لەشکرکێشی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەرهەڵدانی یاخیبوونە ئاینییەکان (٢٠٠٣ - ٢٠١١)
جاک باوت، بەڕێوەبەری نووسینگەی دڵنیایی ئاژانسی ئەتۆمی لە عێراق، لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لە حوزەیرانی ٢٠٠٤دا بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند: "[…] تا ئازاری ٢٠٠٣، هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیبووەوە کە بەرنامەکەی ساڵی ١٩٩٨ زیندووکرابێتەوە." سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە و سەرەڕای ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جیهانی، ئەمریکا، بە هاوپەیمانی شانشینی یەکگرتوو، ئوسترالیا و پۆڵەندا هاوپەیمانەکانی دیکە عێراقی داگیرکرد. لەشکرکێشییەکە لە ١٩ی ئازاری ٢٠٠٣ دەستیپێکرد. لە ١ی ئایاری ٢٠٠٣ سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بوش، لە وتارە بەناوبانگەکەیدا " ئەرکی بە ئەنجام گەیشتوو" ڕاگەیاند لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری USS ئەبراهام لینکۆڵن پێشکەش کرد و کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە جەنگییە گەورەکانی ڕاگەیاند. بەڵام شەڕ و توندوتیژی لە عێراق بۆ ساڵانێک دوای ئەوە هەر بەردەوام بوو و لەکاتێکدا ڕەخنەی بەرفراوان لە ڕاگەیاندنی پێشوەختە گیرا.
ئەم 'رزگاری'یە لەگەڵ تاڵانکردنی سەرتاسەری وڵاتدا بوو، لە دامەزراوە حکومییەکان بە تایبەتی کە هەموو ئامرازەکانی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی لەخۆگرتبوو. ئەم تاڵانکردنانە لە عێراقدا بە شێوەیەکی باو بە "حەواسم" ناسراون. جەماوەرێکی تووڕەی عێراقی هەموو ئەو شتانەیان دزی کە دەتوانرێ بدزرێت وەک تۆڵەی قوربانیدانەکەیان. لەم خاڵەدا شایانی باسە، کە دزی هەمەلایەنە و داواکاری بەرتیل لەناو دانیشتوانی ئاساییدا لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا لە ئەنجامی سزاکانەوە دەستی پێکردبوو. بۆ نموونە بۆ تاڵان کردنەکانی ساڵی ٢٠٠٣، مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی ١٥,٠٠٠ کەلوپەلی مۆزەخانەی عێراق دزرابن. تا سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣، مۆزەخانەی نیشتمانی هونەری مۆدێرن لە بەغدا نزیکەی ٧,٠٠٠ کۆمەڵەی کاری هونەری لەخۆگتربوو. دوابەدوای تاڵانکردنەکانی دوای لەشکرکێشی ئەمریکا، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی ١,٧٠٠ لەو پارچانە بە تێپەڕبوونی کات دۆزراونەتەوە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری بێسەروشوێنن. ئیدیعای ئەوەی کە دوای تاڵانکردنەکە ٢,١١٢ پارچە لەبەردەستی مۆزەخانەکەدا ماونەتەوە، زێدەمەزەندە کراوە، چونکە کۆی گشتی کارە هونەرییە دۆزراوەکان تا ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی ١,٧٠٠ کاری هونەری بووە. وا پێدەچێت هەندێک لەو پارچە دزراوانە لە ڕێگای بازاڕی ڕەشەوە بازرگانییان پێوەکرابێت.
دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانی (CPA) لە ٢١ی نیسانی ٢٠٠٣ بە فەرمی دامەزراوە و تا ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٠٤عێراقی بەڕێوەبرد، کاتێک سەروەری گواسترایەوە بۆ حکومەتێکی کاتی عێراقی. پۆل بریمەر، سەرۆکی جێبەجێکاری وڵات بوو لە ماوەی گواستنەوەدا. پارتی بەعسی قەدەغە کرد و ئەندامانی لە پۆستە سەرکردایەتییەکان دوورخستەوە. لە ٢٣ی ئایاری ٢٠٠٣ سوپای هەڵوەشاندەوە و لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٠٣ میلیشیاکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشووی بە یاسایی کرد و بە هێزی چەکداری نوێی عێراقی ناساند. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی نوێ، شانبەشانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. دەستووری نوێ لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ پەسەندکرا، لە دەستووری ٢٠٠٥دا هاتووە کە 'کۆماری عێراق تاکە دەوڵەتی فیدراڵی و سەربەخۆ و تەواو سەروەرە کە تێیدا سیستەمی حکومەت کۆماری، نوێنەرایەتی، پەرلەمانی و دیموکراسییە. ئیسلام ئایینی فەرمی دەوڵەتە.' بەڵام واقیعەکە جیاواز بوو. لە دوای ئەو لەشکرکێشییەدا، یاخیبوونە توندوتیژەکان کە زۆربەیان پاڵنەری ئایینییان بوون، سەریان هەڵدا و وڵاتیان وێرانکرد. تەنانەت لە شوباتی ٢٠٠٦دا یاخیبوونەکان پەرەیان سەند و بوو بە شەڕێکی ناوخۆیی تائیفی کە تا ساڵی ٢٠٠٨ و بە دواوەش بەردەوام بوو. هۆکارەکانی ئەم یاخیبوونانە زۆرن و پێویستیان بە شیکارییەکی ورد دەبێت، بەڵام ڕەگێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەددام حوسێنی ڕووخێنراو.
سەددام لە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ دەستگیرکرا. دادگای تایبەتی عێراقی سزای لەسێدارەدانی بە هەڵواسین بەسەردا سەپاند، لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ لەسێدارەدرا. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ تیمی پزیشکی دادوەری یەکگرتووی (CAP) ٢٥٩ گۆڕی بەکۆمەڵیان دۆزیەوە. ستراتیجی ڕژێمەکەی بۆ بەعس بوون، تێڕوانینی هەڵەی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگای عێراقی دروست کرد، بەتایبەتی لە بواری کۆنترۆڵکردنی دیمەنی ئایینیدا. توندڕەوی ئایینی و بیروباوەڕی تائیفی هەمیشە بە نهێنی بوونیان هەبووە. لە ماوەی سێ دەیە، سەددام توانی سیستەمێکی کۆنترۆڵکردنی بوکەڵەی کاریگەر دروست بکات بۆ سەرکوتکردنی ئەم دەرکەوتنە ئایینیانە و بیرۆکەکانیان. ئەم تێڕوانینە بیانییە هەڵەیە، بناغەی یاخیبوونی ئایینی بەدوای خۆیدا هێنا. هەڵەیەکی دیکە لە سەردەمی حکومەتی کاتیدا، ناساندنی موحاسەسە بوو، کە سیستەمێکی ناسیۆنالیزمێکی نافەرمی بوو لە ساڵی ٢٠٠٣دا پەسەندکرا و دواتر دەبێتە هۆی ئەولەویەتی دان بە بەرژەوەندییەکانی حزب بەسەر لێهاتوویی تەکنۆکراتیدا. دەسەڵاتی حکومەت لە نێوان ئەندامانی حیزبدا دابەش دەکات کە دەسەڵاتی دامەزراندنی نزیکەی ٨٠٠ پۆستی خزمەتگوزاری شارستانییان هەیە لە سەرانسەری وەزارەتەکاندا و کە لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان بە خراپی بەکاردەهێنرێن.
لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، سەرۆکی ئەمریکا، ئۆباما، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە عێراق ڕاگەیاند و میراتێکی دووفاقی بەجێهێشت. ئەنجامی داگیرکاریی ئەمریکا وڵاتێکی پڕ لە کێشە و تا دێت نائارام بوو، کە تێیدا یاخیبوون، بێ یاسایی و ململانێی تائیفی دیسان ژمارەیەکی زیاتری عێراقییان خستە مەرگەوە.
هذا المحتوى مرخص بموجب رخصة المشاع الإبداعي CC BY-NC 4.0.