چیرۆک گێڕانەوە، یادەوەری و کاریگەری: بزووتنەوەی تشرینی عیڕاق
پێشەکی:
لە کاتێکدا زۆرێک لە چاودێران بانگەشەی ئەوە دەکەن بزووتنەوەی ناڕەزایی تشرین لە عیڕاق بە زۆر بێدەنگ کراوە، من لەو بڕوایەدام زەبری کۆکردنەوەی ئەو بزووتنەوەیە لە دەرەوەی سنووری خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام درێژەی پێدەدرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە بزووتنەوەکە ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە چیرۆکگێڕانەوەدا داکوتاوە؛ لە ئەنجامدا، یادەوەرییە زیندووەکانی لە ناڕەزاییە جەماوەرییەکان بەردەوامن لە هاندانی هۆشیاریی کۆمەڵ.
چیرۆکگێڕانەوە وەک ئامرازێک
چیرۆکگێڕانەوە یارمەتیدەرە بۆ مانا بەخشین بە ئەزموونی زیندوو لە ڕێگەی دووبارە گێڕانەوە و نواندنی زارەکی و/یان جەستەیی و وەرگرتن و بەشداری کردنی لەلایەن گوێگرێک یان بینەرێکەوە. بۆیە چیرۆکگێڕانەوە لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی کولتووری کۆمەڵایەتییە کە مرۆڤەکان لەگەڵ چیرۆکە گێڕدراوەکەدا کاردانەوەیان دەبێت. ئەم پڕۆسەیەش گوتاری تایبەت بە کات و شوێن بەرهەم دەهێنێت کە تێیدا کەسەکان لە خۆیان تێدەگەن. ئەم لێکدانەوە کەسییەش چەقی چیرۆکگێڕانەوەیە؛ دەنگ هەمیشە ئامادەیە. چیرۆکنووسان خەریکی گێڕانەوەی ڕانگدانەوەیین و لە هەمان کاتدایشدا ئەم ڕەنگدانەوەیە لە بینەرە سەرقاڵەکانیاندا دەڕووژێنن. لە ڕێگەی ئەم پڕۆسەیەوە ناسنامەکانمان بنیات دەنێین، ئامانج دەدۆزینەوە و خەیاڵی ڕابردوو دەکەینەوە. چیرۆکگێڕانەوە ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی کەسی و کۆمەڵ، خواستە گشتییەکان و کارکردن بۆیان. بۆ ئەوەی چیرۆکگێڕانەوە سوودمەند و فێرکاری و هاندەر بێت بۆ گۆڕانکاری، دەبێت چیرۆکگێڕانەوە پەیوەندیێکی نزیکی بە بینەرانەوە هەبێت و ڕاستەوخۆ دەستی پێیان بگات و کار بکاتە سەر هەستەکانیانەوە. لە کاتی بزووتنەوە ناڕەزاییەکان، کە مەنجەڵێکن بۆ کوڵانی تووڕەیی و ناڕەزایی، چیرۆکگێڕانەوە ئامرازێکی بەهێزە بۆ ورووژاندنی هاودەنگی و بەرەنگاربوونەوەی دۆخی ئێستا.
لە پاشخانی پەیوەندییە ناهاوسەنگەکانی دەسەڵاتدا، چیرۆکگێڕانەوە هەم پەیوەندی ئەرێنی لەناو کۆمەڵگاکاندا دروست دەکات و هەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان چڕتر دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وتاری دابەشکاری و توندوتیژیی سیستماتیکی بەردەوام بێت. بە جیاکردنەوەی چیرۆکگێڕانەوەی ڕووخێنەر و بنیاتنەر، دەتوانین ئەو چیڕۆکانە دیاری بکەین کە کردەوەکانی بەرخودان دەرووژێنن و پاساوی بۆ دەهێننەوە. بە گوێرەی جێسیکا سێنێهی، چیرۆکگێڕانەوەی بنیاتنەر "گشتگیرە و هێزی هاوکاری و دانپێدانان بە یەکتر پتەو دەکات؛ دەرفەت بۆ کراوەیی و گفتوگۆ و تێڕوانین دروست دەکات؛ ئامرازێکە بۆ بە هۆشیارکردنی پرس و کێشەکان؛ و ئامرازێکە بۆ بەرخودان". لە بەرامبەردا، چیرۆکگێڕانەوی ڕووخێنەر "پەیوەندی بە دەسەڵاتی زۆرەملێییەوە هەیە ('دەسەڵات بەسەر' لە بڕی 'دەسەڵات لەگەڵ')، پراکتیزەکردنی دوورخستنەوە، نەناسینیەوەی یەکتر، ناپاکی و کەمیی هۆشیاری. جۆرێکە لە جۆرەکانی چیرۆکگێڕانەوە کە بێ متمانەیی و نکۆڵیکردن بەردەوامە تیایدا." چیرۆکگێڕانەوەی ڕووخێنەر کاتێک سەرهەڵدەدات کە مرۆڤەکان دابەشدەبن لە نێوان نموونەیی و ڕاستەقینە لە ڕێگای سڕینەوە و/یان داپۆشینی ڕاستییەکانی چیرۆکەکە. جیاکردنەوەی چیڕۆکگێڕانەوەی ڕووخێنەر و بنیاتنەر، دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی زۆرەملێ بەرامبەر بە دەسەڵاتی هاوبەش، کەمکردنەوی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە یەکترناسینی هاوبەش، ناپاکی و بێ ئاگایی بەرامبەر بە ڕاستگۆیی و هۆشیاریی ڕەخنەگرانە، و بەرخودان و هێز بەرامبەر بە سستی و بێ هیوایی لە یەک جیابکرێنەوە. بزووتنەوەی تشرینی عیڕاق شوێنی ئەو جۆرە جموجۆڵانە بووە، کە هاوڵاتیانی خاوەن دەزگا و هێز چیرۆکگێڕانەوە وەک ئامرازێکی بەرخودان بەکاردەهێنن.
