مێژوو و شارستانییەت

بەسرە، ترپەی رۆشنبیری لە قووڵایی لە باشوور

Achref Chibani
"کۆڵانە تەسکەکانی چیرۆکی ڕابردوو دەگێڕنەوە، بینا کۆنەکانیشی شایەتحاڵی گەورەیی ئەو شارستانییەتانەن کە لە دوای ئەوەوە هاتوون."
Basra

بەسرە دەکەوێتە کەناری شەتولعەرەب، کە ڕووباری دیجلە و فورات لێی کۆدەبنەوە و ئەم ڕووبارە گەورەیە پێکدەهێنن کە دەگاتە کەنداوی عەرەبی. بەسرە وەک لانکەی شارستانیەتەکان و سەرچاوەی زانست و زانیاری و ئەدەب، بە گەوهەرێکی عێراق دادەنرێت کە بە چەندین ڕەنگی کولتوورییەوە دەدرەوشێتەوە و لە باوەشی خۆیدا چەندین هێمای فیکر و ئەدەب سەریان هەڵدا، هەروەها کولتوورێکی جەماوەریی دەوڵەمەند و هەمەچەشن پەرەیان سەند.

بەسرە شارێکە هەڵگری ڕۆح و بۆنی مێژووە، بەشێک بووە لە شارستانیەتی سۆمەری کۆن، کە شارەکانی وەک لاگاش و ئور لەخۆدەگرێت کە ٧٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو شارەوە دوورن. پێگەی ستراتیجی بەسرە لە کەنارەکانی شەتولعەرەب، کە بەسرە لە ئاڕاستەی شاری فاوەوە کەنارەکانی کەنداوی عەرەبی لە باوەش گرتووە، وایکردووە بە درێژایی سەدەکان ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ بازرگانی و پەڕینەوە.

مێژووی بەسرە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام، کە بەشێک بووە لە شارستانیەتی سۆمەری و بابلی و ئاشووری، پێش ئەوەی زۆرێک لە دەسەڵات و شارستانیەت لە سەردەمی ئیسلامیدا شوێنی بگرن.

بەسڕە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە فتوحاتی ئیسلامی و بووە سەنتەری بازرگانی و گۆڕینەوەی ڕۆشنبیری لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات. 

لە ڕێگەی ئەم وتارەوە ئامانجمە تیشک بخەمە سەر ئەم میراتە ڕۆشنبیرییە دەوڵەمەندە و چۆن بەسرە بە توندی کاردەکات تاوەکو پارێزگاری لێبکات و پەرەی پێبدات سەرباری ئەم هەموو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. 

بەسرە تەنها شارێکی مێژوویی نییە بەڵکو کانگای چەندین ئەفسانە و چیرۆکە هاوشێوەی ئەفسانەی سیندیبادی دەریاوان، کە پێدەچێت گەشتە سەرسوڕهێنەرەکانی لەم شارە دەستی پێکردبێت، ئەمەش وایکرد ببێتە بەشێک لە چیڕۆکە یەکجار ناسراوەکانی هەزرارویەک شەوە. هەروەها ئەفسانە سۆمەرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوچەی دێرینی ئەهواز لە بەسرە لەوانەیە شوێنی باخچەکانی عەدەن بێ کە لە پەیمانی کۆن ناوی هاتووە، ئەم ئەهوازانە لە ئەنجامی لافاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات لە ساڵی ٦٢٨ی پێش زاینەوە دروستبوون.

تاڵاوەکان (ئەهواز) بۆ خۆیان سامانێکی ژینگەیی و ئابوورین، بەو پێیەی کە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ زۆرێک لە باڵندە و ماسی و کەرەستەی کشتوکاڵی وەک برنج و قامیشەشەکر دابین دەکەن، کە دانیشتوانی تاڵاوەکان ئەوانەی لە دوورگە بچووکەکاندا دەژین، لێیەوەی دەخۆن، هەروەها بۆ گواستنەوە جۆرێک لە بەلەم کە پێیان دەوترێت مەشاحیف بەکاردەهێنن، کە ڕەنگدانەوەی شێوازی ژیانێکی ناوازە و بەردەوامە. جگە لەوەش بەسرە بەناوبانگە بە دارخورما گەشاوە و خورما بەتامەکانی کە بە باشترین جۆرەکانی خورما لە جیهان دادەنرێن کە بەدرێژایی کەناری ڕووبارەکان درێژدەبنەوە و جوانییەکی تایبەت و سیحرئامێز بۆ شارەکە زیاد دەکەن.

بەسرە لە سەردەمی خەلیفەی دووەمی ڕاشیدی عومەری کوڕی خەتاب لە ساڵی ١٤ی کۆچی دامەزرا، بووە یەکێک لە شارە دیارەکانی جیهانی ئیسلامی، کە تێیدا لە زانست و کولتوور و فیکردا گەشەی کردووە.

