مێژوو و شارستانییەت

سیستەمی شەستی

Achref Chibani
نووسەر: ڕێناس بابەکر

بەشداریەکانی سۆمەری لە بابەتی بیرکاریدا هێشتا بەردەوامە لە ئاسانکاری ژیانی رۆژانە لەڕێی ئەو سیستەمی ژمارەییە یەکخراوەی دایاننابوو.
x

بۆ زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵ، جیهان قەرزداری یەکێك لە هەرە گرنگترین داهێنانەکانی سۆمەریەکانە، ئەویش سیستەمی شەستیەکیە. ئەم سیستەمە دابەشکردنێکی ڕێکوپێکی کاتە بەسەر ٦٠ یەکەدا. ئەم سیستەمە لەلایەن سۆمەریەکانەوە بەکارهێنراوە وەکو ڕێگەیەک بۆ ژماردن و پێوانەکردن لەسەر بنەمای ژمارە ٦٠ چونکە دەتوانرێت بە یەکسانی دابەش بکرێت بەسەر چەندان ژمارەدا (٢،٣،٤،٥،٦،،١٠،١٥،٢٠،٣٠). ئەم سیستمە ژمارەییە بە شێوەیەکی گەورە کاریگەری کردۆتە سەر چەندین لایەنی ژیانی سۆمەریەکان. لە بازرگانی و ژمێریاری و ئەستێرەناسی و بیرکاریدا بەکارهێنراوە. لەوانەیە ژمارەی دڵخوازی سۆمەریەکان ٦٠ بووبێت چونکە بە ئاسانی دابەش دەکرێت بەسەر ژمارەی تردا. نمونەیەک بۆ ئەم سیستەمە کە هێشتا بەکاردێت، ئەو شێوازەیە کە ئیمە کاتی پێ دەپێوین. بوونی ژمارە ٦٠ وەکو بناغە لە سیستەکەدا لەم سەردەمەی ئێمەدا بۆ زانینی کات، کاتژمێرێك دابەش کراوە بەسەر ٦٠ خولەکدا، هەر خولەکێك دابەش کراوە بەسەر ٦٠ چرکەدا. ئەم دابەشکردنە بناغەی سیستەمی شەستیەکیە، کە هەر یەکەیەک لە کات دابەش دەکرێت بەسەر ٦٠ دا. نمونەیەکی تر دابەشکردنی بازنەیە بەسەر ٣٦٠ پلەدا (کە ٦٠ لێکدانی ٦ کراوە). ئەم سیستەمە هێشتا لەم سەردەمەشدا بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی گۆشە و ئاراستەی سەر نەخشە و ڕێدۆزین و ئەستێرەناسی و جوگرافیا.

لە کاتێکدا مرۆڤانی سەرەتایی کاتی خۆی کاری ژماردنیان بە شێوازی هێمادانان بە هەڵكەندنی هێڵ لەسەر ئێسکەکان دەکرد لە چالاکیەکانی ژیانی رۆژانەیاندا، کاری بیرکاری ڕاستەقینە لەسەردەمی سۆمەریەکاندا سەریهەڵدا کاتێك سیستەمێکی ژمارەیی فەرمییان دروست کرد، ئەمە وایکرد تۆماری ژمێریاری ڕێکخراو بکەن. سۆمەریەکان ئەم سیستەمی ژمارەییەیان لەسەر هۆکاری لۆژیکی بنەما کردبوو، ئەمە وایکرد بتوانن ژمارەی گەورە هەژمار بکەن و کرداری لێکدان و دابەشکردنی پێبکەن. سۆمەریەکان بەم سیستەمە پارچەی قوڕین یان هێمای هەڵکۆلراو لەسەر تاتەقوڕینەیان بەکاردەهێنا بۆ پیشاندانی بڕ و کردارە بیرکاریەکانی وەکو کۆکردنەوە، لێدەرکردن و لێکدان و دابەشکردن.

سیستەمی شەستی بۆ هەموو   لایەنە ئابوریەکان لە سۆمەردا گونجاو بوو. لە کۆمەڵگەی سۆمەریدا تۆمارکردن و پاراستنی ژمارەکان و ژماردن بۆ کشتوکاڵ و جوتیاری و بەرهەمە بازرگانیەکان و دابەشکردنی ئەم بەرهەمانە بەسەر خەڵکیدا، زۆر گرنگ بوو. کەواتە سیستەمێکی ژمارەیی پێویست بوو بۆ ئاسانکاری چەندین کاری بیرکاری بۆ تۆمارکردنی چالاکییەکانی ڕۆژانە و  چالاکییە ماوە درێژەکان. لە سەرەتادا سۆمەریەکان قامیشیان بەکاردەهێنا بۆ تۆمارکردنی یەکەکان بەڵام نوسینی بزماری دەرکەوت، سۆمەریەکان هێمای ستونی و بازنەییان هەڵدەکەند لەسەر تاتەقوڕینەکان. هێمای ژمارەکان لەسەر تاتەقوڕینەکان پیشاندەری چەمکە ژمارەییەکان بوون، بە شێوەیەکی سەرەکی دوو جۆر بوون: هێمای ژمارەیی سوچ تیژ و هێمای ژمارەیی بازنەیی. مێژوونووس و نوسەرە سۆمەریەکان ئەم هێما ژمارەییەیان دەنوسی بۆ پیشاندانی ئەنجامی کارە هەژماریە شەستییەکان. لەڕێی بەکارهێنانی ئەم سیستەمەوە سۆمەریەکان چەندان بەرەوپێشچوونیان لە چەندان بواری جیاوازدا بەدەستهێنا، ئەمە بووە بناغەی ئەو چەمکە بیرکاریانەی کە ئەمڕۆکەش بەکاردێن. سۆمەریەکان بۆژمێریاری، هێماکانی ژمارەیی  و بەکارهێنانی ژمارەی کەرتیان دانا. بەرەوپێشچونە بیرکاریەکانی سۆمەر گاریگەری لەسەر سەردەمانی دوای خۆشی بوو، و دواتر لەلایەن ئەکەدی و بابلیەکانەوە پەرەی زیاتری پێدرا و بەرەوپێش بردردا. 

ئەم ناوەڕۆکە بەگوێرەی مۆڵەتی پرۆشەی داهێنانکارانە ڕێپێدراوە  CC BY-NC 4.0.

Jul 2, 2024

Other Articles