پەیوەندیی سیاسی و میدیا

ئازادیی ڕادەربڕینی ئۆنلاین لە عێراق

Fatimah Oleiwi
ڕێکخراو: Tech4Peace
free speech

 

پوختەی جێبەجێکار

مافی ئازادیی ڕادەربڕین پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی کۆمەڵگا دیموکراسیەکانە. لە عێراقدا، پاراستن و پێشخستنی ئازادیی ڕادەربڕین بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و پشتیوانیکردن لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، شتێکی سەرەکییە. گرنگە هاوڵاتیان بەشداربن لە پرۆسەی بڕیاردان و هەموو دەنگەکان نوێنەرایەتی بکرێن و ببیسترێن. سەرەڕای ئەوەش، ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادیی ڕادەربڕین لە عێراق بەردەوامن.

ئەم کورتە سیاسەتە، تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی ڕێساکانی ئێستا سەبارەت بە ئازادیی ڕادەربڕین بە شێوەی ئۆنلاین لە عێراقی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانی عێراق (KRI)، هەروەها ئەو ئاڵنگاریانەی لەم بوارەدا ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە، دەخاتە ڕوو. ئەم ئاڵنگاریانە بریتین لە یاساکانی سنووردارکردن، توندوتیژی، هەراسانکردن و سانسۆر لەخۆدەگرن کە ئامانجیان ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانە لەلایەن هەردوو ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانەوە. سەرەڕای ئەوەش، بڵاوبوونەوەی خێرای زانیاریی هەڵە و زانیاریی ساختە و زانیاریی نادروست خەریکە تێکچوونی زانیاری لە عێراقدا خراپتر دەکات، کە ئەمەش زیادبوونی نیگەرانی لێدەکەوێتەوە..

بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵنگاریانەدا، پێویستە عێراق هەندێک ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە ڕێگری لە ئازادیی ڕادەربڕین دەکەن، بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و بۆ چالاکوانان لە تۆقاندن و هەراسانکردن، بەهێزکردنی میدیای سەربەخۆ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی سانسۆر ولە ئاست توندوتیژی لەلایەن قەوارە نادەوڵەتییەکانەوە، هەروەها بۆ پەرەپێدانی ئازادیی ڕادەربڕین بە شێوەی ئۆنلاین.

پێشەکی

ئازادیی ڕادەربڕین مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە کە بۆ کارکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی پێویستە. لە مادەی ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا(UDHR)  هاتووە کە:

"هەموو کەسێک مافی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕینی هەیە؛ ئەم مافە، ئازادیی هەبوونی بیروڕا بەبێ دەستێوەردان و گەڕان و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بیرۆکە لە ڕێگەی هەر میدیایەکەوە و بەبێ گوێدانە سنوورەکان، دەگرێتەوە".

لە مادەی ١٩ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR) کە عێراق لە ساڵی ١٩٧١ پەسەندی کرد، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمانە دەگرێتەوە:

"ئازادی بۆ گەڕان و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بیرۆکە بە هەموو جۆرەکانیەوە، بەبێ گوێدانە سنوورەکان، چ بە شێوەی زارەکی، یان بە نووسین یان چاپکراو، لە شێوەی هونەردا، یان لە ڕێگەی هەر میدیایەکی دیکەی دڵخوازی خۆیەوە".

ئازادیی ڕادەربڕین وا دەکات مرۆڤەکان بێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە، بیر و بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆیان دەرببڕن. ئاڵوگۆڕی کراوەی بیرۆکە و زانیاری بۆ کۆمەڵگا دیموکراسیەکان پێویستە بەمەبەستی بڕیاردانی ئاگادارانە، بەشداریکردنی گشتی و لێپرسینەوە. جێبەجێکردنی کاریگەرانەی مافی ئازادیی ڕادەربڕین بەو واتایە دێت کە تاکەکان دەتوانن بەشداریی گفتوگۆی گشتی بکەن و لێپرسینەوە لە بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانیان بکەن و میدیاکان دەتوانن وەک چاودێرێک کار بکەن و لەسەر بابەتگەلێکی گرنگ زانیاریی ڕاست و بێلایەن پێشکەش بکەن. لەم کارەدا ئازادیی ڕادەربڕین لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت، چونکە مرۆڤەکان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن بۆ هاوبەشکردنی زانیاری و بیرۆکە، ڕێکخستن بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەرەوەها بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە کە هاوبەشی بەرژەوەندییەکانیانن. لە کاتێکدا باو و ئاساییە کە ڕێسایەک هەبێت کە حکومەتەکان بەکاری بهێنن بۆ چاودێریکردنی ناوەڕۆکی ئۆنلاین و ڕێگریکردن لە چالاکییە نایاساییەکان، هەندێکجار سیاسەت و یاسای دیکە بەکاردەهێنرێن بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین کە تا ڕادەیەک پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

