"عیددە" و "داکوکات"... میراتی شاراوەی مۆسیقای فۆلکلۆری ژنان لە بەسرە
تیپی مۆسیقای ژنانی بەسرە بەشێکی دانەبڕاوە لە میراتی دەوڵەمەند و هەمەچەشنی کولتووری بەسرە. ئەم تیپانە نوێنەرایەتی دەربڕینێکی زیندوو لە ناسنامەی مۆسیقی شارەکە و مێژووی درێژخایەنی کۆمەڵایەتی شارەکە دەکەن. بە درێژایی مێژوو ژنانی بەسرە میراتی مۆسیقییان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستووەتەوە و ڕۆحی ڕەسەنایەتی و نەریتە باوەکانیان پاراستووە. سەرەڕای ئەو ئاڵناگارییانەی ئەم تیپانە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕوویان بووەتەوە، بەردەوام بوون لە ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە کۆمەڵگادا، هەندێکجار بە نهێنی و هەندێکجاریش بە بێگەردی ئەو ماددە مۆسیقیانەی کە پێشکەش دەکرێن. بەم کارە پێگەی مۆسیقای ژنان لە داڕشتنی شوناسی کولتووری جەماوەریی بەسرەدا دووپات دەکەنەوە.
عیددە ناوێکە بۆ گرووپە میوزیکییەکانی ژنان، و بە مانای تیپ دێت، هەروەها ژنێک بەرپرسە لە عیددە، کە ئەرکی ڕێکخستن و هەماهەنگییە بە گشتی و زۆرجاریش گۆرانیبێژی سەرەکییە، ئەم ناوە لە دەیەی ساڵانی پێشوو بەتایبەت لە شاری زوبەیر کە ئەم گرووپانەی تێیدا بڵاوبوونەتەوە باو بوو. ئەمانەش بەناوبانگ بوون بە گرووپە میوزیکییە مێینەییەکان کە ئەندامەکانیان هەموویان ژن بوون و پێشتر ئاهەنگی هاوسەرگیریان لە ماڵی کەسایەتییە دیارەکاندا زیندوو دەکردەوە، بە تایبەت ئاهەنگی هاوسەرگیری و کۆبوونەوەی ژنان، ئەم گرووپەی ژنان بە فۆلکلۆری ڕەسەنی بەسرە دادەنرێن، و گرووپی مێینە یان عیددە، جۆرێکە لە کولتووری مۆسیقی لە شاری بەسرە، هەروەها ئەم گرووپانە پێیان دەگوترا (داکوکات) و بۆ زیندووکردنەوەی ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ ژنان و بە تایبەتی ڕێوڕەسمەکانی (جەلوە)، جەلوە ڕێوڕەسمێکە لە شاری زوبەیر بەتایبەت و بەسرە بەگشتی ناسراوە، هەروەها ڕێوڕەسمێکی ڕۆحییە کە بۆ بووک لە شەوی زەماوەندەکەیدا ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی ئاهەنگی بۆ بگێڕن و دوعا بکەن بۆ ئەوەی بووک و زاوا سەرکەوتوو بن و ژیانێکی بەختەوەریان هەبێت، کە چوار ژن لۆکەیەکی سپی دەگرن و بەسەر بووکەکەدا دادەنێن و چەند ئایەتێک بە ڕیتمی سامەری دووبارە دەکەنەوە وەک (ڕاستگۆیە لە پاراستنی خۆی و شیرینە لە ماناکانیدا) جگە لە هەندێک ستایشی پێغەمبەر و باسی زەواجی پڕ بەرەکەتی بنەماڵەی پێغەمبەر.
ئەم تیپانە بە نمایشەکانیان ناسراون کە بریتییە لە گۆرانی فۆلکلۆری عێراقی، گۆرانیبێژە ژنەکان بەگشتی بە مەوال(حەیران) دەست بە گۆرانی گوتن دەکەن. ئەم تیپانە گۆرانییەکانی خۆیان دانەناوە، بەڵکو لە گۆرانییە باوە عێراقی و عەرەبییەکانیان وەرگرتووە. کە پێکهاتوون لە گرووپێک ژنی تەپڵ و زەڕب لێدەر و یەک گۆرانیبێژ. ئەمە جگە لەوەی کە ژنە زەربژەنەکان لە شێوەی کۆڕسێکدا دروشم دەڵێنەوە بۆ زیادکردنی جۆش و خرۆش لەنێو ئاهەنگگێڕاندا.