تشرین: چیرۆکەکە
لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، بزووتنەوەی تشرینی عیراق (ئۆکتۆبەر بە عەرەبی 'تشرین' ە) وەک بەهارێکی هۆشیاری جەماوەریی سەریهەڵدا. لە بەرفراوانترین ناڕەزاییەکانی مێژووی ئەم دواییەی عیراقدا، عیڕاقییەکان بۆ مافەکانیان و خۆ ئاژانس بوون خۆپیشاندانیان کرد، کە دەیان ساڵە نکۆڵییان لێ کراوە. هەزاران خۆپیشاندەر گۆڕەپانە گشتییەکانیان پڕکردەوە و ڕێگاوبانی چەند شارێکیشیان داخست. لە شوێنەکانی وەک گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و گۆڕەپانی حەبوبی ناسڕیە، کە مۆنۆمێنتەکانی ئەم گۆڕەپانانە چیرۆکی ڕابردووی یاخیبوونی وڵاتەکە لە دژی کۆلۆنیالیزم دەگێڕنەوە. خۆپیشاندەران بە بەشداری مامۆستاکانی زانکۆ و سەندیکا پیشەییەکان و سەندیکاکانی تر، هاوبەشییان بە چیرۆکی تووڕەیی بەکۆمەڵیان کرد بەرامبەر بە گەندەڵی و نادیموکراسی کە جیاکاریی ئیتنیکی-تائیفی لە ژێر پەردەی نوێنەرایەتیدا بە دامەزراوەیی دەکات. خۆپیشاندەران لە ڕێگەی سروود، شیعر، مۆسیقا و هونەرەوە چیرۆکی نامۆبوونیان لە سیستەمێک کە بە هەمان شێوە لە ڕێگەی سیاسەتی تائیفی و توندوتیژیەوە لە یەکتر نامۆیان دەکات، باسکرد. بە داننان بەوەی کە هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە هەمان بەربژێرە سیاسییەکان هەڵدەبژێرێتەوە، داواکارییان پێشنیار کرد کە بریتی بوو لە دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت، دووبارە داڕشتنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان، هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی نوخبەیی و تایبەتمەند، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە. لە ڕێگای کۆکردنەوەی خەڵک لە هەموو تەمەنێکدا و گرووپە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکان، ناڕەزاییەکان هەستێکی تازە دۆزراوەی یەکگرتوویی و هاودەنگی بە عیڕاقییەکان بەخشی. خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەکە بوون. ژنانیش بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداربوون. بەربڵاوترین دروشمەکان لە عیڕاق و ڕەوەندی عیڕاقی بریتی بوون لە نازل_آخذ_حقّي ("هاتووم مافم وەربگرم") ونريد_وطن ("نیشتمانمان دەوێت").
