سیستەمی حوکمڕانی عێراق

لە دوای ئەنجامەکانی جەنگی جیهانی دووەمەوە تا دەگاتە حوکمڕانی شا فەیسەڵی دووەم و لەناوچوونی پاشایەتی (١٩٤٥ - ١٩٥٨ )

Fatimah Oleiwi
المؤلفة: هيلا مويس

ساڵانی دوای جەنگ بەوە ناسران کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوو بە هێزێکی ئایدیۆلۆژیکە تا دەهات بەهێزتر دەبوو لە ناوچەکەدا. ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق بوو، کە بووە هۆی ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨.
X

کەمێک پێش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، لە ٢٢ی ئازاری ١٩٤٥، کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی لە قاهیرە پێکهێنرا وعێراق یەکێک بوو لە شەش ئەندامی دامەزرێنەر.  لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، بە هەمان شێوە لە وڵاتانی تردا، پێویستیی دەسپێکێکی نوێ لە عێراقدا زاڵ بوو. لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥، بریکاری شا فەیسەلی دووەم کۆتایی هاتنی یاسای سەربازی، ئازادی سیاسی زیاتر، وەرگرتنەوەی پارتە سیاسییەکان، هەڵگرتنی سانسۆری ڕۆژنامەگەری، ڕێوشوێنەکانی باشترکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، چاکسازی ئابووری و دەرگایەکی کراوە بۆ نەوەی گەنج، بەتایبەتی لە بواری سەربازیدا ڕاگەیاند، بەم شێوەیە یاسای سەپێنراو لەلایەن بەریتانیاوە پێچەوانە بووەوە، ڕاستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەم.   لە ساڵی ١٩٤٧ بانکی ناوەندی عێراق دامەزرا. 

 

بە پێچەوانەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، نووری سەعید گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ ئینگلیزەکان کرد و لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٨ پەیماننامەیەکی نوێی ئەنگلۆ-عێراقی، پەیمانی پۆرتسمۆس، واژۆکرا کە تا ساڵی ١٩٧٣ (لەجیاتی ساڵی ١٩٥٨) پێگەی ئیمتیازی بەریتانیای کۆدکرد.  خۆپیشاندانێکی جەماوەری لێکەوتەوە کە بە ڕاپەڕینی ئەلوەسەبە (بازدانەکە) ناسراوە.   بۆ یەکەمجار خەڵک خۆیان ڕپەڕین. خوێندکاران لە پێشەوە، کرێکاران و دانیشتوانی هەژاری بەغدا ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە پەیمانی پۆرتسمۆس و لە تێکچوونی بارودۆخی ژیان: وەک هەژاری، کەمتەرخەمی، چاوچنۆکی و نادادپەروەری. خۆپیشاندانەکە بە خوێناوی سەرکوت کرا، بەڵام پەیمانی پۆرتسمۆس هەڵوەشایەوە. 

 

بەهۆی زیادبوونی گەورەی ڕۆیاڵتی نەوت بۆ دەوڵەت، دەستەی گەشەپێدانی عێراق دامەزرا کە لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٥٨ لە کارکردندا بوو. لە ساڵی ١٩٥٢ نووری سەعید دانوستانێکی لەسەر ڕێکەوتنی دابەشکردنی قازانجی پەنجا بە پەنجای لە نێوان حکومەت و کۆمپانیای نەوتی عێراقی (IPC) کرد.   حکومەتی عێراق ٧٠٪ی داهاتی نەوتی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازییە جیاوازەکان تەرخان کردبوو، کە بریتی بوو لە دامەزراندنی پیشەسازی، باشترکردنی زەوی، ئاودێری ئاو، ئاوەڕۆ و عەمبارکردن، پەیوەندی ئاسمانی، ڕێگاوبان، پرد، بەندەر و فڕۆکەخانە هەروەها دروستکردنی باڵەخانەی گشتی و خانوو بۆ خەڵکانی کەم داهات.  کارەکانی دەستەی کارگێڕی ڕەخنەی زۆری لێ گیرا، چونکە پڕۆژە شکۆدارەکانی خستە پێش پێداویستییەکانی خەڵک، کە پیشەسازیی زۆرەملێ، چڕکردنەوەی وەبەرهێنان لە ناوەندی شارە گەورەکان، پلانە ئاودێرییە بێسوودەکان و وەرگرتنەوەی زەوی بێ سنووری لەخۆگرتبوو.  ئابووریناسی بەریتانیی لۆرد سالتەر، لە ڕاپۆرتەکەیدا "پلانی کار" کە لە بەهاری ساڵی ١٩٥٥ پێشکەشی دەستەی گەشەپێدانی کردبوو، ئامۆژگاری دەستەی کارگێڕی کرد، سەرچاوەی زۆر زیاتر لە بواری نیشتەجێبوون، تەندروستی، سیستەمی ئاوی پاک و پەروەردەدا خەرج بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێی بۆ بەشێکی فراوانتری دانیشتوان سوود بهێنن. هەرچەندە ڕاسپاردەکانی لانیکەم لە پلانەکەدا جێبەجێ کران، بەڵام خەرجییە ڕاستەقینەکان سەلماندیان کەمترە لەوەی کە پلانی بۆ دانرابوو. خۆشگوزەرانی تەنها بۆ گرووپێکی دەستەبژێژ سەرکردەکانی حکومەت بوو. هێشتا خەڵک لە ژێرخراپی بارودۆخی ژیاندا دایانناڵاند. 

