وەک کەسێک کە لە ئاڵنگاریی بەردەوامدا دەژی... بەهێزکردنی ژنانی عیڕاق لە کەرتی تایبەت و ڕۆڵی ئابوورییان
بەپێی پێناسەی ڕاپۆرتی جیهانی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەهێزکردنی ژنان Women's Empowerment بە مانای بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و لێک تێگەیشتن و ئامادەیی لە لای ژنان دێت. هەروەها پەرەپێدانی هەستی هێز و سەربەخۆیی، توانای بڕیاردان و بەڕێوەبردن، گۆڕینی ڕەفتار و هەڵوێست، شکاندنی سووڕی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی تایبەتی.
لە ماوەی دە ساڵی رابردوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها 20.5%ی ژنان بەشداری هێزی کار دەکەن، ئەمەش وای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەرنامەیەک دروست بکات کە پشتیوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت بکات بە ئامانجی گەیشتن بە بەهێزکردنی ئابووری ژنان، کە یەکێکە لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و زۆرێک لە گەلان بۆ بەدەستهێنانی دەگەڕێن، لەنێوانیشیاندا عیڕاق.
چەندین ساڵە ململانێ و ناسەقامگیری ئاستەنگی گەورەی بۆ ژنان لە عیڕاقدا دروست کردووە. ڕێژەی ئەو ژنانەی لە تەمەنی کارکردندان و بەدوای کار دەگەڕێن لە 13% تێناپەڕێت و ئەم ڕێژەیەش زۆر کەمترە لە ئاستی بەشداری پیاوان لە بازاڕی کاردا (72%)، هەروەها کەمتریشە لە تێکڕای ڕێژەی هەرێم کە 22% لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی.
بەهێزکردنی توانای ئابووری ژنان لە عیڕاق
بەهێزکردنی ژنان لە ئێستا جێگای سەرنجی هەموو جیهانە، وڵاتانی عەرەبیش دەستیان کردووە بە دانانی ئەم پرسە لە نێو ئەولەویەتەکانی کارنامەی خۆیان، بەڵام ئەمەعیڕاق ناگرێتەوە، کە ڕێژەی دامەزراندنی ژنان لە ساڵی 2017 لە 0.4% ەوە بۆ 0.2% لە ساڵی 2019دا دابەزیوە، کە ڕێژەیەکی زۆر کەمە و شایەنی ئەوەیە تیشک بخرێنە سەری و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ژنانی عیڕاق لە بازاڕی کار و ئەو ئاڵناگرییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بکرێت. ئاستەنگییەکانی برەودان بە ژنانی عیڕاقی لە کەرتی تایبەتدا کێشەیەکە شایەنی سەرنجە، چونکە ژنان نیوەی کۆمەڵگان، زاڵبوون بەسەر سەختییەکانی بەشداریکردنیان لە بنیادنانی کۆمەڵگادا یەکێکە لە گرنگترین میکانیزمەکان بۆ بەهێزکردنیان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵیان.
بوونی ژنان لە کەرتەکانی کار و دەوڵەت بە گشتی دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی وڵات. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا تەنها 20.5%ی ژنان بەشداری هێزی کار دەکەن. مەزندە دەکرێت 33%ی ژنان لە هەرێمەکەدا بەشدارن لە کرێکاریی لاوازدا بە بەراورد بە 23%ی پیاوان. بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو لەو پیشانە کاردەکەن کە زیادەڕۆیی لە کەمی مووچەکاندا دەکەن، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی زۆر کەم ژن لە پۆستە باڵاکانی لە ناوچەکەدا بەشدارن.