بە هۆی هەستکردنیان بە هەڕەشە، پارتە سیاسییەکان و نیمچە سەربازییەکان هەوڵیان دا خۆپیشاندەران دابەش بکەن بە چاندنی بریکاری نهێنی چەکدار لە ناڕەزایەتییەکاندا کە هێزە ئەمنییەکان و/یان خۆپیشاندەران دەکوژن بۆ هاندانی توندوتیژی. جگە لە تەقەمەنی زیندوو و فیشەکی لاستیکی، هێزەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبە گازی فرمێسکڕێژیان ئاراستەی خۆپیشاندەران دەکرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆریان کوشتن. ڤیدیۆی زۆر ترسناکی خۆپیساندەرە کوژراوەکان لە ئینتەرنێتدا بڵاوبووەوە کە نارنجۆکی گازی فرمێسکڕێژیان لە کەڵلەی سەریاندا چەسپاوە. لە ماوەی چەند مانگێکدا پۆلیسی ئاژاوەگێڕان و قەناس بەدەستەکانی نیمچە سەربازی زیاتر لە حەوت سەد خۆپیشاندەریان کوشت و زیاتر لە بیست هەزار خۆپیشاندەریشیان بریندار کرد و دەیان کەسیش بۆ هەمیشە کەمئەندام بوون. لەو کاتەوە ژمارەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە و تا مانگی ئاداری ٢٠٢١ نزیکەی ١٠٣٥ خۆپیشاندەر کوژراون و ٢٦٣٠٠ کەسیش برینداربوون. لە هەرێمی کوردستانی عیڕاق، هێزە ئەمنییەکانی کورد لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لانیکەم شەش خۆپیشاندەریان کوشت و ٤٠٠ی تریشیان دەستگیرکرد، حکومەت و هێزە نیمچە سەربازییەکان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیان وەکو چەکێک بۆ لاوازکردنی خۆپیشاندەران، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بەکارهێنا. بە مەزەندەکردن لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٧ هەزار و ٦٦٣ کەس بێسەروشوێن بوون. جگە لە توندوتیژی جەستەیی، توندوتیژی ڕەمزی و وتاری ڕق لێبوونەوە باو بوون. نوێنەرانی دەوڵەت و نوێنەرانی تریش شەڕێکی دەروونییان دروستکرد بە بەکارهێنانی بۆمبی فلاشی دەنگی ئەویش بۆ تۆقاندنی خۆپیشاندەران هەروەها جەنگی سۆشیال میدیاش، لە ڕێگەی تیرۆرکردنی کەسایەتییەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ بێدەنگکردنیان. بە بەکارهێنانی چیڕۆکگێڕانەوەی ڕووخێنەرهێزە نیمچە سەربازییەکانی سەر بە ئێران، کەناڵی تێلێگرام و کارگەی هاشتاگیان دروستکرد بۆ هێرشکردنە سەر چالاکوانان و خۆپیشاندەران و بە "گاڵتەجاڕ" لە قەڵەمیان دەدان و بە درۆ تۆمەتی بریکاری بیانییان دەخستنە پاڵ. لە ئینتەرنێت و دەرەوەی ئینتەرنێت، هەڵمەتێکی یەکجار توندی وتاری ڕقلێبوونەوە چالاکوانە عیڕاقییەکانی کردە ئامانج، بە مەبەستی نەدانی شەرعیەت پێیان و بە بزووتنەوەکەش و هاندانی تیرۆرکردنیان. لەم کاتەدا حکومەت ئینتەرنێتی قەدەغکرد بۆ دەمکوتکردنی خۆپیشاندەران کە بە تواناتر و خۆڕاگرتر ببوون. ئەو ڕادیۆیانەی لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا دانرابوون، هۆشدارییان دەدا ئەو کەسانەی کە بە دانیشتنەوە مانیان گرتبوو لە هەڕەشەی چەکداری. چالاکوانانی هەرێمی کوردستان کە قدەغەکردنی ئینتەرنێت کاریگەری لە سەریان نەبوو ، لە کارکردن بوون بۆ پرکردنەوەی بۆشایی کەمیی زانیاری و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیان ڕادەگەیاند. سەرەڕای ئەو هەوڵە بەردەوامانە بۆ بێدەنگکردنیان، هەر بۆیە عیڕاقییەکان دەیانەوێت گوێیان لێبگیرێت و ببینرێن.
