کەلەپور و پاراستن

پیشە و کاری دەستی لە موسڵ

Achref Chibani
نووسەر: ڕێکخراوی میراتی موسڵ

مێژووی دەوڵەمەندی پیشەسازی و پیشە دەستییەکان لە شاری کۆنی موسڵ بدۆزەوە.
Al baroud khana in Mosul

مێژوو

موسڵی کۆن ناوەندی بازرگانی و پیشە دەستییەکان بوو بە جۆرێک پەرەی سەندبوو داواکارییە ناوخۆییەکانی دابیندەکرد و ڕۆڵێکی سەرەکی لە بازرگانی ناوچەکە دەگێڕا. بەم شێوەیەش بازاڕی شارەکە فراوانتر بوو تاوەکو بتوانێت گەشەی بارزگانی و پیشە دەستییەکان لە خۆ بگرێت، بەم جۆرەش بووە شوێنێکی گرنگی موسڵ. لە بازاڕەکە، هەر بازرگانییەک بە جیا شوێنێکی دیاریکراوی بۆ تەرخانکرابوو و بە پێی تایبەتمەندییەکەی ناوی لێنرابوو. بەم شێوەیە لە موسڵی کۆن سووق ئەل سەفاڕین ( بازاڕی مسگەران)، سووق ئەل سییاغ (بازاڕی زێڕنگران)، سووق ئەل قەوازین (بازاڕی کۆفەسازان) و سووق ئەل حەدادین (بازاڕی ئاسنگەران) هەبوو. ئەم سووقانە (بازاڕانە) شوێنی بەرهەم هینان و لە هەمان کاتیشدا شوێنی فرۆشتنی کەلوپەلەکان بوون. هەر پیشەیەک بریتی بوو لە پێکهاتەیێکی ڕێکخراوەیی پلەبەندی و لە لایەن سەرۆکێکەوە بەڕێوەدەبرا و لە دوای ئەو وەستا، پاشان شاگرد و کرێکارەکان دەهاتن. لێهاتوویی لە هەر پیشەیەک و بازرگانییەکدا بۆماوەیی بوو و لە خێزانێکەوە بۆ نەوەکان بە جێدەمایەوە بە ڕادەیەک هەر دوکانێک پەوەیوەست بوو بە خێزانێکی دیاریکراو. 

مێژوونووسان ئاماژەیان بەوە کردووە ئەم ئاستە پێشکەوتووەی کاری دەستی لە موسڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕست، بە تایبەتیش پەیوەندی بە مسگەری و پیشەسازی قوماش هەبووە. لە ڕووی مێژووییەوە نزیکەی 15 جۆر بازرگانی لە موسڵ هەبووە، بەڵام ئێستا چەند ژمارەیەکی کەمیان ماونەتەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی تەکنەلۆژیا کە پەرەی بە تۆماتیککردن، مەکینەکردن و ستانداردکردن داوە، ئەمانەش هەموو لەسەر حیسابی کاڵای کاری دەستی. دەرئەنجامی ئەم پڕۆسەیەش پەسەندکردنی ماددەی جێگرەوە بوو وەکو پەسەندکردنی ئەلەمنێۆم بەسەر مسدا. زیاتر لەوەش، گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا وای کردووە کاڵا و کەلوپەلی تایبەت بە نەریت، وەک بەرهەم هێنانی زین، وەلاوە بنرێن. 

سەفاڕ (مسگەر)

سەفاڕ ناوی پیشەگەرێکی لێهاتووە لە مسکاریدا. ئەم بازرگانییە یەکێکە لە بازرگانییە سەرەکییەکانی موسڵ و بە زۆری مس لە دروستکردنی قاپ و قاچاخ بە کاردێ. لە ڕاستیدا، وشەی سەفاڕ، لە وشەی ئەسفەڕ وەرگیراوە کە بە واتای ڕەنگی زەرد دێت لە زمانی عەرەبی. بازرگانی سەفاڕ پەیوەستە بە موسڵەوە لەوەتەی سەردەمی ئاشووری و بابلییەکانەوە بە تایبەتیش لە ماوەی سەدەی 12 یەم وەکو ویلایەتی ئەتابەگ و لە سەدەی 19 یەم لە ژێر حوکمی ئیمپڕاتۆڕییەتی عوسمانی بە هێز بووە. سووق ئەل سەفاڕین (بازاڕی مسگەرەکان)  بازاڕێکی تایبەت بەم پیشەیەیە لە موسڵ. 

