هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە لە دژی کوردەکان لە ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٩، کە هەڵمەتی ئەنفال لە لوتکەدا بوو (١٩٨٧ - ١٩٨٩)
کاتێک شەڕی ئێران و عێراق خەریک بوو بەرەو کۆتایی دەچوو، سەددام زیاتر نیگەران بوو لە داڕمانی دەسەڵاتەکەی، ئەو کوردستانی وەک دەرفەتێک بۆ نیشاندانی دەسەڵات و بێبەزەیی خۆی دەبینی. پێشتر ڕووبەڕووی خراپبوونی بارودۆخی ئەمنی لە باکوور بووەوە، ئەوەش بەهۆی هاوپەیمانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (PUK) لە ساڵی ١٩٨٥، کە بووە هۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام و کاریگەرتر لە دژی حکومەتی عێراق. بەپێی ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ، سەددام حوسێن لە ساڵی ١٩٨٧، عەلی حەسەن مەجیدی بە ئەرکی سەرکوتکردنی بەرخۆدانی کورد ڕاسپارد، ئەمەش بووە هۆی جێبەجێکردنی هەڵمەتی ئەنفال کە لەناوبردنی سیستماتیکی و کیمیابارانی تێدابوو. هەڵمەتەکان بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ دەستیان پێکرد لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەندامانی پێشمەرگەی کورد، ڕووخاندنی گوندەکان، وێرانکردنی کشتوکاڵ و چەکی کیمیایی بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر بەکارهێنرا. ئەو ڕێوشوێنانە سەرکەوتوو نەبوون لە پێچەوانەکردنەوەی بارودۆخی سەربازی، چونکە ئاراستەی ئەو ناوچانە دەکران کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی حکومەت بوون. بۆیە عەلی حەسەن مەجید، کە بە شێوەیەکی گشتی بە 'عەلی کیمیایی' یان 'عەلی ئەنفال' ناسراوە، پەرەی بە هەڵمەتی ئەنفال دا، کە لە شوباتی ساڵی ١٩٨٨ هێرشەکان دەستییان پێکرد. ئەنفال (غەنیمەکانی شەڕ) پلانێکی گشگیر لەخۆ دەگرێت کە هەشت قۆناغی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی کیمیایی لەخۆ دەگرێ لە لایەن دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان و جاهەکان/جاشەکان (کەتیبەی بەرگری نەتەوەیی کورد کە لایەنگری حکومەت بوون) پلانیان بۆ داڕێژرا و ڕێکخرا و ئینجا و جێبەجێ کرا. حەوت لەو هێرشانە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتییان کردە ئامانج. لە ئۆپراسیۆنی کۆتاییدا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باکووری ڕۆژئاوا کرایە ئامانج.
هەڵمەتی ئەنفال کە لە شوبات تا ئەیلولی ١٩٨٨ بەردەوام بوو، هێرشی زەمینی و بۆردومانی ئاسمانی و کیمیایی لەخۆگرتبوو، لەگەڵ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، بێسەروشوێنکردنی بەکۆمەڵ، ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و بە زۆر، ڕووخاندنی سیستماتیکی نزیکەی ٢٠٠٠ گوند بە تەواوەتی و لانیکەم دوانزە شارۆچکەی گەورەتر و ناوەندی ئیداری، ژێرخانی زەوی و زەوییە کشتوکاڵییەکان، تاڵانکردن، دەستگیرکردنی هەر کەسێ بەدڵی خۆیان، و زیندانیکردن لە ژێر بارودۆخێکی زۆر خراپدا، لە کاتێکدا ژن و پیاو و تەنانەت تەواوی خێزانەکان دابەش بوون. لیستی دڕندەیی بێکۆتایە. بەکارهێنانی بەربڵاوی چەکی کیمیایی، لەوانەش گازی خەردەل و مادەی دەماری جی بی، یان سارین، بەتایبەتی دژی گرووپە کوردە مەدەنییەکان لەنێویاندا ژنان و منداڵان، یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی سەردەمی تیرۆری عەلی حەسەن مەجید بوو. ئێران تا ڕادەیەکی زۆر بێدەسەڵات بوو لە دەستوەردان، ئاگاداری ئامادەیی عەلی ئەنفال بوو بۆ فراوانکردنی مەیدانی شەڕ لە دەرەوەی ناوچە کوردنشینەکان. بۆ نموونە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەشێک نەبوو لە بەرنامەی سەرەتایی ئەنفال، بەڵکو کاردانەوەیەکی کتوپڕی گرتنی