لە سەردەمی عەباسیدا بەسرە بووە ناوەندێک بۆ زانست و بیری ئیسلامی، کە چەندین قوتابخانە و کتێبخانەی تێدا دامەزران و چەندین بەرهەمی ئەدەبی و زانستی تەواو بوون. هەروەها بەسرە بەناوبانگ بوو کە شوێنی لەدایکبوونی زۆرێک لە زانایان و بیرمەندان بوو، وەک حەسەنی بەسری و جاحز، بەسرە هەمیشە قیبلەی زانایان و نووسەران بووە، لە کۆڵانەکانیدا بازنەی زانستی ڕێکخدەخران کە بەشدارییان لە گەشەسەندنی زمانی عەرەبی و ئەدەبیاتەکەی، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی ناوە درەوشاوەکانی وەک خەلیلی کوڕی ئەحمەدی فەراهیدی، دامەزرێنەری پڕۆسۆدی و سەروا، تا دەگاتە شاعیرانی هاوچەرخ، کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە دەوڵەمەندکردنی دیمەنی ڕۆشنبیری عەرەبی هەبوو.

سەبارەت بە سەردەمی هاوچەرخیش، بەسرە شایەتی پێشهات و گۆڕانکارییە گرنگەکان بووە، لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە داگیرکاریی ئینگلیزەوە دەستی پێکرد و بە قۆناغەکانی سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانیدا تێپەڕی و کۆتایی بەو ئاڵنگارییانە هێنا کە لە سەردەمی شەڕ و ململانێدا ڕووبەڕووی بوونەوە کە تایبەتمەندی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و دوو دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیە بوون. ئەمڕۆ بەسرە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و ڕۆشنبیرییە لە عێراقدا، بەهۆی پێگەی جوگرافیای جیاواز و سامانە سروشتییە دەوڵەمەندەکانییەوە بە پایتەختی ئابووری وڵات دادەنرێت.

بەسرە هێشتا ڕۆحی داهێنەرانە دەپارێزێت و هانی بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری و هونەری دەدات ئەمڕۆ شەقامی فەراهیدی بۆ ڕۆشنبیری و کتێب لە بەسرە شاهیدی بزووتنەوەیەکی چالاکی ڕۆشنبیرییە، کە خوێنەران و نووسەران لە کەش و هەوایەکدا کۆدەبنەوە تا هانبدرێن بۆ خوێندنەوە و داهێنان، دەستپێشخەری گەنجان کە پشتگیری زیاتری لەلایەن حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنیەوە بەدەستهێناوە بووەتە هێمای ڕێنێسانسی کولتووری شارەکە.

هەروەها بەسرە کاردەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە میراتییەکانی وەک بەسرەی کۆن (شناشیل) بە هاوکاری ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) ئەم هەوڵانە بەشدارن لە پاراستنی میراتی ماددی شارەکە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ئەو شوێنانەی کە مێژوویەکی دوور و درێژیان لەناو خۆیاندا هەڵگرتووە.

سەرەڕای هەموو ئەم دەستکەوتانە، بەسرە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا، شەڕ و ململانێ. بەڵام خەڵکی بەسرە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی میراتی کولتووری خۆیان و پەرەپێدانی تا لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا بگونجێت.

ئەم شارە بە جوانی سروشتی و دەوڵەمەندی فەرهەنگی، هەر وەک گەوهەرێکی عێراق دەمێنێتەوە کە شایەنی سەرنج و پشتیوانییە. پاراستنی ئەم میراتە بەرپرسیارییەتێکی هاوبەشە کە دەکەوێتە سەر شانی هەمووان پاراستنی میراتی کولتووری بە دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشترە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

لە کۆتاییدا دەڵێم بەسرە بەڕاستی شارێکی فرەچەشنی کولتووری و شارستانییە، شارێکە لە سەردەمی کۆنەوە بەڕووی جیهاندا کراوەیە، هێز و جوانییەکەی لە فرەچەشنییەکەی و مێژووی دەوڵەمەندی دوور و درێژی خۆیەوە وەرگرتووە. شارێکە هەناسەی شارستانیەت و مێژوو دەدات و بە درێژایی سەدەکان وەک جێگای سەرنجی توێژەران و زانایان و گەشتیارانی هەموو جیهان ماوەتەوە.

 

نووسەر: زاهراء غازی (کۆمەڵەی فیردەوسی عێراقی) 

ئەم ناوەڕۆکە بەپێی مۆڵەتی Creative Commons CC BY-NC 4.0 مۆڵەتی پێدراوە.

Oct 29, 2024

Other Articles