چیرۆکی سەرکەوتن - پڕۆژەی "بەهێزکردن و بەشداریکردنی میکانیزمەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بۆ پێشخستنی پێکەەوەژیانی کۆمەڵایەتی".
لە ناوچە دوورەدەستەکانی باکووری عیڕاق، لە خاکێکدا کە خاوەنی مێژوو و کولتوورێکی دەوڵەمەندە، پارێزگای نەینەوا هەڵکەوتووە. ئەم ناوچە هەمەچەشنە کە لانەی چەندین گرووپی نەتەوەیی جیاوازە لەوانە سوننە، شیعە، مەسیحی، کاکەیی، ئێزدی، تورکمان و شەبەک، لە سەرەتای ساڵانی 2000 ەوە ڕووبەڕووی ئازارێکی چاوەڕواننەکراو بوو. ئەو بارە کارەساتبارە لە ساڵی 2014 هات، کاتێک ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیڕاق و شام، یان داعش، باکووری عیڕاقی گرت و شەپۆلێکی توندوتیژی و تیرۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
هەڵمەتی دڕندانەی داعش کەمینەکانی کردە ئامانج و زۆرترین زیانیان بە مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان گەیاند. ئەوان کردەوەی ترسناکیان ئەنجامدا- لەسێدارەدانی خەڵک، ڕاهێنانی سەربازی بۆ منداڵەکان، کۆیلەکردنی ژنان و ناچارکردنی دیلەکان بۆ وازهێنان لە ئایین و کولتوورەکانیان. خەڵکی ئاشووری-کلدانی-سریانی کە زیاتر لە هەزار ساڵە نەینەوایان بە ماڵی خۆیان ناودەبرد، ناچاربوون ڕابکەن و پەنایان بۆ شاری عەنکاوە لە کوردستانی عیڕاق برد. ماڵ و کڵێسا و موڵکە گشتییەکانیان - زیاتر لە 12,900 خانوو و 360 کڵێسا و 140 بینای گشتی – تێکشکێنران و بوونە داروپەردوو.
لە هەوڵی سڕینەوەی ئەم پێکهاتانە لە نەینەوا، داعش ئامانجی لەناوبردنی کەلەپوورێک بوو کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 6000 ساڵ پێش زایین، کە ئەمەش بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر مێژووی دەوڵەمەندی میزۆپۆتامیا. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا توندوتیژییەکان کەمیان کردووە، بەڵام شوێنەواری جەنگ هەر ماوە. متمانە، لە نێو دەسەڵاتداران و لە نێوان کۆمەڵگاکاندا، قووڵی لەدەستداوە. لە ڕاپرسییەکی ساڵی 2016ی ڕێکخراوی هاریکاری کڵێسای نەرویجیی ئاشکرایکردووە، تەنها لەسەدا 12ی دانیشتوانی نەینەوا هەستیان بەوە کردووە کە دەتوانن متمانە بە زۆربەی خەڵکی دەوروبەریان بکەن.
لە ناوەڕاستی ئەم پاشخانە بێمتمانەیی و وێرانکارییەدا، چرایەکی هیوا لە ڕێگای پڕۆژەی "بەهێزکردن و بەشداریکردنی میکانیزمەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بۆ پێشخستنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی" سەریهەڵدا. ئەم دەستپێشخەرییە، لەلایەن بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (UNDP) پاڵپشتی دەکرێت و لەلایەن سێ ڕێکخراوەوە جێبەجێکراوە- ڕێکخراوی هاریکاری گشتی (PAO)، تۆڕی هاوپەیمانی کەمینەکانی عیڕاق (AIM) و ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوە لە پێناوی مرۆڤایەتی- تیشک دەخاتە سەر پێنج ناوچە کە کەمینەکان تێیدا نیشتەجێن ئەوانیش ناوچەکانی: شەنگال، سنونی، حەمدانییە، تەلکەیف، و بەعشیقە.
پڕۆژەکە بە هەڵسەنگاندنێکی وردی پێداویستییەکان دەستیپێکرد، بووە هۆی زنجیرەیەک چالاکیی کە بۆ پردکردنەوەی بۆشاییەکان و ساڕێژکردنی برینەکان داڕێژراون. لەوانە گفتوگۆی گرووپی فۆکەس لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگا، وۆرکشۆپ لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆیی و هێزە ئەمنییەکان، دانیشتنی نێوەندگیر و دیالۆگ هەروەها دروستکردنی "رێککەوتننامەی ئاشتی ناوخۆیی". ئەم ڕێککەوتنانە کە پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری بەرجەستە دەکەن، ئامانجیان چاککردنەوەی پەیکەری پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانە کە بەهۆی چەندین ساڵ لە ململانێ تێکچووە.
وەڵامی پڕۆژەکە یەکجار ئەرێنی بوو. هەستی کۆمەڵایەتی و لێکتێگەیشتنی لە نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکانی نەینەوادا دووبارە هەڵگیرساندەوە. یەکێک لە سوودمەندە مەسیحییەکان تێبینی ئەوەی کردووە، "ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەرە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی لە نەینەوا، کە پێکهاتووە لە پێکهاتە کەمینە لاوازەکان و پەراوێزخراوەکانی وەک ئێزدی، کورد، تورکمان، شەبەک، کاکەیی، مەسیحی، و عەرەبی سوننە و شیعە. کە دەنگیان گەورەتر دەکات، چارەسەری پێداویستییەکانیان دەکات، توانای دەسەڵاتە ناوخۆییەکان، پۆلیس و ئاسایش بەهێز دەکات بۆ پشتگیریکردن لە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی ئاشتییانە."
گرووپی دیکەی سوودمەند لە شەبەکەکان ئەم هەستانەی دووپاتکردەوە و تیشکی خستە سەر ئەوەی چۆن پڕۆژەکە سەرکەوتوو بووە لە گەڕاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و متمانە و ئامانجە هاوبەشەکان. نوێبوونەوەی ئەم پەیوەندییانە زۆر پێویستن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە نەینەوا بۆ ساڵانی داهاتوو.
بەم شێوەیە، چیرۆکی نەینەوا کە سەردەمانێک بەهۆی ئازار و ململانێیەوە تێکچووبوو، ئێستا بەڵێنی ئاشتی و یەکگرتوویی لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو هەوڵە دڵسۆزانەی کە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئەو پارچانەی لە یەکتر جیاکرابوونەوە کراوە.
ئەم ناوەڕۆکە بەگوێرەی مۆڵەتی پرۆشەی داهێنانکارانە ڕێپێدراوە CC BY-NC 4.0.