ڕاپەڕینەکانی هاوچەرخی عێراق و تشرین (٢٠١١ - ٢٠٢٠)
ڕاپەڕینی تشرینی ٢٠١٩ زنجیرەیەک چالاکیی ناڕەزایی بوو لە سەرانسەری عێراق، کە پێکهاتبوو لە خۆپیشاندان، مانگرتن و ڕێپێوانی جەماوەری. ئەمە لە وەڵامدانەوەیەکەی توند سەریهەڵدا بەرامبەر ناڕەزایی دەرچووانی زانکۆ و دەرکردنی عەبدولوەهاب ئەل سەعید کە بە شێوەیەکی گشتی بە 'ئازادکەری موسڵ' ناسراوە. ئەمە پاشکۆی خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بوو لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٨، کە بەزۆری لە وەرزی گەرمی هاویندا ڕوویدا، کاتێک حکومەت شکستی هێنا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا. بەڵام، ڕاپەڕینی تشرین لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە جیاواز بوو لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە هاوچەرخانەی کە عێراق ڕووبەڕووی بووەوە، و ڕەنگە بێهاوتا بێت "لەوەتەی ڕاگەیاندنی دەوڵەت لە ساڵی ١٩٢١ەوە". جیاوازی لە داخوازییەکاندا نەبوو، بەڵکو لە قەبارە و ماوە و لە پێکهاتە و تایبەتمەندی و لە سیما ئاشتیخوازانە و، لایەنە خۆبەخشانە و یەکگرتووەکاندا بوو، هەموو ئەمانە لە ژێر کردەوەی توندوتیژی جۆراوجۆر بوون، کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بەرامبەریان پراکتیزە دەکران. لیستی شێوازەکانی توندوتیژی کە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنراون، لە گازی فرمێسک ڕێژ و دەمانچەی "بیبی" (دەماچەی فیشەکی پلاستیک) دەست پێدەکات، تا دەگاتە تەقەمەنی ڕاستەقینە، کوشتن، تیرۆر، هەڕەشە، ڕفاندن و دەستگیرکردنی نایاسایی.
بزووتنەوەکە بە خۆپیشاندانێکی هەفتەیی لە گۆڕەپانی تەحریر لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستیپێکرد. هەر لەسەرەتاوە خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی بوونەوە. خۆپیشاندانەکان دوای حەوت ڕۆژ لە شاری سەدر کۆتاییان هات. جگە لە بەغدا، ناڕەزایی هاوشێوە لە پارێزگاکانی زیقار، بەسرە، میسان، واست، دیوانیە، نەجەف، حیللە و موسەنا بەڕێوەچوو. لە وەڵامی ئەو توندوتیژییەی کە خۆپیشاندانە سەرەتاییەکان ڕووبەڕوویان بووەوە، چالاکوانانی مەدەنی لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ خۆپیشاندانێکی دیکەیان ڕاگەیاند. لەو ڕۆژەدا، خۆپیشاندەران بڕیاریاندا لە گۆڕەپانی تەحریر بمێننەوە و بە دانیشتن ناڕەزایی دەرببڕن. ئەوە سەرەتای خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەرفراوان بوو کە لە دە شاری عێراق بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوو بەڕێوەچوو، لە هەندێک حاڵەتدا درێژتریش بوو. دانیشتنەکە لە بەغدا لە گۆڕەپانی تەحریر و دەورووبەرەکەی بوو، کە خۆپیشاندەران شارێکیان لە خێوەتیان دانا کە ژێرخانی کارا و حوکمڕانی خۆڕێکخراوی هەبوو. بەلایەنی کەمەوە لە هەشت شاری تر خێوەت دروستکران، وەک لە گۆڕەپانی ئەل بەحریە لە بەسرە، گۆڕەپانی حەبیبی لە ناسریە و گۆڕەپانی سەورە ئەل سانی لە نەجەف.