بەربەستەکانی بەردەم بەهێزکردنی ژنان
عیڕاق وڵاتێکە بە چەندین ململانێ و ناسەقامگیریدا تێپەڕیوە کە بووەتە ڕێگر لە بەهێزکردنی ژنانی عیڕاق لە بوارە جیا جیاکانی ژیاندا. ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر ژنانی عیڕاق بە زیادبوونی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی کە ڕێگریان لێکردبوون لە بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان وەک ژنێک لە کۆمەڵگادا. گرنگترین ئەو ئاستەنگانەی پەیوەستن بە بەهێزکردنی ژنان، بریتییە لە فرە ڕۆڵی و فشارە جیاوازەکان کە ژنان بەدەستیانەوە دەناڵێنن بۆ بەشداریکردن لە هەندێک کاردا کە لەگەڵ نەریت و کلتوور ناگونجێن، هەروەها لاوازی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەربارەی گرنگی ڕۆڵی ژنان. نەتوانینی ژنان بۆ بڕیاردان لە بەشداریکردن لە هەندێک کاردا کە پەیوەندی بە بەربەستی کولتووریی و کۆمەڵایەتی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆنەبوونی دایەنگە بۆ چاودێریکردنی منداڵان و ئەو داب و نەریتانەی کە بەشداری ژنان لە زۆرێک لە پیشەکاندا سنووردار دەکەن، چونکە کۆمەڵگا هێشتا باوەڕی بە بەشداریکردنی ژنان لەو کارانەدا نییە کە پیاوان ئەنجامی دەدەن، زۆرێک لە خێزانەکانیش ڕەتیدەکەنەوە ڕێگە بە کارکردن بدەن لەو بازرگانیانەی کە ژن و پیاو تێیدا تێکەڵاون، هەروەها بەهۆی ئاستی نزمی گشتگیری دارایی و بەربەستە پێکهاتەییەکانی تر.
جگه لە هەموو ئەو بەربەستانەی ئاماژەیان پێکراوه، هێشتا پەسەندکردنێکی بەرفراوان لە لایه ن کۆمه ڵگاوه بۆ کارکردن له که رتی گشتیدا هەیە، داب و نه ڕیت زاڵە سه باره ت به ڕۆڵی تەقلیدی ژنان له ناو ماڵەوە و پێویست نه بوونی بە کارکردن و به شداریکردن له کۆمه ڵگادا، هەروەک لەگەڵ سەجا کە خێزانەکەی ڕەتیدەکەنەوە لە کەرتی گشتیدا کاربکات، وەک دەڵێت "زیاتر لە پێنج ساڵ لەمەوبەر کۆلێژی زانستی کۆمپیوتەرم تەواو کردووە، بەڵام هێشتا لە لایەن حکومەتەوە دانەمەزراوم و کاتێکیش دەمەوێت داواکاری پێشکەش بکەم بۆ کارکردن لە کەرتی گشتی، خێزانەکەم ڕەتیدەکەنەوە، چونکە گرنگی کارکردن نابینن مەگەر لە کارێکی حکومی نەبێت". جگە لەوەش ململانێ و ناسەقامگیری بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، هەروەها پاشەکشە لە یاساکاندا کە بووە هۆی ئەوەی ژنان و کچان زیاتر لە کەسانی دیکە بێبەش بن، بەتایبەتی لە سەردەمی داعش و ئاوارەبوون و ئەو کێشانەی کە کاریگەرییان لەسەر زۆرێک لە ژنانی عیڕاقی لەو ماوەیەدا هەبوو، لە ئەنجامدا بەدەستهێنانی چانسی هەلی کار بۆیان قورس بوو.
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی پێشەنگبوونی کارگێری ژنان و بەهێزکردنی ژنانی خاوەنکار، توێژینەوە لە سەر ئەم بابەتە دەریدەخات چوار ئاستەنگی سەرەکی کە ڕێگرن لەم پێشەنگییە بریتیین لە نایەکسانی جێندەری لە کارگێڕیدا کە دایکایەتی، هۆشیاری لە کارگێڕی، ستانداردەکان و دارایی لە خۆ دەگرێتەوە. پشتگیری دارایی (پارەپێدان) یەکێکە لە گرنگترین پرسەکان کە ڕێگری لە بەشداریکردنی ژنان دەکات لە ژینگەی کارگێڕی و کەرتی تایبەتدا. ئەم ئەستانگییانە ڕەنگە دەرئەنجامی هۆکاری جۆراوجۆر بن، بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی پاڵپشتی دارایی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان و ئۆکسفام یەکێک لەو هۆکارانەی پەیوەندی بەو هەڵوێستانەوە هەیە کە بەرامبەر بە بەشداریکردنی ژنان لە کۆمەڵگادا دەگیرێتەبەر ئەوەیە تەنها 6.8%ی کۆمپانیاکان لە عیڕاقدا خاوەنەکانیان ژنن.