هێزە نیمچە سەربازییەکان کولتوورێکی ترسیان دروست کرد. هاوکات لەگەڵ کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا، بزووتنەوەی ناڕەزایی بە ناچاری وەستا و زۆرێک لە چاودێران بانگەشەی تێکشکانی بزووتنەوەی تیشرینیان دەکرد. بەڵام بزووتنەوەکە لە هۆشیاری بەکۆمەڵی عیڕاقییەکان و لە ڕێگەی فۆرمەکانی دیکە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بیرەوەری و کۆکردنەوەی بەردەوام
بە تێگەیشتن لەوەی کە حکومەت وهێزە نیمچە سەربازییەکان تا چەند دەڕۆن بۆ چاندنی ترس و بێدەنگکردنی گێڕانەوەی خۆپیشاندەران، چالاکوانان هێزی چیرۆکگێڕانەوەکەیان دەبینن. لە کاتێکدا عیڕاقییەکان لە ناوەوی وڵات و لە ڕەوەنددا بە شێوەی ئۆنڵاین، لە ڕۆژانی سەرەتای ناڕەزاییەکانەوە بەردەوامن لە گفتوگۆکردن لەسەر بیرەوەرییەکانیان، ئەم چیرۆکانەش یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی کاریگەری بزووتنەوەکە. دەزگاکانی سۆشیال میدیا کە لە بزووتنەوەکە دەرکەوتن، لە ڕێگەی یادکردنەوەی بەروار، ڕووداو و کەسایەتییە گرنگەکانەوە خۆپیشاندانەکانیان بە زیندوویی هێشتووەتەوە. بە تایبەتی خۆپیشاندەرە مردووەکان لە ڕۆژی کوشتنیان یادییان دەکرێنەوە، هەروەها یادکردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە سەر پردی زەیتونی ناسڕیە، گۆڕەپانی سیناکی بەغدا و گۆڕەپانی سەدرەینی نەجەف ئەنجامدران. لەگەڵ سەردانکردنەوەی ئەم چیڕۆکانە، بانگەوازەکان بۆ لێپرسینەوە بەردەوامە و چەندین کەمپەین سەریان هەڵدا. بە هاشتاگ و دروشمی پرسیارکردنی #من_قتلني؟ ("#کێ منی کوشت؟")، عیڕاقییەکان داوای لێکۆڵینەوەی ئاشکراو ڕوون و لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسانی تیرۆرکردنەکان دەکەن. #کۆتایی_بە بێ سزایی، هاشتاگێکە گەشەی کردووە و بووەتە ڕێکخراوێک کە هەڵمەتی ئامانجدار دژی گەندەڵکاران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی بەرپرس لە توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی دەکات. هەڵمەتەکانی هۆشیاری ئۆنلاین ڕووبەڕووی ڕەشنووسی یاسا ناڕەواکان دەبنەوە، وەک پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، پڕۆژە یاسای ئازادی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانە و هەموارکردنەوەی ئەو پێشنیارە مەترسیدارانەی بۆ یاسای باری کەسی کراوە. #انقذوا_الأيزيديات_المختطفات# ("ژنانی یەزیدی_ڕفێنراو_ ڕزگار بکەن") پرسەکە بە بزووتنەوەی بەرفراوانی تیشرینەوە دەبەستێتەوە و دامەزراوەکانی دەوڵەت تاوانبار دەکات کە نەیانتوانیوە وەڵامی هەوڵی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسلامی و کۆیلایەتی سێکسی ژنانی ئێزیدی بدەنەوە. چالاکوانان پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان یادەوەری و چیرۆکگێڕانەوە و خەبات دەناسنەوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە لە هۆشیاریی جەماورەیدا زیندوو بمێنێتەوە. ئەمەش لە تەقینەوەی گۆڕەپانی هونەری عێراقدا جێی سەرنجە. وێنە هەڵواسراوەکانی سەر دیواری گۆڕەپانی تەحریر و شوێنەکانی دیکە نەک تەنیا ناڕەزاییە سیاسییەکانی کۆمەڵ بەڵکو توانای زیاتری کۆکردنەوە و خۆدەربڕینی جەماوەریشمان بیردەخەنەوە.
ئەنجام
چیرۆکگێڕانەوە لە بزووتنەوەی تیشرینی عیڕاقدا ئەوەمان بیردەخاتەوە کە یادەوەری، هەم دەرئەنجام و هەم بەشێکە لە چیرۆکگێڕانەوە، هەروەها فراوانبوونی ناڕاستەوخۆی دەسەڵاتە. یارمەتیدەرە بۆ وەرگرتنەوەی ناسنامە، مێژوو و بزووتنەوەکانی بەرخودان. خاوەندارێتی کردنی گێڕانەوە لە دەرەوەی سنووری ناڕەزاییەکان بووە هۆی پاراستنی کاریگەری بزووتنەوەکە لە ڕێگەی فۆرمی تری کۆکردنەوەی جەماوەریی. هەوڵەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و هێزە نیمچە سەربازییەکان بۆ سڕینەوەی یادەوەری بەکۆمەڵ شکست دەهێنن، چونکە گەنجانی خۆڕاگر و بە ئیرادە ئێستا باوەڕیان بە هێزی فشاری گشتی هەیە و گاڵتەیان پێدەکەن و بە بەرەنگارییەوە سەرزەنشتییان دەکەن: منو إنت؟ ("تۆ کێی؟").
لینکی تەواوی بابەتەکە:
نووسەر: ڕوبا عەلی ئەلحەسەنی/ سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕادیکاڵبوون (ICSR)
https://icsr.info/2022/09/27/storytelling-memory-and-momentum-iraqs-tishreen-movement/
ئەم ناوەڕۆکە بەگوێرەی مۆڵەتی پرۆشەی داهێنانکارانە ڕێپێدراوە CC BY-NC 4.0.