بەهێزکردن و بەتواناکردنی ژنان

لە شاراوەییەوە بۆ ئاشکرا.. مافە دیجیتاڵیەکانی ژنان لە عێراقدا

Fatimah Oleiwi
ڕێکخراو: Tech4Peace

ئەم بابەتە بەدواداچوون بۆ ئەزموونی ژنانی عێراقی دەکات لە بواری ئۆنلاین و چۆن ماف و یاسا دیجیتاڵییەکان دەتوانن لاوازی و ئازاردانی جێندەری کەم بکەنەوە.
Digital Rights

 

سەکۆ دیجیتاڵیەکان و ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت لەم ساڵانەی دواییدا ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ ژنانی عێراق تا ڕا جیاوازەکانی خۆیان دەربڕن و بەشداربن لە سیاسەتدا، بەڵام لەهەمان کاتیشدا مافە دیجیتاڵیەکانیان پێشێلکراوە و بە چەندان ڕێگەی جیاواز مافەکانیان کەمکراونەتەوە.

مافە دیجیتاڵیەکان بە لایەنێکی گرنگ و پێویست دادەنرێن بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەموو جیهان، چونکە لەمرۆکەدا تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە ژیانی رۆژانەماندا. لەگەڵ ئەمانەشدا کەلێنێکی گەورە هەیە لەنێوان دوو ڕەگەزەکەدا بە تایبەتی ئەوەی کێ ئەم مافانە دەدات، لایەن و جیاکاری کۆمەڵایەتی لە عێراقدا واتە مافەکانی ژنان کەمترە لە مافی پیاوان و مافە دیجیتاڵیەکانیش بەدەر نیە لەم جیاکاریە، چونکە بەشێکە لەم کۆمەڵە مافە. 

 (دەستەی پەیوەندیە پێشکەوتووەکان) بەم شێوەیە پێناسەی مافە دیجیتاڵیەکان دەکات: مافێکە بۆ گەیشتن بە زانیاری و مافی ئازادی ڕا دەربڕینە لە تایبەتمەندیەکان و مافی بەشداریکردن لە ئابوریی دیجیتاڵی و چەند بابەتێکی تردا. لەگەڵ ئەمەدا گەیشتن بە تەکنۆلۆژیا و نەهێشتنی نەخوێندەواری دیجیتاڵی دوو مەرجی گرنگ و سەرەکین لە هەبوونی تەواوەتی مافە دیجیتاڵیەکاندا، بەڵام بە داخەوە و لە جیهانیشدا ژنان کەمتر لە پیاوان ئازادن لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و گەیشتن بە کارامەییە دیجیتاڵیەکاندا. 

ئەم جیاوازیە لە گەیشتن بە ئینتەرنێتدا کاریگەری دەکاتە سەر ٪٥٢ ی ژنان بەرامبەر بە ٪٤٢ ی پیاوان لەسەر ئاستی جیهاندا، لەگەڵ ئەمەشدا ژنان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی کۆمەڵایەتی دەبنەوە لەسەر ئینتەرنێت، وەکو نوسراوی ڕقئامێزو زانیاری سەرلێتێکدەر. بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی هاوڵاتی جیهانی، نزیکەی ٪٥٨ ی ژنان لە ٣١ وڵاتی جیاوازدا رووبەرووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە. 

هێشتا گەیشتن بە ئینتەرنێت لە عێراق لە هەندێك ناوچەی دیاریکراو بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا سنوردارە، هەروەها ئەوانەی داهاتیان کەمە کەمتر دەستیان دەگاتە ئینتەرنێت ئەمەش بەهۆی تێچووی بەرزی ئینتەرنێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی، ٩٦ ژنی عێراقی لە کۆی ١٠٠ ژن بە نەخوێندەواری دیجیتاڵی دادەنرێن چونکە کارامەییە سەرەکیەکانی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و ئامێرە تەکنۆلۆژیەکانی زانیاریان نیە کە دەکرێت بڵێین زۆر پێویستن بۆ کاروباری ژیانی رۆژانە، لەگەڵ ئەمەدا ژنان و کچانی خوێندکار و تازەدەرچوو و فەرمانبەر جیاوازییان نیە لەگەڵ هاوتا پیاو و کوڕەکاندا لە کارامەییە سەرەکیەکانی تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندیدا. 

Image removed.

بەهۆی نەبوونی یاسا و سیاسەتەکانی پاراستنی ژنان و هەروەها بوونی ستانداردەکانی کەلتوری داپلۆساندن کاریگەری زیانبەخشی هەبووە لەسەر ژنان. ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی توندوتیژی خێزانی، لەم دوایانەدا کوشتنی ژنێکی لێکەوتەوە لەسەر دەستی خێزانەکەی، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پۆستەکانی ئەو ژنە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی و دواتر تا خێزانەکەی ڕازی بکات پۆستەکانی لەسەر ئینتەرنێت سڕیوەتەوە. 

Image removed.