لە کاتێکدا دەستووری عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ پەسەند کرا، بڕگەی گەرەنتی ئازادیی ڕادەربڕین لەخۆدەگرێت، بەڵام چەندین بەربەستی یاسایی و دەرەوەی یاسایی بەردەوامن لە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ئازادیی ڕادەربڕین لە هەردوو عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان. ئەو سنووردارکردنانە بریتین لە یاساکانی ئێستا و ڕەشنووسەکان کە بڕگەی ناڕوونیان تێدایە سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، ڕێگە بە جێبەجێکردن و لێکدانەوەی ئارەزوومەندانەیان دەدەن. جگە لەوەش، ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانی توندوتیژی و هەراسانکردن و سانسۆر کە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان دەکەنە ئامانج. لە ئەنجامدا ئەو ڕۆژنامەنووسانە، چالاکوانان و ئەوانی دیکە کە بۆچوونی جیاواز دەردەبڕن یان کاری ڕۆژنامەوانی لەسەر پرسە هەستیارەکان دەکەن، ڕووبەڕووی مەترسییەکی بەرچاو لەوانەش دروستکردنی گوشار و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە..

 

ئاڵنگارییەکانی ئازادیی ڕادەربڕین لە عێراق

لە کاتێکدا چوارچێوەی یاسایی عێراق بڕگەگەلێک لەخۆدەگرێت کە مافی ئازادیی ڕادەربڕین دەستەبەر دەکات، بەڵام لە پراکتیکدا ئازادیی ڕادەربڕین لە زۆر ڕووەوە بە شێوەیەکی ناڕەوا سنووردار دەکرێت، لەوانە لە ڕێگەی سنووردارکردنی یاسایی ناڕوون و نابەرامبەر، تۆقاندن و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، هەروەها توندوتیژی و سانسۆر لەلایەن ئەکتەرە ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانەوە سنووردار دەکرێت.  

سنووردارکردنە یاساییەکان:

یاسای سزادانی عێراق و یاساکانی تریش کۆمەڵە بڕگەیەک لەخۆدەگرن کە لەگەڵ پێوەرەکانی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤی پەیوەست بە ئازادیی ڕادەربڕین گونجاو نین. بۆ نموونە، یاسای سزادان ماددەی ناڕوونی تێدایە، وەک مادەکانی ٢٢٥-٢٢٧ کە ناوزڕاندن و سوکایەتیکردن بە سیمبولە سیاسی و ئایینییەکان بە تاوان دادەنێن. ئەم یاسایانە بەپێچەوانە قسەی پارێزراو وەک ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی گشتی و سەرکردە ئاینییەکان سنووردار دەکەن.نموونەی ئەمەش دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سەرمەد ئەلتاییە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا لەسەر تەلەفزیۆن لێدوانێکی پێشکەش کرد و ڕەخنەی لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق گرت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران کاریگەریی لەسەر سەرۆکی دادوەریی عێراق هەیە. بە هەمان شێوە، مادەکانی ٤٠١- ٤٠٤ لە یاسای سزادان ڕێگە بە دەستگیرکردنی هەر کەسێک دەدات کە ناوەڕۆک دژی "ڕەوشتی گشتی" بڵاو بکاتەوە. ئەم بابەتانە بۆ دەستگیرکردنی چەندین دروستکەری ناوەڕۆکی ئۆنلاین بەکارهێنراون، کە هەندێکیان سزای دوو ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

هەمان ئەو یاسایانەی کە لە عێراقی فیدراڵیدا کاریان پێدەکرێت، لە هەرێمی کوردستانیشدا بەکار دەهێنرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرێمی کوردستان یاسای زیادەی دەرکردووە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ناوەڕۆکی ئۆنلاین سنووردار دەکات. ئەم جۆرە یاسایانە بۆ سنووردارکردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین بە شێوەیەکی ناڕەوا بە هەڕەمەکی سەپێندراون. بۆ نموونە، لەوانەیە هاونیشتمانیان بە تاوانی “خراپ بەکارهێنانی ئامێری مۆبایلەکانیان” بەپێی ماددەکانی ٢ و ٣ی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن ڕووبەڕووی پێنج ساڵ زیندانیکردن ببنەوە. لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی کوردستان کەڵکی لە وشەسازیی ناڕوونی مادەکانی ئەم یاسایە وەرگرتووە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان نەتوانن ڕەخنە لە حکومەت بگرن یان پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان بکەن. لە ساڵی ٢٠٢٢دا پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بەهۆی ڕووماڵکردن و پاڵپشتیکردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.

