رسە ژینگەییەکان

گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەژاری لە عیڕاق

Achref Chibani
عیڕاق نەتەوەیەکە ڕووبەڕووی کارەساتی سروشتی دەبێتەوە، هەروەها زۆر زوو بەرەوڕووی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی دەبێتەوە. ئەم وتارە ڕوونکردنەوەییە بخوێنەوە کە تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی ئەو شۆکانەی پەیوەندییان بە گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، هەروەها باندۆڕ و کاریگەری ئەم گۆڕانانە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری لە عیڕاقدا.
Climate change and poverty in Iraq

 

پوختە: ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی هەزارەیی، حەڤدە ئامانجی گەشەپێدان دەناسێنێ کە یەکەمیان ئامانجی لەناوبردنی هەژارییە و سێزدەهەمیان گرنگی بە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات. تایبەتمەندییەکی بەرچاوی ئەم ئامانجانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بریتییە لە کاریگەری وابەستەبوونیان بەیەکەوەیە، کە هەر ئامانجێک کاردەکاتە سەر ئەوانی دیکە و کاریگەری ئەوانی دیکەشی لەسەرە. ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای جیهانی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی هەژاری هەیە. لە عیڕاقدا، ئاڵنگارییە بەرچاوەکانی کەشوهەوا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە سەریان هەڵداوە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئاستی هەژاری وڵاتەکە هەبووە. ئەم گۆڕانکارییانەی کەشوهەوا پێویستیان بە جێبەجێکردنی ڕێبازێکی گشتی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، چونکە تێکچوونی ژینگە دەکرێ کاریگەری خراپی لەسەر بەرهەمهێنان و دامەزراندن هەبێت، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر هەژارترین و لاوازترین بەشەکانی دانیشتوان دەبێت. هەروەها ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوتی نێودەوڵەتی و کاریگەری لەسەر دارایی گشتی وڵاتەکە هەبێت. ئەم دۆخە پرسیارێکی چارەنووسساز دەوروژێنێت: مەودای کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر هەژاری لە عیڕاقدا چەندە؟

 

یەکەم: ئاماژەکانی هەژاری لە عیڕاق

 هەژاری بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت: "دابەزینی ئاستی ژیان لە خوار ئاستێکی دیاریکراو لە چوارچێوەی پێوەرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان." بانکی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتانە بە هەژار دەناسێنێت کە داهاتی تاکەکەسی ساڵانە کەمترە لە ٦٠٠ دۆلار، ٤٥ وڵات دەگرێتەوە کە زۆربەیان لە ئەفریقیان و تێکڕای داهاتی تاکەکەسی ساڵانە کەمتر لە ٣٠٠ دۆلارە لە ١٥ لەو وڵاتانە. بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) هەژاری بە زیاتر لە کەمی داهات، سەرچاوە، یان دڵنیابوون لە بژێوییەکی بەردەوام پێناسە دەکات. هەژاری چەندین ڕەهەند لەخۆدەگرێت لەوانە برسێتی، بەدخۆراکی، دەستڕانەگەیشتن بە خوێندن و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، جیاکاری کۆمەڵایەتی، دوورخستنەوە لە کۆمەڵگا و نەبوونی دەرفەت بۆ بەشداریکردن لە بڕیاردان. بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان سەبارەت بە پێوەرەکانی هەژاری لە عیڕاق، ساڵی ٢٠١٤ ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پێوەرەکانی هەژاری فرەڕەهەند لە ٪ ٠.٠٥ بووە، کە ٪ ١٣.٣ی دانیشتووان لە ژێر ئەم بارودۆخانەدا دەژین، ئەمەش یەکسانە بە ٤٢٣٦ تاک لە هەر هەزارێکدا، لە کاتێکدا توندی بێبەشی ٪ ٣٩.٤ بووە، و ٪ ٧.٤ی دانیشتووان لە ژێر مەترسی هەژاری فرەڕەهەنددا بوون ، کە ٪٢.٥ لە هەژارییەکی سەختدا دەژین. هەروەها ڕەهەندەکانی بێبەشبوون لە هەژاریی گشتی ٪٢.٥ بووە. لە ڕووی پەروەردەوە ڕێژەی ٪٥٠.١ و لە تەندروستی ٪٣٨.٦ و ئاستی ژیان ٪١١.٣ بووە.