عێراق یاسا و ڕێسای تایبەت بە تاوانە ئەلیکترۆنیەکان و ئازادی ڕادەربڕینی نیە. هەندێك لە یاسا عێراقیەکان وەکو یاسای سزادان جیاکاری دەکات لە دژی ژنان و پاراستنی پێویستی بۆ دابین ناکات. بۆ نمونە ئەو کەسانەی "تاوانی شەرەف"یان ئەنجامداوە دژی ژنان سزای سوک دەسەپێت بەسەریاندا بەپێی مادەی ٤٠٩ لە یاسای سزادان و کەلتورێك بەربڵاوە کە تاوانباری سەرەکی لەسەر تاوانەکەی سزا نادرێت. 

سەرباری ئەم ئاستەنگیانە، هەندێك لە ژنانی عێراق کارامەییە دیجیتاڵیەکانیان بەکارهێناوە بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتدا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و گفتوگۆکردن یان بەشداریکردن لە چالاکیە سیاسیەکاندا. بەڵام ئەم دۆخە پێچەوانەوە بووە بۆ هەندێك لە ژنان، ڕێکخراوی تەکنۆلۆژیا لەپێناوی ئاشتیدا تۆماری ئەوەی کردوە کە ئەو ژنانەی ڕای خۆیان دەربڕیوە لەسەر ئینتەرنێت دووچاری نوسراوی ڕقئامێز و زانیاری سەرلێتێکدەر بوونەتەوە. ئەم دۆخانە هەر لە کۆمێنتی دژە ژنانەوە لەسەر هەژمارە تایبەتیەکانیان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە هەتا هاککردن و ڕاوەدوونانیش، کە هەندێك لە دۆخەکان بۆتە هۆی مردن. 

ژنانی سەرتاسەری عێراق و پیشە و توێژە جیاوازەکان بەئامانج گیراون، تەنانەت هەندێك لە ژنان بەتەواوەتی بوونی خۆیان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی راگرتووە. 

 Image removed.

نمونە لەسەر ژنێکی ناڕازی کە دروشمێکی هەڵگرتووە بەڵام بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ دەستکاری نوسینە راستیەکە کراوە و بە "من ئازادم و بەجۆشم بۆ بڵاوکردنەوەی ئازادی بۆ ژنانی عێراقی" گۆراوه. ئەمە وەکو هەوڵێک بۆ ئەوەی وایپیشان بدەن دەنگە ناڕازیەکان دەیانەوێت بەها کۆمەڵایەتیەکان بگۆڕن. 

گێچەڵکردن و هەراسانکردنی ژنان لەسەر ئینتەرنێت لە ناڕەزاییەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دا زۆر ئاشکرا بوو، چونکە ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە مەیدانی ناڕەزاییەکاندا یان لەسەر ئینتەرنێتدا، ئەم ڕوونێتی و ئاشکرایەتیە بە بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆری "ژنانی تشرین" ەوە بوو لە نارەزایەتیەکاندا. بەڵام ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بڕێکی زۆر لە زانیاری سەرلێتێکدەر و نوسراوی ڕقئامێز لە دژی ژنانی ناڕازی دروست بکرێت، زۆرینەیان گێچەڵی کۆمەڵایەتی و ژن بوون بوو. 

بۆ نمونە کاتێك وێنەی ژنان لەسەر ئینتەرێت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو دەکرێتەوە زۆرینەیان دووچاری گێچەڵ دەبنەوە لە کۆمێنتەکاندا و توانجی سێکسی ڕوون و ئاشکرایان بۆ دەنوسرێت و پێیان دەوترێت بەکرێگیراوی حیزبی بەعس و سیخوڕن. نمونەیەکی تر کاتێك پەڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەیان کرد بەوەی ژنان لە مەیدانی ئازادیدا بە شەو دەمێننەوە، بۆ ئەمەش وێنەی دەستکاریکراویان بە فۆتۆشۆپ بڵاو دەکردەوە و ئەمەش زۆرێك لە ژنەکانی ناچار کرد بوەستن لە گردبونەوەی ناڕەزایەتی و بەشداریکردن لەم جۆرە چالاکیانەدا. 

مردنی دکتۆر و چالاکوان ڕیهام یەعقوب نمونەیەکی زەقە لەسەر ئەو مەترسیانەی ژنان دووچاری دەبنەوە کاتێك بەشداری دەکەن لە چالاکیەکانی سەر ئینتەرنێتدا. ڕیهام لە ساڵی ٢٠٢٠ کوژرا پاش ئەوەی دووچاری بڕێکی زۆر لە زانیاری سەرلێتێکدەر و نوسراوی ڕقئامێز بۆوە. ئەم زانیاریە سەرلێتێکدەرانە ڕیهامی ناچار کرد بوەستێت لە چالاکی سیاسی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی و چیتر بەشداری نەدەکرد لە گردبونەوە ناڕەزایەتیەکاندا، بەڵام ئەم زانیاریە سەرلێتێکدەرانە وایان پیشاندا کە ڕیهام پەیوەندی هەیە لەگەڵ ئاژانسە ئەمریکیەکاندا و ئەمەش بووە هۆی کوشتنی ڕیهام. 

