینگەیی و ئیکۆلۆژییەکان تێکەڵ دەکات. لە کاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا ڕەنگە ببێتە هۆی نەگەڕانەوەی ئەو هاوسەنگییەی کە پێش ئەنترۆپۆسین هەبوو، بەڵام ڕەنگە بتوانرێت پەیوەندییە نوێیەکانی مرۆڤ و ژینگە کە سوودی هاوبەشیان هەبێت پەرەیپێبسێندرێت. لە ساڵانی ڕابردوودا، گرووپەکانی وەک تۆڕی داکۆکیکار لە مارشەکان، حومات دیجلە (پارێزەرانی دیجلە) و حومات ئەل-فورات (پارێزەرانی فورات) ڕێ نیشاندەر بوون کە چۆن چالاکوانە ناوخۆییەکان،  تۆڕەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕەنگە لە دەوری پرسە ژینگەییەکان کۆببنەوە. ئەم هەڵمەتانە بوونەتە هۆی هاندانی گفتوگۆی گشتی، دەستپێشخەری ناوخۆیی و هەڵمەتی خۆبەخشانە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک دەربارەی دەگمەنی ئاو بەدرێژایی هەردوو ڕووبارەکە. ئەم جۆرە گرووپانە یارمەتیدەربوون لە پەرەپێدانی ستراتیژییەکانی کەمکردنەوە و گونجاندن، کە ڕەچاوی پێداویستی کۆمەڵگا ناوخۆییەکان و بەشداری لەگەڵ نەبوونی ئاسایشی ئاو لە ئاستی ناوخۆییدا دەکەن.

ئەگەر خێزانەکانی وەک خێزانەکەی ئوم شەهید لە تاڵاوەکانی باشووری عێراقدا بمێننەوە، زۆر گرنگە چەند سیاسەتێک جێبەجێ بکرێن کە هەستیار بن بەرامبەر بە یەکتربڕینی نەبوونی ئاسایشی ژینگەیی و ئابووریی لە ناوچەکەدا. عەرەبی تاڵاوەکان دووچاری  لاوازی ژینگەیی دەبن بەهۆی بێدەسەڵاتی مێژووی سیاسی و ئابوورییانەوە. بۆیە سیاسەتەکانی کەمکردنەوە و گونجاندن دەبێت لە ڕێگای پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵگا ناوخۆییەکان و بەهێزکردنیان دەست پێبکەن. تەنیا ئەو کاتە دەکرێ سیاسەتی کاریگەر جێبەجێ بکرێت کە کەسانی وەک ئوم شەهید بەو ئامرازانە بەهێز بکرێن کە ڕێگایان پێدەدات سەرەڕای گۆڕانی کەشوهەوا بژێوییەکی شکۆمەندانە پەیدابکەن.

ئەم ناوەڕۆکە بەپێی مۆڵەتی Creative Commons CC BY-NC 4.0 مۆڵەتی پێدراوە.

Oct 31, 2024

Other Articles