سیستەمی حوکمڕانی عێراق

ئینتیدابی بەریتانی و خەباتی عێراق بۆ سەربەخۆیی (١٩٢٠ - ١٩٣٢)

Fatimah Oleiwi
المؤلفة: هيلا مويس

لەگەڵ ڕێوڕەسمی تاجەگوڵینەی شا فەیسەڵ لە ٢٣ی ئابی ١٩٢١، دەوڵەتی هاوچەرخی عێراق لە ژێر ئینتیدابی بەریتانی لەدایک بوو.
x

ئەو وڵاتەی ئەمڕۆ بە عێراق ناسراوە، تا دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨)، بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سیستمی حوکمڕانی و ویلایەتەکانی بوو. لە ئەوروپا بە میزۆپۆتامیا ناسراوە، لە سەدەی هەشتەمەوە لەلایەن جوگرافیناسانی عەرەبەوە بە ئەل-عێراق ناودەبرێت. ئەو ناوچەیه ئەوکات له سێ پارێزگا، ڤیلایەت بە زمانی عوسمانی، لە موسڵ، بەغدا و بەسڕه پێکهاتبوو. لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم، هێزەکانی بەریتانیا لە ئێستاوە کۆنترۆڵی ئەم سێ پارێزگایەیان کردبوو کە لە بارەگای ئیداری بەریتانیا لە بەغداوە حوکمڕانییان دەکرد.

 

لە ساڵی ١٩٢٠ لە کۆنفرانسی سان ڕیمۆ، کۆمەڵەی گەلان ئینتیدابی بەریتانییان بۆعێراق پەسەند کرد. دژایەتییەکردنی دەسەڵاتی بەریتانیی هەمیشە هەبووە و دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی ئینتیداب، ڕاپەڕینێکی چەکداری سەرتاسەری دژی ئەم دەسەڵاتە لە کۆتایی حوزەیرانی ١٩٢٠دا سەریهەڵدا. لە لەندەن، ڕاپەڕین و بەهای سەرکوتکردنی بووە هۆی گەڕان بەدوای فۆرمێکی زیاتر قبوڵکراوی حکومەت لە عێراق. بەم پێیە بەریتانیای مەزن بڕیاریدا "کۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆ" بپارێزێت. لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٠ سێر پێرسی کۆکس، ڕەوانەی بەغدا کرایەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی یەکەم کۆمیساری باڵا بگرێتە ئەستۆ، کە ئامرازی سەرەکی سیاسەتی بەریتانیا بوو لەو وڵاتەدا. یەکەم کردەوەی فەرمی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بوو، ڕێزدار عەبدولڕەحمان ئەلگەیلانی ڕازی کرد کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو قبوڵ بکات و لەژێر چاودێری بەریتانیادا کار بکات و ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا.  لە ئاداری ١٩٢١ لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە قاهیرە بەڕێوەچوو و لەلایەن ئۆفیسی کۆلۆنیالی بەریتانیاوە ڕێکخرابوو، لەوێدا بڕیاری دامەزراندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق درا. شازادە فەیسەڵ کوڕی حوسەین کوڕی عەلی ئەلهاشمی، ئەندامی بنەماڵەی هاشمی خەڵکی حیجاز (کە ئەمڕۆ عەرەبستانی سعودییەیە) وەک پاشا دەستنیشانکرا.

 

لەگەڵ مەراسیمی تاجەگوڵینەی مەلیک فەیسەڵ لە ٢٣ی ئابی١٩٢١(هاوکات لەگەڵ جەژنی غەدیر کە وادەیەکی بەرچاوە بۆ شیعەکان) دەوڵەتی هاوچەرخی عێڕاق لەدایک بوو. ئینگلیزەکان سیاسەتی پەرتکە-و-زاڵبەیان بەکارهێنا، دابەشبوونیان لەسەر بنەما نەتەوەیی و ئایینییەکان دروستکرد. ئەوان پێیان باش بوو هاوکاری لەگەڵ عەرەبی سوننە بکەن، کە کەمتر لە ٢٠٪ی دانیشتووانەکەیان پێکدەهێنا. لەبەرامبەردا لە کۆی سێ ملیۆن دانیشتووی عێراق لەو کاتدا، نیوە زیاتریان شیعە بوون، نزیکەی ٢٠٪یان کورد بوون، ٨٪ی دیکەش لە کەمینەی مەسیحی، جوولەکە، ئێزیدی، سابئەکان و تورکمان پێکهاتبوون.  شا فەیسەلی یەکەم سیاسەتمەدارێکی زیرەک و واقیعی بوو ئاگاداری سنووری خۆی و ناسکی پێگەکەی و خەباتی پێویست بوو بۆ دروستکردنی بناغەیەک بۆ دەسەڵاتەکەی. ئەم هەستیارییەی لەپاڵ کەسایەتییە سحرئامێزەکەی یارمەتیدەربوون بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە عێراقدا. لە ماوەی سەرۆکایەتیدا، بەردەوام پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی هەمەچەشنی وڵاتی لەبەرچاو دەگرت، لەگەڵ کورد لە باکوور، و زۆرینەی شیعە و کەمینە هەمەچەشنەکان.