چارەسەرکردنی کێشەکانی بەهێزکردنی ژنان
عیڕاق بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ وڵاتانی دیکە پێشبڕکێ بکات، پێویستی بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی نێوان ژن و پیاو هەیە، هاوبەشییەک کە نیشتمان وەک بەردی بناغەی دابنێت و خواست و ئاواتەکانی لەسەر بنیات بنێت. یەکسانی جێندەری بەشدارە لە بەرەوپێشبردنی ئابووری کۆمەڵگاکان و گەشەپێدانی بەردەوام و دڵنیابوون لە ژیانێکی باشتر بۆ کۆمەڵگا بە گشتی.
لە عیڕاقدا ژنان نیوەی دانیشتوانەکەی پێکدێنن، ئایا چارەنووس چۆن دەبێت ئەگەر ئەم نیوەیەی دانیشتوانی عیڕاق%49.7 بەدەست جیاکاری کۆمەڵایەتی و خێزانی و ئابووری و جۆرەکانی تری ئاستەنگییەوە بناڵێنن تەنها لەبەر ئەوەی مێینەن؟
بێگومان هیچ کۆمەڵگایەک یان وڵاتێک ناتوانێت گەشە بکات کاتێک نیوەی دانیشتوانەکەی گەشە ناکەن.
ىسەرەڕای بوونی سیستمی کۆتا لە عیڕاق، ژنان هێشتا لە زۆر لایەنی ژیاندا دوورن لە یەکسانی. یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکان کە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی ژنان لە کۆمەڵگادا، خوێندنە. خوێندن بەهێزترین چەکە بۆ گۆڕینی جیهان. خاڵێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ژنان و هەروەها دابینکردنی هەموو پێشهاتە ئابوورییە گشتییەکان بۆ وڵات. کاتێک ژنان مافی یەکسانیان پێدەدرێت بۆ دەستگەیشتنێکی یەکسان بە خوێندن، بەردەوام دەبن لە بەشداریکردن لە چالاکییە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەدا. بە خوێندەوارکردنی ژنان بەسە بۆ ئامادەکردنیان تاوەکو بتوانن ببنە بەشێک لە هێزی کار و کۆمەڵگا. 47%ی ژنان لە ژێر هێڵی هەژاریدان کاتێک مافێکی یەکسانیان پێدەدرێت بۆ دەستگەیشتن بە خوێندن، ئەوا بەشداری لە چالاکییە ئابوورییەکان دەکەن. ژنان توانای بەرەنگاربوونەوەی هەژاری ئێستایان هەیە و دەتوانن ئەگەری زیادبوونی هەژاری چاوەڕوانکراو کەم بکەنە لە ڕێگای هاوبەشیکردنیان لە کارکردن و بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگادا. چونکە خوێندن ئامرازێکی پێویستە بۆ بەهێزکردنی ژنان بە کارامەیی گونجاو. ئەمە جگە لەو پرسە تایبەتانەی کە ژنانی گوندنشین ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەو پێیەی 32%یان نەخوێندەوارن و ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە ڕووی پەروەردە و خوێندن، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و بەشداریکردنیان لە کەرتی تایبەتدا.
لە کۆتاییدا پێویستە حکومەتی عیڕاق هەوڵ بدات بەرەنگاری ئاستەنگەکانی بەهێزکردنی ژنان ببێتەوە و کار لە سەر داڕشتنی پلانێکی کرداری بکات بۆ بەهێزکردنی ئابووری ژنان بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ داهاتوو خۆشبکات. هەروەها چارەسەرکردنی گشتگیری ئابووری ژنان و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنانی خاوەنکار لە ڕێگەی ئینکوباتۆرەکانی بازرگانی، بۆ ژنانی گوندنشینش لە ڕێگای چالاکییەکانی ڕاهێنانی پیشەییەوە. وە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ بەشداریکردنێکی تەواو لە چالاکییەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی ئابووری ژنانی عیڕاق. سەرەڕای ئەوەش حکومەت پێویستە ڕەچاوی دانانی بودجەیەک بکات کە یەکسانی جێندەری بەدی بهێنێت.
ئەم ناوەڕۆکە بەگوێرەی مۆڵەتی پرۆشەی داهێنانکارانە ڕێپێدراوە CC BY-NC 4.0.