ئەو کەلوپەلە مسانەی لە موسڵەوەن بەوە ناسراون بە شێوەیێکی ناوازە بە زێڕ و زیو نەخشێندراون، نەخشاندن و چەسپاندنی پارچەی زێڕ و زیویش لە ڕێگەی پرۆسەیەکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت و پێی دەوترێت تەکفیت. ئەم نەخش و هەڵکۆڵینانەش بریتین لە مرۆڤ، ڕووەک و ئاژەڵ هەروەها دەقی نووسراویشی لە خۆگرتووە. کەلوپەلی مس لە موسڵ جێگای شانازی دانیشتوانەکەی بوو، تەنانەت لە نێوان پاشاکانیش دەکرایە دیاری. 

وەکو ناوەندێکی بازرگانی، موسڵ لێهاتوویی پیشەی سەفاڕی (مسگەری) هەناردەی شارە گەورەکانی تری ناوچەکە کرد  لەوانەش قاهیرە و دیمەشق. کەلوپەلی مس هەم بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و هەمیش بۆ هەناردەکردن بۆ هیندستان و ئەوروپا بەرهەم دەهێنرا. هەرچەندە لە ئێستا پیشەی سەفاڕ لە ژێر هەڕەشەیە بە هۆی هاورەدەکردنی کەلوپەلی ئەلەمنیێۆمەوە کە وایکردووە خواست لەسەر مسکاری کەمبێتەوە.

سەیاغ (زێڕنگەر)

بەرهەمهێنانی زێڕ و زیو لە موسڵ لەلایەن سەیاغ (زێڕنگەر)ەوە ئەنجام دەدرێت. لە ساڵی ١٥٩٠ بازاڕێکی تایبەت بە زێڕنگەری بە ناوی سووق ئەلسەیاغ لە موسڵ لە لایەن عوسمانییەکانەوە دامەزرا. لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، بازاڕەکە لە ٨٤ دوکان پێکهاتبوو. هاوشێوەی پیشە دەستییەکانی دیکە، لێهاتوویی لە پیشەی زێڕنگری لە ڕێگەی خێزانەکانەوە دەگوازرایەوە. ئەمەش بە ئامادەکردنی قاڵب بۆ زێڕەکە و دواتر بە قاڵبکردن و شێوەدان پێی بە بەکارهێنانی ئامێری جۆراوجۆر. ئەمڕۆ سەیاغەکانی موسڵ  ئامێری پێشکەوتوو بۆ ئەم پرۆسەیە بەکاردەهێنن. یەکێک لەو خێزانە بەناوبانگانەی موسڵ کە پەیوەندییان بە زێڕنگەرییەوە هەبوو خێزانی خەڕوفەیە، باوکسالاری ئەم خێزانە ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا پاراست ئەویش بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دابینکردنی بەهایێکی دادپەروەرانە بۆ زێڕ.

حەداد (ئاسنگەر)

حەداد (ئاسنگەر) ئەو پیشەگەرەیە کە کار لەسەر دروستکردنی ئامێری کشتوکاڵی پۆڵاین دەکات، لەوانەش زنجیر، داس، خاکەناس و قازمە، ئەویش بە گەرمکردنی ئاسن لە کورەدا و دواتر بە تووندی بە چەکوچ لێی دەدات و پاشان بە پێی پێویست  شێوەی پێدەدات. هەروەها کاری ئاسنگەری دروستکردنی چەقۆ بۆ بەکارهێنانی ناوماڵ و چوارچێوەی دەرگا و پەنجەرەش لە خۆی دەگرێتەوە

ئەم ناوەڕۆکە بەگوێرەی مۆڵەتی پرۆشەی داهێنانکارانە ڕێپێدراوە  CC BY-NC 4.0. 

 

Jun 19, 2024

Other Articles