 

 

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢، پەیماننامەی ئەنگلۆ-عێراقی واژۆ کرا، کە بە شێوەی (دیفاکتۆ) سەروەری ناڕاستەوخۆی بەریتانیای بۆ ٢٠ ساڵی داهاتوو کۆد کرد. سەرەڕای ئەوەش، پەیماننامەکە ئاماژەی بە سروشتی کاتیی ئەرکە ڕاسپێردراوەکە (ماندێت) کرد و ئەرکی بەریتانیای بۆ قبووڵکردنی عێراق لە کۆمەڵەی گەلان ڕاگەیاند.  لە ١٠ی تەمموزی ١٩٢٤ ئەنجومەنی دامەزرێنەری عێراق یاسای ئۆرگانی پەسەند کرد، کە ئەوکات دەستوور وای پێ دەگوترا، عێراقی وەک پاشایەتی دەستووری ناساند و یاسای هەڵبژاردنیش پاش ماوەیەکی کەم ڕاگەیەنرا؛ ئەم ڕووداوانە بە نیگەرانیێکی زۆر لەناو دەسەڵاتدارانی عێراقدا دەوردرابوون. لە حوزەیرانی ١٩٢٦، پەیمانی سێ قۆڵی ئینگلیز-تورک-عێراقی دواجار پرسی موسڵی یەکلایی کردەوە، لە پەیماننامەکەدا پێناسەی ئەوە کراوە کە پارێزگای موسڵ موڵکی عێراق دەبێت. 

 

لە ساڵی ١٩٢٩ یەکەم سەندیکای کرێکاران دامەزرا، لە نێویاندا سەندیکای پیشەوانان. هەر لەو ساڵەدا عەبدولموحسین سەعدونی سەرۆکوەزیران بەهۆی شکستهێنانی لە دانوستان لەگەڵ ئینگلیزەکان بۆ سەربەخۆیی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، چونکە لەلایەن خەڵکەوە بە لایەنگری بەریتانیا ناوزەند کرابوو.  لەبەر ئەوە سێیەمین پەیکەری دروستکراو لە بەغدا کە لە تشرینی دووەمی ١٩٣٣ کرایەوە، بۆ زیندوو هێشتنەوەی یادی ئەو بوو. 

 

لە ساڵی ١٩٣٠ کاتێک نووری سەعید بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە خێرایی دانوستاندنی پەیماننامەی نوێی ئەنگلۆ-عێراقی کرد کە لە حوزەیرانی ١٩٣٠ واژۆکرا، لە ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٢عێراق وەک ئەندامی کۆمەڵەی گەلان وەرگیرا، بووە یەکەم وڵاتی عەرەبی کە بەشداری ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بکات. لە ئەنجامدا ئینتیدانی بەریتانی کۆتایی پێهات و شانشینی عێراق سەربەخۆیی فەرمی بەدەستهێنا. سەرەڕای ئەم سەربەخۆییە، پەیماننامەی ١٩٣٠ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ چەندین ئیمتیازی بۆ بەریتانیای گەورە دابینکرد، لەوانە بوونی سەربازی، بەڵام لەوەش گرنگتر کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوت بوو، کە بە شێوەیەکی کاریگەر سەربەخۆیی عێراقی تاڕادەیەک ڕووکەشانە کرد. سەرەڕای مشتومڕ لەسەر سەربەخۆیی ڕاستەقینە، هەر لەو ساڵەدا خزمەتگوزاری پۆستە بە زمانی عەرەبی دانرا. پێشتر نامەنووسی لە عێراق تەنها بە زمانی ئینگلیزی یان فەرەنسی ڕێگەپێدراو بوو، کارمەندانی بەریتانی کۆنترۆڵی هەردوو سندووقی نووسراوی دەرچوو و هاتوویان دەکرد.

 

 

هذا المحتوى مرخص بموجب رخصة المشاع الإبداعي  CC BY-NC 4.0.

Jan 3, 2025

Other Articles