ڕاپۆرتی گەشەپێدانی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٥دا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێوەرەکانی هەژاری فرەڕەهەند ٪٠.٠٥٢٣ بووە لە کاتێکدا، ڕاپۆرتی ٢٠١٩ دەریخستووە کە پێوەرەکانی هەژاری لە ماوەی نێوان (٢٠٠٧-٢٠١٨) ٪٨.٦ بووە، لەگەڵ توندی بێبەشی لە ٪٣٧.٩. ڕێژەکان لە ڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بە جێگیری ماونەتەوە، پێدەچێت بەهۆی نەبوونی داتا و ڕاپرسیی دانیشتوان لەلایەن حکومەتی عیڕاقەوە بێت.

دووەم: شێوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عیڕاق

ئەمڕۆ عیڕاق بە هۆی چەند هۆکارێکی جیاواز بە گۆڕانکارییەکی زۆر لە کەشوهەوا تێدەپەڕێت و کێشەی ئاو لە پێشەنگ دایە. سەرچاوە ئاوییەکانی عیڕاق لەبەر چەند هۆکارێک لەژێر فشاری زیاتردان، یەکەمیان گەشەی دانیشتوان و گەشەسەندنی ئابورییە، ئەمە جگە لە زیادبوونی ڕاکێشانی ئاو لەو وڵاتانەی کە دەکەونە کەناری ڕووباری دیجلە و فورات، هەروەها بەهۆی ستراتیژیی سەرچاوەی زەوی لە عیڕاقدا. ئەم کاریگەریانە خەمڵێنراون ببنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی بە یەک پلەی سیلیزی. هەروەها پێشبینی دەکرێت بۆشایی دابینکردنی ئاو تا ساڵی ٢٠٢٣ بگاتە ١٠.٩ ملیار مەتر سێجا، ئاسایشی ئاوی عیڕاقیش ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، بەهۆی پشتبەستنی بە تێڕژانی ئاو لە وڵاتانی دراوسێوە، بەوپێیەی عیڕاق وڵاتێکی خوارەوەی تەووژمی ئاوەکەیە و زیاتر لە ٪٦٠ی بەرهەمهێنانی ئاوی عیڕاق  لە دەرەوەی سنوورەکانییەتی (تورکیا-ئێران-سوریا). جگە لەمەش ئاوەکانی عیڕاق ڕووبەڕووی کێشەی سوێری و داخورانی خاک دەبنەوە کە پەیوەندییان بە چالاکییەکانی شارەوانی و پیشەسازی و کشتوکاڵییەوە هەیە. بۆیە دە پارێزگای عیڕاق لە کۆی ١٨ پارێزگا ئاسانکارییان هەیە بۆ پاڵاوتنی ئاوی ئاوەڕۆ، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە بە خراپی، هەروەها کەمی و دەگمەنی ئاو دەبێتە هۆی مەترسی گەورە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان کە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست دەکات لەڕووی زیادبوونی رێژەی خوێ و فراوانبوونی تەپۆڵکە خۆڵەکان بەرەو خاک. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەری زۆرە ڕێژەی ئاو لە عیڕاق تا ساڵی ٢٠٥٠ کەمببێتەوە بۆ٪٢٠. لە سەر تێبینییەکی دیکە، دەردانی گازی ژەهراوی هۆکارێکە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە عیڕاقدا، کە دەردانی کاربۆن لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتەوە. عیڕاق ٪٠.٤٥ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی پێکدەهێنێت، لە پلەی چوارەمی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا دێت لە دوای ئێران و سعودیە و میسر لە ساڵی ٢٠١٩ەوە. هەروەها عیڕاق بەرزترین چڕی کاربۆنی تۆمارکردووە (دەردانی گازی ژەهراوی وەک ڕێژەیەک لە دەردانی گشتی)،کە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی چڕی دانیشتوان و زیادبوونی بەرهەمهێنانی وزە و گواستنەوەی ناوخۆیی هەیە. بەرهەمهێنانی نەوت و گاز خۆیان گازی گەرمخانەیی بەرچاو دەردەدەن بەهۆی ئەو ماددە نەوتییانەی کە بەشدارن لە پرۆسەکانی دەرهێنان و هەڵگیرساندن و باکێش کردنی غازی سروشتی و دزەکردنی گازی میتان بەدرێژایی زنجیرەی بەهاداری نەوت و گاز. لە کۆتاییدا، بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کەرتی وزە نزیکەی سێ لەسەر چواری کۆی گشتی دەردانی کاربۆنی عیڕاق پێکدەهێنێت، کە زیاترە لە ٪٦٠، زیاتر لە ٪٩٨ی کارەبای عیڕاق لە سووتەمەنی بەردینی ساڵی ٢٠١٩ بەرهەمدەهێنرێت. هەروەها کەرتی کارەبا بەشدارە لە دەردانی گازی ژەهراوی کە مەترسییە لەسەرژینگە و کەشوهەوا، چونکە زیادبوونی پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە مۆلیدە گشتییەکانەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتی، دەردانی گازی ژەهراوی زیاتر دەکات بە بەراورد بەو وێستگانەی کارەبا کە بە گەرمی دێنە بەرهەم. عیڕاق لە ڕیزبەندی پێنجەمی جیهاندایە لە ژمارەی مۆلیدەی گشتی. ڕاستییەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە عیڕاق ئاماژە بەوە دەکەن کە پێنجەم وڵاتە لە ژێر مەترسی تێکچوونی کەشوهەوایە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش بەهۆی دیاردە توندەکانی کەشوهەوا وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، کەمی بارانبارین و وشکەساڵی، کەمی ئاو، دووبارەبوونەوەی زریانی خۆڵ و لم و لافاو. لە ساڵی ٢٠١٣ عیڕاق زیاتر لە ٣٠٠ زریانی خۆڵی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٩٠ ژمارەی زریانی خۆڵ کەمتر بووە لە ٢٥ لە ساڵێکدا. سەرەڕای ئەوەش، ٪٩٤ی ئاوارە ناوخۆییەکان (IDPs) لە پارێزگاکانی باشووری عیڕاق کەمی ئاویان وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئاوارەبوونیان ڕاگەیاندووە.

