کتێبخانەی مەزنی ئاشوربانیپاڵ
ئاشوربانیپاڵ کە حاکمی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری بوو لە نێوان ٦٦٩-٦٣١ ساڵ پێش زاییندا، وەکو هەموو پادشا ئاشوریەکانی تر بەرزەخواز بوو و دەیویست کتێبخانەیەك دروست بکات هەموو زانیاریەکانی تێدا کۆبکرێتەوە. "کتێبخانەی ئاشوربانیپاڵ" ناوێکە نرا لە نزیکەی ٣٠،٠٠٠ تاتەقوڕینەی بزماری، کە لە شاری نەینەوادا دەرهێنرابونەوە کە کاتی خۆی پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری بووە. هەرچەندە لە کەوتنی ئیمراتۆریەتی ئاشوریدا، نەینەوا ئا گڕی تێبەردرا، بەڵام ئەم تاتەقوڕینانە بەهێزتر و پتەوتر بوون [بەهۆی ئاگرەکەوە] و زانیاریەکانی شارستانێتی عێراقی کۆنیان پاراست تا لە دوای چەندان سەدەی تر هەڵبدرێنەوە و لەلایەن شوێنەوارناسانەوە دووبارە بدۆزرێنەوە. کتێبخانەکە لە زنجیرەیەک کاری هەڵدانەوەی شوێنەوارناسیدا دەرهێنرا لە نێوان ساڵانی ١٨٤٠ تا ١٩٣٠ زایینی، ئەم کارە بە یەکێك لە گرنگترین کاری دۆزینەوەی شوێنەواریەکان دادەنرێت چونکە هەزاران تۆماری بزماریی شارستانێتی دێرینی لەخۆ گرتبوو.
باوکی ئاشوربانیپاڵ عەوداڵی پەروەردەکردن و خوێندەوارکردنی ئەم شازادە لاوەی بوو تا ئاشوربانیپاڵ زانیاری گرنگی بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستبکەوێت بۆ بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆریەتەکە. زانستی ئاشوری تێگەشتن لە ویستی خوداوەندەکانی کردبووە کاری لەپێشینە، ئەمەش وایکرد کتێبخانەکە جەخت بکاتەوە سەر ئەو دەقانەی لێکدانەوەی پێشبینیی و مژدەکان دەکەن لەلایەن خوداوەندەکانەوە. جیاواز لە پادشاکانی تر، ئاشوربانیپاڵ دەیتوانی بخوێنێتەوە و بنوسێت، زۆری حەز بە شانازی کردن بە توانا نوسینەکانیەوە دەکرد. ئەم پادشایە بەدووی هەموو زانیاریەکانی جیهانەوە بوو دەیویست وێنەیەك لە هەموو کتێبێك کۆبکاتەوە. لەبەر ئەمە یەکەم کتێبخانەی پۆلێنکراو و ڕێکخراوی لە جیهاندا دروست کرد. باوەر وایە کتێبخانەکەی ئاشوربانیپاڵ سەدان و هەزاران تاتەقوڕینەی بزماری لەخۆ گرتبێت، بەڵام تەنها ٣٠،٠٠٠ تاتەقوڕینە تا ئێستا دەرهێنراون کە لە ئێستادا لە مۆزەخانەی بەریتانین. تاتەقوڕینەکان چەندان نوسراوی چڕوپڕ و دەوڵەمەند بە بابەتی ئاینی و پزیشکی و بیرکاری و بەڵگەنامەی یاسایی و مێژووی و وێژەیی و بابەتی ئەفسانەیی و داستانەکانی حیماسی لەخۆگرتبوو. داستانی گەلگامێش کە کارێکی وێژەیی بەناوبانگە یەکێك بوو لە داستانە دۆزراوەکانی ناو تاتەقوڕینەکانی کتێبخانەکە.
پێش هەڵدانەوەی کتێبخانەکە لەژێر خاک، زانیاری مێژوونوسان لەسەر ئاشور بە گشتی لە باسەکانی ناو ئینجیل و مێژوونوسە کلاسیکیەکانەوە وەرگیرابوو. بەلام لەپاش دۆزینەوەی ئەم کتێبخانەیە، گەنجینەیەك لە هەزاران دەقی بزماری دۆزرانەوە، ئەمە تیشکێکی کردە سەر باسی ئاشوریەکان لە نوسین و وشەی خۆیانەوە. لەناو ئەم دەقانەدا، مێژوونوسان زانیاریان وەرگرت لەسەر فیتنە و نهێنیەکانی کۆشکی پادشایی و راپۆرتی زانیاری نهێنی هەواڵگری و وردەکاری ئایینی و سروودەکان و نزاکان و ڕێنمایی پزیشکی و نوسراوی چڕوپڕ لەسەر کارەکانی پادشا.
هەرچەندە چەندان تاتەقوڕینە لە چەندان ناوچەی عێراقدا دۆزراونەتەوە پاش دۆزینەوەی کتێبخانەکە، بەڵام هێشتا تاتەقوڕینەکانی ئاشوربانیپاڵ بە سەرچاوەی سەرەکی زانیاریەکان دادەنرێت، چونکە زانیاری گەورە و چروپڕ لەسەر نوسینی عێراقی دێرین بەردەست دەخات لەو سەردەمەدا. بژاردەیەک لە تاتەقوڕینەکانی کتێبخانەکە ئێستا لە نمایشدایە لە مۆزەخانەی بەریتانی و دەتوانرێت لە ئینتەرنێتدا لەسەر Google Street View ببینرێت. هەندێك لە تاتەقوڕینەکانی کتێبخانەکە وەکو بەشێك لە پێشانگەی I am Ashurbanipal: king of the world, king of Assyria (من ئاشوربانیپاڵم: پادشای جیهان، پادشای ئاشور) لە مۆزەخانەی بەریتانی لە نمایشدابوون.
ئەم ناوەڕۆکە بەگوێرەی مۆڵەتی پرۆشەی داهێنانکارانە ڕێپێدراوە CC BY-NC 4.0.