هەڵەبجە لەلایەن پێشمەرگەی کوردەوە بوو لە قۆناغی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق، بە پاڵپشتی ئێران. لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، دوو ڕۆژ دوای گرتنی شاری هەڵەبجە، 'عەلی ئەنفال' بۆردومانی کیمیایی ئەنجامدا کە گۆڕا بۆ هێرشێکی زەمینی، لانیکەم ٥٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و لانیکەم چەندین هەزر کەسیش بریندار بوون. کۆمەڵکوژی هەڵەبجە گەورەترین کیمیاباران بوو لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە کە ئاراستەی دانیشتووانی مەدەنی کرابوو. لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا نزیکەی ٨٠٪ی هەموو گوندەکانی سێ پارێزگاکە وێران بوون، بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان بە 'خاکی قەدەغەکراو' ناسێندران و و خەمڵاندنی ڕێژەی گشتی مردووان جیاوازە، لە نێوان ٥٠,٠٠٠ بۆ ١٠٠,٠٠٠ دەبێت. هیومان ڕایتس وۆچ و ڕێکخراوەکانی تر، گۆڕی بەکۆمەڵ و کوشتنی پلاندارێژراویان بەڵگە کردووە بۆ لێکدانەوەی ئەم ڕێژەیە. بەهۆی نەژاد وناسانامەی بە کۆمەڵی نەتەوەییان، نەک پێگەی تاکەکەسییان، تەنها کوردەکان نەبوون کە بوونە ئامانج. لە کاتێکدا کە ئامانجە سەرەکییەکان دانیشتوانە کوردەکان بوون، هەڵمەتەکە دڕندەیی بەرامبەر بە کەمینەکانی دیکەی وەک ئاشوورییەکانیشی تێدابوو. وێرانکاری بۆ دەرەوەی ئەو ناوچانای کە زۆرینەی کورد بوون، درێژبووەوە و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر ناوچە دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وەک کەرکوک لەخۆگرتبوو.
هەڵمەتی ئەنفال و بزووتنەوەکانی دژە یاخیبوون پێش و دوای ئەوە، مەبەست لێیان لەناوبردنی کۆمەڵگای کوردی بوو لە عێراق. بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی و بەکۆمەڵی کوردەکان، نەوەک پێگەی تاکەکەسییان، کە بووە هۆی جینۆسایدکردنیان. لە کاتێکدا پارتی بەعس لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە سیاسەتی تەعریبکردنی جێبەجێ کرد، ئەم هەڵمەتەی ئەنفال بۆ خۆی هەوڵێکی دژە یاخیبوون و جینۆسایدی دیار بوو کە کوردنشینەکانی لە ناوچە گوندنشینەکان کردە ئامانج. جێگری سەرۆک سەددام لەگەڵ مستەفا بارزانی، لە پارتی دیموکراتی کوردستان، دانوستانی کرد بۆ ڕێککەوتننامەی ئۆتۆنۆمی کوردی عێراق کە لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ واژۆ کرا، لە کاتی دەرکردنی فەرمانی ئۆتۆنۆمیدا، پارتی بەعس دەستی کرد بە تەعریبکردنی ناوچە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت بەتایبەتی کەرکوک و خانەقین، کە جووتیارانی کوردی دەرکرد و لە شوێنی ئەوان عەشیرەتە هەژارەکانی عەرەبی لە باشوورەوە دانا. ململانێکان لەسەر خاک و داواکارییە جێبەجێنەکراوەکان بوونە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی دووەمی عێراق و کورد لە ساڵی (١٩٧٤-١٩٧٥)، کە تیایدا گرووپە کوردییەکان لەوانەشی کە مستەفا بارزانی سەرکردایەتیان دەکرد، پشتیوانی سەربازییان لە شا محەمەد ڕەزا پەهلەوی ئێرانی لایەنگری ئەمریکا وەرگرت. پەیمانی جەزائیری ١٩٧٥ نێوان ئێران و عێراق، کە مەبەست لێی چارەسەرکردنی ناکۆکییە سنوورییەکان بوو، وایکرد ئێران پشتیوانیی خۆی لە هێزە کوردییەکان بکشێنێتەوە، ئەمەش ڕۆڵی هەبوو لە خۆبەدەستەوەدانی بارزانی. حکومەت لانیکەم ٢٥٠,٠٠٠ ژن و پیاو و منداڵی کوردی لە ناوچەکانی هاوسنووری ئێران و تورکیا بە زۆر چۆڵ کرد. زۆرێک لەو کوردە ئاوارەبووانە ڕێگرییان لێدەکرا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئەگەر هەوڵی ئەوەشیان دابا ڕووبەڕووی سزای توند دەبوونەوە
هذا المحتوى مرخص بموجب رخصة المشاع الإبداعي CC BY-NC 4.0.