سێیەم: پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا لە عیڕاق و خراپتربوونی دۆخی هەژاری

پەیوەندی نێوان کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی پێوەرەکانی هەژاری لە عیڕاقدا دیارە، بەو پێیەی داتا نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە عیڕاق وڵاتێکە داهاتی مامناوەندە، یەکێک لە بەرزترین ڕێژەی هەژاری تۆمار دەکات. وەک پێشتر باسمان کرد، ڕێژەی هەژاری لە سەرانسەری ناوچەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا جیاوازە، ناوچە گوندنشینەکان دوو هێندە ڕێژەی هەژارییان بە بەراورد بە ناوچە شارییەکان ئەزموون کردووە. سەبارەت بە خۆشگوزەرانی نێوان باکوور و باشوور، ناوچەکانی باشوور بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی، ئەمەش وایکردووە زیاتر بەرەوڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە، لەوانە زیادبوونی کەمی ئاو و بەرزبوونەوەی توندی پلەی گەرمی. ئەم هۆکارانە کاریگەرییان لەسەر هەلی کار و بژێوی ژیان هەیە، بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتدا، وەک کارەکانی پەیوەست بە کشتوکاڵ، کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کرێکاری ناشارەزا هەیە. پێشبینی دەکرێت ئەم هەلی کارانە بە ڕێژەی ٪١١.٥لە داهاتوویێکی نزیکدا کەمببنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی هەژاری عیڕاق دەبێت و ژمارەی تاکی هەژار زیاد دەکات. هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا زیانی تەندروستی دەگەیەنێت، وەک زریانی تۆز و دەردانی کاربۆن و سووتانی غازی سروشتی و پرۆسەکانی پاڵاوتنی نەوت لە عیڕاقدا، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییە توندەکانی وەک شێرپەنجە. ئەمەش تاکەکان ناچار دەکات کارەکانیان بەجێبهێڵن و هەندێکیشیان کۆچ بکەن، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە عیڕاق و دابەزینی ئاستی خۆشگوزەرانی.

