سیستەمی حوکمڕانی عێراق

جەنگی کەنداو: لەشکرکێشی کوێت و پاشهاتەکانی (١٩٩٠ - ١٩٩١)

Fatimah Oleiwi
المؤلفة: هيلا مويس

عێراق لە ئابی ١٩٩٠دا کوێتی داگیرکرد و کردییەوە پاشکۆی خۆی، دواتریش ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان ئەنجامدرا، کە کردەوەیەکی سەربازی بوو لەلایەن ٤٢ وڵاتی هاوپەیمانییەوە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ دەرکردنی سەددام حوسێن. ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە ئامانجی دەرکردنی هێزەکانی عێراق بوو لە کوێت، کە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا سەرکەوتوو بوو، کوێت لە ٢٨ی شوباتی ١٩٩١ ئازادکرا.
xx

شەڕی نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨) فشارێکی دارایی گەورەی بەسەر عێراقدا سەپاند، بە پێی ئاماژەی خەمڵاندنەکان، کە عێراق نزیکەی ٢٦ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی فەرمی و ٤٠ بۆ ٥٠ ملیار دۆلاری دیکەی قەرزی نافەرمی لە وڵاتانی کەنداو وەک کوێت و شانشینی سعودیە وەرگرتووە.  هەروەها بارگرانی سەر ئابووری عێراق کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوو، زیادی کرد بەهۆی پێویستی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە وێرانبووەکەی. ڕێژەی هەڵاوسان بەرزبووەوە، تێچووی ژیان بەرزبووەوە، ناڕەزایی گشتیش گەشەی کرد، ئەمەش وایکرد سەددام حوسێن بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێت.

دوای ئەوەی سەددام داوای کەمکردنەوەی قەرزەکانی لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کرد و سەرکەوتوو نەبوو لەم هەوڵەی، سەرنجی خۆی خستە سەر کوێت. کوێتى تۆمەتبارکرد بە بەرهەمهێنانى نەوتێکی زۆر و دابەزینى نرخەکان، کە ئەمەش زیانێکى زیاتری بە ئابووری هەستیاری عێراق دەگەیەنێت. سەرەڕای ئەوەش، سەددام ئیدیعای کرد کە کوێت خەریکی هەڵکەندنی بیرە لە کێڵگەی نەوتی ڕومەیلای عێراقدا و نەوت دەردێنێت، کە ئەمەشی بە دزی لە قەڵەم دا. لە بەرامبەردا داوای قەرەبووکردنەوە یان کەمکردنەوەی قەرزەکانی لە بری ئەو نەوتە "دزراوە" کرد. بەڵام کوێت ئەو ئیدعایانەی ڕەتکردەوە، و ڕەتیشیکردەوە هیچ ئیمتیازێک پێشکەش بکات. سەددام چاوی لە یەدەگی دارایی گەورەی کوێت بوو، کە بە ١٠٠-١٢٠ ملیار دۆلار لە وەبەرهێنانی بیانی مەزەندە دەکرا، لەگەڵ سامانی نەوتی کوێت کە نزیکەی ٩٤ ملیار بەرمیل نەوت بوو (نزیکەی ١٠٪ی یەدەگی جیهانی بوو لەو کاتەدا).  ئەو پێی وابوو بە کۆنترۆڵکردنی کوێت دەتوانێت قەرزە گەورەکانی جەنگی عێراق یەکلایی بکاتەوە. لە ٢٥ی تەمموزی ١٩٩٠، ئەپریل گلاسپی، باڵیۆزی ئەمریکا، پەیامێکی جەیمس بەیکەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بۆ سەددام گەیاند، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی پتەوی نییە سەبارەت بە ململانێکانی نێوان عەرەبەکان، لەنێویاندا ناکۆکی نێوان عێراق و کوێت.  سەددام ئەم پەیامەی بە ڕەزامەندییەکی بێدەنگ بۆ بەردەوامبوون لە پلانەکانی لێکدەداوە و وەک کارت بلانچ (دەسەڵاتی ڕەها) سەیری کرد. بەڵام دواتر گلاسپی ڕوونی کردەوە کە هۆشداری سەددامی لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی، داوە.

