پیسبوونی کەشوهەوای بەسرە: مردنێکی هێواش و شێرپەنجەیەکی خێرا
پارێزگای بەسرە، دەکەوێتە ئەوبەری باشووری عێراق، پایتەختی ئابووری عێراقە و دەرگای ئاوی وڵاتەکەیە بەرەو کەنداو، دەریای عەرەبی، زەریای هیندی و دەریای سوور. بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەکان، پارێزگاکە یەدەگی نەوتی هەیە کە دەکاتە ٪٧٠ی توانای بەرهەمهێنانی وڵاتەکە و بەسرە بە یەکەم شار دادەنرێت کە پاڵاوگەکانی نەوتی عێراقی تێدا دروستکراون. بەڵام ئەم پاڵاوگانە بوونەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ پیسبوونی ژینگە و کەشوهەوا کە بەسرە لەم ساڵانەی دواییدا شاهیدی بووە. پیسبوونی هەوا کە لە ئەنجامی بەرهەمهێنان و سووتانی گازی پەیوەست بە پرۆسەی دەرهێنانی نەوتەوە بووە، بووەتە هۆی دەردانی گازی ژەهراوی کە ئەمەش هۆی تووشبوونی زۆرێک لە هاووڵاتیان بە نەخۆشی کوشندە بووە.
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "ئیندیپێندنتی بەریتانی" ئاشکرایکردووە، سووتانی گازی پەیوەست بە دەرهێنانی نەوت هۆکاری سەرەکییە بۆ پیسبوونی کەشوهەوا، هەروەها مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی ئەو کەسانە دروست دەکات کە لە نزیک پڕۆژەکانی دەرهێنانی نەوت دەژین، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تووشی تەنگەنەفەسی (ڕەبو)، نەخۆشی سییەکان و نەخۆشییەکانی پێست، و شێرپەنجە ببن.
ماڵپەڕی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" هەروەها بە پشت بەستن بە بەرپرسانی خۆجێی لە پارێزگای بەسرە ئاماژەی بەوە کردووە کە ساڵانە ٩٠٠٠ حاڵەتی شێرپەنجە تۆمار دەکرێت لە ئەنجامی خراپتر پیسبوونی ژینگە لە پارێزگاکەدا، ڕەخنەی لە لاوازی ڕێوشوێنەکانی حکومەت گرتووە بۆ کەمکردنەوەی ڕادەی پیسبوون و خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی تووشبووەکان.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، سەنتەری شێرپەنجە لە بەسرە هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تۆمارکردنی شێرپەنجە لەنێو دانیشتوانی بەسرە، ئاماژەی بەوەدا کە حاڵەتەکان ساڵانە بە ڕێژەی ١٠% زیاد دەکەن. من لە تێڕوانینی کەسی خۆمەوە بە هیچ شێوەیەک باوەڕم بەم ڕێژەیە نییە چونکە شێرپەنجە وەک ئەنفلۆنزا لەم شارەدا بڵاوبووەتەوە زیاتر لەوەی کە بەرگەی بگرێت.
پێناچێت دامەزراوە تەندروستییەکانی شاری بەسرە ئامادەبن بۆ وەرگرتنی ئەم ژمارە زۆرەی تووشبووان، بەو پێیەی باشترین نەخۆشخانەکان ڕەنگە کەمترین کواڵیتی هەبێ لە چاودێریکردنی نەخۆشەکان و دابینکردنی چارەسەری کیمیایی پێویست بۆیان.
سەرەڕای خراپتربوونی لەم چەند ساڵانەی دواییدا، بەڵام ئەم کێشەیە بە ڕادەی پێویست جێگای سەرنجی بڕیاردەران نییە، ئەمەش وای لێدەکات بپرسم: چ شتێک حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان پاڵدەنێت بۆ دواخستن و پشتگوێخستنی ژیان تا ئەو ڕادەیە؟ پرسی پیسبوون کە ساڵانێکە دووچاری بەسرە بووەتەوە، لەسەر ڕەفەی لەبیرچوونەوەیە، یان باشتر بڵێین ڕەفەی پشتگوێخستن و گوێپێنەدان، بەڵکو ئەوەی ئەوڕۆ ڕوودەدات بە هەموو پێوەرێک کارەساتێکی ژینگەیی ڕاستەقینەیە بۆ مرۆڤایەتی، شێرپەنجەیەکی خێرا کە بەبێ ئاگادارکردنەوە خەریکە خەڵک دەکوژێت.
من پێم وایە ئەم پرسە گرنگە پێویستی بە لۆژیک و هۆشیاری و مرۆڤایەتی هەیە و چارەسەرەکەی دەبێت بەردەوام و زیاتر بێت لە هەڵمەتێکی دارستانکردن کە بە چاندنی دارێک لە پارکێکی گشتی و بڵاوکردنەوەی وێنەکان لە سایتەکانی سۆشیال میدیا دەستپێدەکات، بەڵام زۆرجار بە مردنی دارەکە کۆتایی دێت لەکاتێکدا هەوڵدەدەین قەیرانی کەشوهەوا لە بەسرە چارەسەر بکەین.
بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سیناریۆیەکی هاوشێوە نەبینەوە، گرنگە فشار بخرێتە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆنکرێتی بۆ قەیرانی پیسبوون لە پارێزگاکەدا، هاوشێوەی دروستکردن و ئامادەکردنی نەخۆشخانەکان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، چونکە قبوڵ نەکراوە کە دەرمان یان زبڵدان نەدۆزرێتەوە، لە یەکێک لە گرنگترین نەخۆشخانەکانی بەسرە کە بە پارەی باجدەران دامەزراوە.
لە کۆتاییدا، کەمتەرخەمی لە چارەسەرکردنی پرسی پیسبوون کە لە ئەنجامی دەردانی گازە ژەهراویەکانەوە دروست دەبێت، باجەکەی زۆر دەکەوێت: هەر دۆلارێک لە پارەی نەوت قوربانییەکی نوێ بۆ تۆماری مردن زیاد دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە دەبێت هەوڵەکانمان کۆبکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێش ئەوەی درەنگ بێت.
نووسەر: بەیار زاهیر (کۆمەڵەی فیرەوسی عێراقی)
ئەم ناوەڕۆکە بەپێی مۆڵەتی CC BY-NC 4.0 Creative Commons مۆڵەتی پێدراوە.