دۆسیەی کوشتنی ڕیهام وایکرد چالاکوانانی ژنی تر زیاتر ئاگاداری ئەو مەترسیانە ببنەوە کە دووچاری ژن دەبێتەوە لەگەڵ هۆکارەکانی خۆپاراستن. هاشتاگی #Reham_Yacoub # ڕیهام-یەعقوب لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تەشەنەی کرد و بڵاو بۆوە و وایکرد دۆسیەکەی ڕیهام سەرنجی جیهانی بۆلای خۆی راکێشێت. 

 Image removed.

پۆستێکی ناڕاست دەڵێت ڕیهام یەعقوب لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکادا لە بەسڕە کاردەکات بۆ ئاڕاستەکردنی ناڕەزایەتیەکان

دەستەی سیاسی لە عێراق و کەسایەتیە ئاینیەکان ڕۆڵیان هەبووە لە سنوربەندکردنی مافەکانی ژنان بە شێوەیەکی گشتی و مافەکانی ژنان لەسەر ئینتەرنێت بە شێوەیەکی تایبەتی. هەندێکیان نوسراوی فەرمیان بڵاو دەکردەوە لە هەوڵدا بۆ هاندانی شوێنکەوتووانیان لەوەی دژی بەشداری ژنان بوەستنەوە لە ناڕەزایەتیەکان و تەنانەت بڕیاردانیشدا. بەڵام بەرگریکاران لە مافەکانی ژنان و چالاکوانان دژی ئەمانە بوون و بەردەوام بوون لە هەوڵدان دژی جیاکاری لەسەر ئینتەرنێت و لە ژیانی ڕاستەقینەدا. 

سەرباری ئەمانە دۆخەکە تەنها بەئامانجگرتنی چالاکوانان نەوەستا لەسەر ئینتەرنێت، لەم چەند ساڵەی دوایدا هەندێك لە نوسراوی ڕقئامێز و هەواڵی ناڕاست لەسەر بەربژێرە ژنەکانی هەڵبژاردنەکان و کەسایەتیە ژنە سیاسیەکان بڵاوکرایەوە، ئەم کارە زیانی گەیاند بە ناوبانگیان و بووە هۆی لاوازکردنی کۆمەڵەی شوێنکەوتووان و هەواداران و دەنگەکانیان لە هەڵبژاردندا. ئەو زانیاریە ناڕاست و سەرلێتێکدەرانەی لەسەر ئەم ژنانە بڵاوبۆوە پەیوەندی هەبوو بە جۆری کۆمەڵایەتیەوە و بووە هۆی بەهێزکردنی پیاوسالاری لەسەر حەیاچوون و شەرەف و شوێنی ژن لە ناوماڵدا. 

هەندێك لەم کێشانە دەکرێت چارەسەر بکرێت لەڕێی پێداچوونەوە بە یاسای سزادانی کۆنی عێراقیدا لەڕێگەی لابردنی مادەکانی پەیوەندیدار بە تاوانی شەرفەوە. گرنگە شارەزایان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداربن لە داڕشتنەوەی یاسای نوێدا بۆ زامنکردنی ئەوەی بە شێوەیەکی دروست دابڕێژرێت پێش ئەوەی جێبەجێ بکرێت. ئەمە بە شێوەیەکی تایبەتی جێبەجێ دەبێت بەسەر ئەو یاسایانەی مامەڵە دەکەن لەگەڵ توندوتیژی ناوماڵ و ئاسایشی دیجیتاڵی و ئازادی ڕادەربڕیندا. سەرباری ئەمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەردەوام بێت لە فشارەکانی لەسەر حکومەت بۆ داڕشتنی ئەم جۆرە یاسایانە و بەرزکردنەوەی هوشیاری پێویست بۆ ئەم کارە. 

ئەم دەقە نوسراوە تیشك دەکاتە سەر پێویست بوونی ئەوەی هەموو تاکێکی عێراقی مافی دیجیتاڵی هەبێت تا بتوانێت وەکو هاوڵاتیەك بەشدار بێت لە چالاکیەکانی کۆمەڵگەکەی خۆیدا. هەروەها گرنگە کە نکوڵی نەکرێت لە مافی دیجیتاڵی کۆمەڵایەتی چونکە ژنان کاریگەری جیاوازیان دەکرێتە سەر کاتێك ئەم مافانەیان لێ زەوت دەکرێتەوە. سەرباری ئەوەی تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێت ڕێگەکانی دەربڕینی ڕا و بۆچوونی ژنان و بەشداربوونیان لە بابەتە سیاسیەکاندا دابین کردووە بەڵام لە هەمان کاتدا دووچاری چەندان ئاستەنگی و مەترسی دەبنەوە وەکو نوسراوی ڕقئامێز و زانیاری سەرلێتێكدەر و توندوتیژی کۆمەڵایەتی. ئەمەش جەخت دەکات سەر پێویست بوونی کاری یاسادانان و بەرزکردنەوەی هوشیاری لەسەر گرنگێتی مافە دیجیتاڵیەکان لە عێراقدا بەتایبەتی بۆ ژنان. 

فبراير 28, 2024

Other Articles