 

 

لە ٢ی ئایاری ١٩٥٣ شا فەیسەڵی دووەم گەیشتە تەمەنی یاسایی حوکمڕانی و لەسەر تەختی پاشایەتی دانرا.  ئەو زیاتر هونەردۆست بوو نەک سیاسەتمەدار. جگە لە دابینکردنی خوێندنی هونەری و سکۆلەرشیپ لە ساڵانی ١٩٣٠یەکان، بۆ یەکەمجار هونەرمەندان لە شوباتی ١٩٥٦ بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە ناسێنران، بە میوانداریکردنی یەکەمین پێشانگای تۆکمەی هونەری عێراقی لە یانەی مەنسوور لە بەغدا لە ژێر چاودێری شاهانەدا دواتر هەر لەو ساڵەدا کۆمەڵەی هونەرمەندانی عێراق کە شا فەیسەڵی دووەم وەک ئەندامی دامەزرێنەربوو، دەستیپێکرد.  شا فەیسەڵی دووەم دیدێکی یوتۆپیای هەبوو بۆ 'بەغدای گەورە'. لە ڕێگەی دەستەی گەشەپێدانی عێراقەوە تەلارسازە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان بانگهێشت کران بۆ دیزاینکردنی بینا گشتیەکان، بۆ نموونە ئەلڤار ئاڵتۆ، واڵتەر گرۆپیۆس، لو کۆربوزیێە، ڤێرنەر مارچ، ئۆسکار نیمایەر، فرانک لۆید ڕایت، ج. برایان کوپەر و ویلیام دانکڵ. تەنها چەند ڕەشنووسی دیزاینێک جێبەجێ کران، وەک کۆمپاوندی زانکۆی بەغدا کە لەلایەن واڵتەر گرۆپیۆس و کۆمپانیای تەلارسازییەکەی ‘The Architects Collaborative' (TAC) دیزاین کراوە.   ئەم دیدگایانە بۆ 'بەغدای گەورە' ڕەخنەگری زۆریان هەبوو کە پلانەکانیان بە ڕۆژئاوایی دەزانی لە وڵاتێکدا و لە سەردەمی ناسیۆنالیزمی عێراقی و ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ناسریزمدا. 

 

لە ٢٤ی شوباتی ١٩٥٥ پەیمانی بەغدا لە لایەن عێراق، ئێران، پاکستان، تورکیا و شانشینی یەکگرتووەوە پێکهێنرا، وەک هاوپەیمانییەکی سەربازی لە جەنگی سارد و بە دەستپێشخەری ئەمریکا. دیسان نووری سەعید بوو کە داوای ڕێککەوتنەکەی کردبوو. 

سەرەڕای پێشکەوتنی ماددی وڵات، دەسەڵاتی پاشایەتی نەیتوانی پشتیوانی خەڵک و بەتایبەتی متمانەی نەوەی گەنجی سەرکردەکان بەدەستبهێنێت.   شۆڕشی میسری ساڵی ١٩٥٢ بە سەرۆکایەتی جەمال عەبدولناسر پاڵنەرێک بوو بۆ دابین کردنی کارێکی هاوشێوە لە عێراقدا.  

 لە ساڵی ١٩٥٤ ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە ژێر دەستی بەرەی یەکێتی نیشتیمانی یەکگرتوو بوو. کە گرووپە جۆراوجۆرەکانی وەک دیموکراتە نیشتمانییەکان، سەربەخۆکان، شیوعیەکان و پارتی بەعسی لەخۆدەگرت.  کۆمەڵێک ئەفسەری سەربازی گەنج لیژنەی باڵای ئەفسەرە ئازادەکانیان پێکهێنا، کە لە نموونەی میسرەوە ئیلهامیان وەرگرتبوو. لە بەرامبەر پێکهێنانی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی لە نێوان میسر و سوریا، عێراق و ئوردن لە ١٤ی شوباتی ١٩٥٨ فیدراسیۆنی عەرەبی هاشمییان دامەزراند، بە پاڵپشتی بەریتانیا و ئەمریکا و سعودیە، ئەمەش خاڵی وەرچەرخانێکی بەرچاو بوو لە ئاستی سیاسەتی نیشتمانی و ناوچەییدا. لە ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨، هاوپەیمانییەک لە ئەفسەرانی ناڕازی سوپا- کە بە ئەفسەرە ئازادەکان ناسراوو بوون، بە سەرکردایەتی عەقید عەبدولکەریم قاسم - کۆتایی بە سی و حەوت ساڵەی پاشایەتی هاشمی هێنا و کۆماری عێراقیان ڕاگەیاند. کودەتاکە پشتیوانییەکی بەرفراوانی گشتی بەدەستهێنا. دوابەدوای کودەتاکە، شا فەیسەڵی دووەم، میراتگری تەختی پاشایەتی، لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەی شاهانەی عێراق تیرۆرکران و ڕۆژی دواتر نووری سەعیدیش بە هەمان چارەنووس چوو لەسەر دەستی خۆپیشاندەران. تەرمەکانیان بە ئاشکرا لەبەردەم شوێنێکی گرنگی ڕەمزیدا نمایشکرا کە وەزارەتی بەرگرییە. 

 

 

هذا المحتوى مرخص بموجب رخصة المشاع الإبداعي  CC BY-NC 4.0.

Jan 3, 2025

Other Articles