بوونی تیپی خانمان لە شارەکەدا بە ئاماژەیەک بۆ سەلیقە و میزاج لە خۆشەویستی گۆرانی و هاوڕێیەتی دادەنرێت و بێگومان ژنان ئەم پیشەیەیان وەک کارێک بەکارهێناوە بۆ بژێوی ژیان و هەروەها ناوبانگیش. لە ناوبانگترین تیپەکانی بەسرە بریتین لە (تیپی زەکیە ئەلداکوکە، تیپی ئوم عەلی، و تیپی ئوم غوسون)، کە بە جیاوازی خۆیان لە بەسرە و کەنداو ناسراو بوون و گۆرانی میراتی نەتەوەییان بە شێوەیەکی جیاواز و سەرسوڕهێنەر دەگوتەوە. شایانی باسە کە ژنان لە دانیشتن و گۆرانییەکانی خەشابە، لەسەر ئاستی گۆرانی وتن، و لەسەر ئاستی چەپڵەلێدان یان کۆڕ وەک بەشێک لە پرەنسیپەکانی گۆرانی وتنی ئەم هونەرە بەشداریان کردووە. هەروەها تیپی خانمان هەبوون کە هونەری خەشابەیان پێشکەش دەکرد، وەک (تیپی حاجی شێخە عەودە ئەلمهەننا- تیپی ئوم زاید - تیپی ئوم مریان - تیپی ئوم حوسێن - تیپی ئوم هەدیل - تیپی ئوم ئامینە). بەڵام گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە لە سەدەی ڕابردوودا دانیشتن هەبووە کە بە هاوبەشی لە نێوان ژنان و پیاوان بەڕێوەچووە، بە پێچەوانەی مەقامی عێراقی لە بەغدا کە بەشداری ژنان تێیدا قەدەغەبووە، "ئەمەش لەو بنەمایەوە سەرچاوە دەگرێت کە مەقام پیاوسالاریی، هێز، و بەرزییە".
ئەم دانیشتنانە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا بە خێرایی نەما و دانیشتنەکانی خەشابە تەنها بۆ پیاوان سنوردارکران. گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم ژنانە "زۆربەی بەڕەچەڵەک ئەفریقی بوون (عێراقی ڕەشپێستی ئەفریقی) کە لە شاری زوبەیر زۆر بوون و لە ڕووی مێژووییەوە لە ڕێگەی چەوساندنەوە و بازرگانی کۆیلە هاتوونەتە ئەم شارە. ئەم هونەرانە بەشێکن لە شێوازی ژیان و ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان کە لە شوێنێک بە ناوی مەکید ڕاهێنانیان کردووە. مەکید شوێنێک بووە بۆ پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمی عێراقییە ڕەشپێستە ئەفریقییەکان کە لە ڕابردوودا زۆرجار ئەم ڕێوڕەسمانە بە تەواوی پەیوەست بوون بە ڕیتمەوە. دواتر لەگەڵ تێپەڕبوون و پەرەسەندنی کات تێکەڵ بوون لەگەڵ هونەرە ئامادەبووەکانی شاری بەسرە. ئەم گرووپەی ژنان پێشتر پێیان دەگوترا عیددە، وەک باسمان کرد. دەکرێ بڵێین ئەم بەرپرسیارییەتییەی کە لەسەر ئەستۆی عیددەیە، مۆدێلێکی سادەکراوی سەرکردایەتی مۆسیقایە.
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا، بەو پێیەی لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا نمایش دەکەن، تیپی خانمان ژمارەیان لە کەم بوونە، کە تەنها بۆ خانمان سنووردارە و ئاهەنگی تێکەڵ نایانگرێتەوە، ئەمەش لە ماددەی میوزیکی پێشکەشکراودا ڕەنگدانەوەی هەبووە و وایکردووە سادە و بێگەرد بێت. گومانی تێدا نییە کە ئەم دابەزینە بەرچاوەی ژمارەی تیپەکانی ژنان بۆ بارودۆخی ئەمنی، کۆمەڵایەتی و سیاسی دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی ئەمڕۆ ژمارەی ئەو تیپانە لە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک زیاتر نینە.
نوسەر: حوسێن عەلی مەنسوری (کۆمەڵەی فیردەوسی عێراقی)
ئەم ناوەڕۆکە بەپێی مۆڵەتی Creative Commons CC BY-NC 4.0 مۆڵەتی پێدراوە.