داواکارییەکانی خۆپیشاندەران کۆمەڵێک بابەتی بەرفراوانیان گرتەوە، لەوانە گەشەسەندنی ئابووری و دامەزراندن، خزمەتگوزارییە گشتییە متمانەپێکراوەکان، حوکمڕانییەکی وریا و بێلایەن، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، هەڵبژاردنی باوەڕپێکراو و هەروەها چاکسازیی فراوانتر لە سیستەمی سیاسیدا – لەوانەش هەموارکردنەوەی دەستوور. پێکهاتەی بزووتنەوەکە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای ئاڵۆزی عێراق بوو. بەشداربووان لە چەندین پاشخانی سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و ئایدیۆلۆژییەوە هاتبوون. گرووپە جیاوازەکان هەمان ئەرکیان هەبوو، گرووپەکانیش بە شێوەیەکی ئاسایی تەنانەت 'پەیوەندی'شیان لەگەڵ یەکتردا نەدەکرد. ئەوەی خۆپیشاندەرانی یەکخست، دیدێکی هاوبەش بوو کە لە ڕێگای دروشمی: “نیشتمانمان دەوێت!” هەرچەندە بزووتنەوەکە گەنج و پیری لەخۆگرتبوو، بەڵام گەنجانی عێراق هێزی بزوێنەر بوون، بە بەشدارییەکی بەرفراوانی ژنانیش.
تایبەتمەندییەکی بەرچاوی ڕاپەڕینەکە ئاستی پشتیوانی گشتی بوو. خەڵک نەک هەر هەموو پێداویستیەکانیان بۆ خۆپیشاندەران دابین کرد، هەموو ڕێکخراو و دامەزراوە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەکان بە زانکۆکانیشەوە لە ٢٧ی ئۆکتۆبەر بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان مانیان گرت. لە کاتێکدا کە زۆرجار ڕەخنەی بێ سەرکردەیی لێدەگیرا، بەڵام بزووتنەوەکە دوور بوو لە بێسەروبەری یان ناڕێکی. بڕیاری بەکۆمەڵ بۆ دانەنانی سەرکردە یان تەنانەت قسەکەر دووهۆکاری هەبوو. یەکەم: نەیاندەویست وەک قەوارەیەکی سیاسی یان بزووتنەوەیەک لێیان تێبگەن. بزووتنەوەکە نوێنەرایەتی نەتەوەیەکی یەکگرتووی دەکرد، دژی سیستەمێکی حوکمڕانی کە کەموکورتی هەبوو، خۆپیشاندانی دەکرد. دووەم: ڕەتکردنەوەیەکی کۆنکرێتی و بەرخودانێکی بەرگریکارانە بوو لە بەرامبەر هەر جۆرە سەرکردایەتییەکی ساختە، بە تایبەت دوای دەیان ساڵ لە دەسەڵاتێکی تاکڕەویی یان دەستەبژێری بچووک کە خۆیان بە شێوەیەکی بێئەندازە دەوڵەمەند کرد لە کاتێکدا میللەت ئازاری دەچێژت. ئەوان ژیان و خۆشگوزەرانی خۆیان دەخستە مەترسییەوە بۆ داڕشتن، هەماهەنگی و ئاراستەکردن کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات نەک خۆیان. دووەم تایبەتمەندی بزووتنەوەکە سروشتی ئاشتیخوازی بوو، بڕیارێکی ڕوون بۆ بەکارنەهێنانی هیچ جۆرە چەک و توندوتیژییەک کە لە بەرامبەردا پشتیوانی گشتیییان بەدەستهێنا.
ئایا تشرین وەک سەرکەوتنێک سەیر دەکرێت یان شکستێک ئەمە بە شێوازی جیاواز لێکدەدرێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕاپەڕینی تشرینی ٢٠١٩ ناڕەزاییەکی جەماوەری بوو، نەوەک کودەتایەک کە گرووپێکی سیاسی بیویستایە حکومەتێک بڕوخێنێت. زۆری نەخایاند ئەو یەکگرتنە دەستپێشخەرە بەهۆی پارچەبوونی سروشتی ناوخۆیی عێراقەوە، کە حکومەتێکی داپڵۆسێنەر و کردەوەی توندوتیژی هەندێک گرووپ و بەرژەوەندییە بیانییەکان بوو، تێکچوو. ئەو کاریگەرییە خراپانەی کە خەڵک لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە لە ساڵی١٩٢١، بەدەستییانەوە دەناڵن. بەڵام بە لایەنی کەم تشرین گۆڕانکارییەکی بەدەست هێنا. عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستی لەکارکێشایەوە. دوای بۆشایییەکی پێنج مانگی لە باوەڕپێکردنی جێنشینەکەی، موستەفا کازیمی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ دەستنیشانکرا و یاسایەکی نوێی هەڵبژاردنیش داڕێژرا.
هذا المحتوى مرخص بموجب رخصة المشاع الإبداعي CC BY-NC 4.0.