لە ٢ی ئابی ١٩٩٠دا، سەددام هێرشی کردە سەر کوێت و بنەماڵەی دەسەڵاتدار ئەلسەباح هەڵاتن. کوێت دوای تەنها دوو ڕۆژ بە تەواوی داگیرکرا.  لە ٨ی ئابی ١٩٩٠ عێراق ڕایگەیاند کە کوێت بە فەرمی وەک ١٩مین پارێزگا بە پاشکۆ کراوە.   سەددام، عەلی حەسەن مەجید کە بە "عەلی ئەنفال"یش ناسراوە، وەک پارێزگار دەستنیشان کرد.   دەستبەجێ ئەو لەشکرکێشییە ڕووبەڕووی ناڕەزایی نێودەوڵەتی بووەوە، لەوانە بڕیارنامەی ژمارە ٦٦٠ی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای لە عێراق کرد هێزەکانی بکشێنێتەوە و سەروەری کوێت بگەڕێنێتەوە.   بڕیارنامەی ژمارە ٦٦١ی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڕەشەی سزادانی کرد لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی عێراق.  سەددام هەموو بڕیارنامەکانی ڕەتکردەوە، تەنانەت ئەم بڕیارەش. بەڵام گەمارۆکان دەستیان پێکرد، کە تا ساڵی ٢٠٠٣ دەمێنێتەوە.  بڕیارنامەی ژمارە ٦٧٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٩٠ پەسەندکرا، دوایین دەرفەتی دا بە عێراق تا ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە ٦٦٠ و کشانەوەی لە کوێت.  ئەمریکا پێشتر بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بیابان دەستی پێکرد، کۆبوونەوەی هێزی سەربازی لە ئاب تا کانوونی دووەم بوو. زۆرینەی ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی بڕیاریاندا پشتیوانی لە بڕیارنامەی ژمارە ٦٦٠ی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، تەنانەت هەندێک وڵاتیش چوونە ناو هاوپەیمانێتییەکە. 

لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩١، هاوپەیمانێتی ٣٥ وڵات بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابانیان دەستپێکرد.  ئۆپەراسیۆنەکە بە شەش هەفتە لە بۆردومانی ئاسمانی و دەریایی دەستیپێکرد کە هەردوو ژێرخانی سەربازی و مەدەنی لە عێراقدا کردە ئامانج.   سەددام وەڵامی دایەوە و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل و سعودیە کرد. ئیسرائیل بەشێک نەبوو لە هاوپەیمانییەکە بەڵام بۆ سەددام هەردوو هێرشەکە بە لێدانێکی سەربازی دادەنران بۆ ورووژاندنی ئاراستەکانی تری بەرگری و دابەشکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە هیچ سوودێکی نەبوو. لە ئەنجامی بۆردومانەکانی هاوپەیمانان لە ساڵی ١٩٩١، نزیکەی هەموو دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق زیانیان پێگەێشت.  ئامانجەکان بریتی بوون لە دامەزراوەکانی دژە فڕۆکە، دامەزراوەی فەرماندەیی و پەیوەندی، شوێنە سەربازییەکان، شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک، دامەزراوەی توێژینەوەی وەک ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی توەیسە و دامەزراوەی دەوڵەتی موسەنا (بەشێک لە بەرنامەی چەکی کیمیایی عێراق) ، دامەزراوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بینا حکومییەکان وە هەروەها ناوەندەکانی پەیوەندی، وێستگە تەلەفزیۆنییەکان و پردە سەرەکییەکانی وەک پردنی ١٤ی تەمموز و پردی ئەل شەرەفیە. ئەوان بۆردومانکردنی وێرانکەریان دووبارەکردەوە بۆ نموونە بینا سەرەکییە حکومییەکانی بەغدایان کردە ئامانج و زۆرجار ئامانجەکانیان لەدەستدا، وەک لە بۆردومانکردنی پەناگەی مەدەنی لە ئەل عامریە لە بەغدا لە ساڵی ١٩٩١ کە بووە هۆی کوژرانی ٤٠٨ ​​هاوڵاتی مەدەنی. لە ماوەی شەش هەفتەدا ژێرخانی ئابووری زیاتر لە هەشت ساڵەی جەنگی عێراق-ئێران لەناوچوو. لەوەش گرنگتر، لەناوچوونی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای وڵات کە کارەساتی تەندروستی گشتی لێکەوتەوە، چونکە نەخۆشخانەکان بەبێ کارەبا ناتوانن کاربکەن.  دە ساڵ لە ئازاری سەختی هەموو دانیشتوانی عێراق دەستی پێکرد.

بە پێچەوانەی یەکەم، جەنگی دووەمی کەنداو وەڵامێکی زۆری میدیایی وەرگرت. خۆپیشاندان دژی ئەو شەڕە لە هەموو جیهاندا ڕوویدا.   بەڵام لە ٢٨ی شوباتی ١٩٩١ سەددام ناچار بوو خۆی بە دەستەوە بدات، و لە ٣ی ئازاری ١٩٩١ بەیاننامەی ئاگربەست لە چادرێکدا لە فڕۆکەخانەی سەفوان لە عێراق واژۆ کرد، کە جەنگی دووەمی کەنداو کۆتایی هات.  عێراق سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی و سەربازی کوژراوی هەبوو – بەپێی سەرچاوەکانێش ئەم ئامارانە دەگۆڕێن و زۆر جیاوازن.  لە کۆتایی ئەم جەنگەدا وڵاتەکە لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە زۆر لە دواوەی هەلومەرجە سەرەتاییەکانی جەنگی کەنداوی یەکەمی ساڵی ١٩٨٠ بوو، سەرەڕای ئەوەش لە ژێر سزاکان بوو. 

 

 

هذا المحتوى مرخص بموجب رخصة المشاع الإبداعي  CC BY-NC 4.0.

Jan 3, 2025

Other Articles