 

چوارەم: سیناریۆکانی داهاتوو

سیناریۆی داهاتوو هەیە بۆ کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بارودۆخی هەژاری لە عیڕاقدا، بە کورتی بەم شێوەیە:

 سیناریۆی یەکەم: پێشبینی دەکرێت گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوام بێت و بارودۆخی هەژاری زیاد بکات، لەگەڵ کەمیی بەردەوامی ئاو و زیادبوونی دەردانی گازی ژەهراوی. لە ئەنجامدا، پێوەرەکانی هەژاری لەگەڵ بەردەوامی وەڵام نەدانەوەی حکومەت بۆ قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و بێبەشی بەردەوام بۆ تاکەکان زیاد دەکات.

سیناریۆی دووەم: ئەگەری ئەوە هەیە کە بیرکردنەوەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر بارودۆخی هەژاری لە عیڕاقدا بگۆڕێت، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە ببێتە هۆی هۆشیاری کۆمەڵگا و بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتەکانی حکومەت هەبێت، کە هاندەری ڕێوشوێنی جددی و توند بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.

 

پێنجەم: ڕاسپاردەکان

١. جێبەجێکردنی سیاسەتی گەشەپێدانی گشتی بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن لە عیڕاق و بەرەوپێشبردنی وزەی نوێبووەوە.

٢. کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی گشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و نەهێشتنی کەلتووری مۆلیدە گشتییەکان بەهۆی کاریگەریی زیانبەخشەکانیان بۆ سەر دانیشتوانی نیشتەجێبووی ناوچەکە.

٣. دۆزینەوەی ڕێگاچارەی جددی و ڕێککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ گەڕاندنەوەی تەووژمی ڕۆیشتنی ئاو بۆ عیڕاق و پاراستنی ئاسایشی ئاو.

٤. ڕووبەڕووبونەوەی سوێری خاک و پەرەپێدانی شێوازی سەردەمیانە بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری، ئەمە جگە لە پاڵپشتی لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ دانیشتوانی گوندەکان و داڕشتنی پلانی گەشەپێدان لەو ڕووەوە.

 

دەرئەنجام:

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، عیڕاق پلەیەکی مامناوەندی بەدەستەوەیە و ڕێژەی هەژاری بەدرێژایی ساڵە جیاوازەکان زیادیکردووە، ئەمەش لەو کاتە دایە کە وڵاتەکە تووشی ئەو گۆڕانکارییە سەختانەی کەشوهەوا دەبێت. ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە نێوان چینە کۆمەڵایەتییە هەژارەکان و بەتایبەتی گوندنشینەکاندا هەیە. لە ئەنجامدا ئەم کاریگەرییە ئەنجامی نەرێنی لەسەر تەندروستی و ئاسایشی خۆراکی تاکەکان دەبێت و سەرمایەی مرۆیی دەخاتە مەترسییەوە.

 

ئەم بابەتە لەلایەن وەلاء عەلی فەرحان / سەنتەری ئەلبەیان بۆ پلاندانان و لێکۆڵینەوە نووسراوە و بەگوێرەی مۆڵەتی CC BY-NC 4.0 

 

Oct 3, 2024

Other Articles