لە پاڵ یاساکانی ئێستادا، زۆرجار یاسادانەران باس لە ڕەشنووسی یاسای دیکە دەکەن کە ئازادیی ڕادەربڕین لە عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان زیاتر بەرتەسک دەکەنەوە. بۆ نموونە، یاسادانەران لە عێراقی فیدراڵی تاوتوێی ڕەشنووسی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن کە سزای زیندانیکردنی تا ١٠ ساڵ لەخۆدەگرێت بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێک کە پێشێلی "بەها ئایینی یان کۆمەڵایەتییەکان" دەکات. هەروەها پەرلەمانی عێراق تاوتوێی یاسایەک دەکات لەبارەی ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوە ئاشتیانە، یاسایەکیش سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، هەردوو ڕەشنووسی یاساکە زاراوەی ناڕوون و مەترسیداریان تێدایە کە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر ئازادیی ڕادەربڕین سنووردار دەکات.

بەهەمان شێوە لە هەرێمی کوردستانیشدا، ڕەشنووسی یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە تاوتوێ دەکرێت. ئەوەش ڕێگە بە حکومەت دەدات دەنگە ناڕازییەکان کە بەشێوەی ئۆنلاین ڕەخنە دەگرن، بە بەکارهێنانی زاراوەی ناڕوون و فراوان لە ڕەشنووسەکەدا دادگایی بکات.

تۆقاندن، هەراسانکردن و توندوتیژی:

ڕۆژنامەنووسان، داکۆکیکاران و هەندێک جار تەنانەت ئەو هاونیشتمانیانەی کە باس لە بابەتی هەستیار دەکەن یان بۆچوونی مشتومڕاوی بڵاو دەکەنەوە، زۆرجار هەڕەشەیان لێدەکرێت، هەراسان دەکرێن، هێرشیان دەکرێتە سەر و هەندێکجاریش دەکوژرێن. بەشێک لەو توندوتیژییە لە حکومەتەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ نموونە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هێزی هەڕەمەکیان و نابەرامبەر لە دژی ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بەکار دەهێنن. لە بارودۆخی تردا، ئەکتەرە نادەوڵەتیەکان وەک گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکان، ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە دەکەنە ئامانج کە ڕەخنە لە کارەکانیان دەگرن.

بۆ نموونە، گرووپە چەکدارەکان بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی، توندوتیژییان بەکارهێناوە، ئەویش لەڕێی بەئامانجگرتنی ئەو دەزگا میدیایی و ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕەخنە لە کردەوەکانیان دەگرن. لە هەندێک ناوچەی وڵات، گرووپە چەکدارەکان ڕژێمی سانسۆری تایبەت بە خۆیان سەپاندووە و ڕێگرییان لە هاوڵاتیان کردووە بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری و لە ڕێگەی کەناڵ و سەرچاوەی میدیایی خۆیانەوە لە ناوچەکانی خۆیاندا کۆنترۆڵی گوتاری میدیاییان کردووە. لە کاتێکدا لە حاڵەتەکانی دیکەدا گرووپە نیمچە سەربازییەکان هانی هێرشەکان دەدەن، کە دەسەڵاتدارانی حکومەت نزیکەی هەرگیز لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکردوون. بۆ نموونە، لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٠دا، هیشام ئەلهاشمی، شارەزای بواری ئەمنی تیرۆر کرا، بەهۆی ئەوەی بوێریی ئەوەی هەبووە ڕەخنە لە حکومەت و هێزە گرێدراوەکانی بگرێت. هەرچەندە یەکێک لە بکوژەکانی هاشمی دوای سێ ساڵ لە دواخستنی دادگاییکردنەکان بەهۆی فشاری سیاسییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ئەوانی دیکە بەشداربوون لە هێرشەکەدا تا ئەمڕۆش ئازادن و خۆیان لە لێپرسینەوە لە کارەکانیان دەدزنەوە.

جگە لەوەش، عێراق هیچ سیاسەتێکی نیشتمانی و ڕێنماییەکی یاسایی لەبارەی زانیاریی هەڵە، زانیاریی ساختە یان زانیاریی خراپی ئۆنلاینەوە نییە. بەم شێوەیە کاتێک زانیاریی زیانبەخش بە خێرایی لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بڵاودەبێتەوە، حکومەت هیچ وەڵامدانەوەیەکی نییە. لە چوارچێوەی عێراقدا، زانیاریی ناڕاست و قسەی ڕقاوی ئۆنلاین دەتوانێت کاریگەریی ترساندن و بێدەنگکردنی ئەو تاکانەی هەبێت کە دەکرێنە ئامانجی پۆستە زیانبەخشەکان و تەنانەت هەندێکجار توندوتیژی کوشندەشیان لێدەکەوێتەوە. نموونەی ئەمەش ئەو هەڵمەتی زانیاریی هەڵەیە بوو کە میلیشیا و گروپەکانی سەر بە ئێران لە دژی چالاکوان ڕێهام یەعقوب ئەنجامیان دا، کە دوای بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست لەسەری، لەلایەن هێزە میلیشیاکانەوە کوژرا و وا بڵاوکرایەوە کە کاری بۆ حکومەتی ئەمریکادا کردووە.

لەو ماوەیەدا، لە وەڵامی زیادبوونی فشاری گشتیدا، سەرۆکوەزیران بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسرەی لە کارەکەی دوورخستەوە. بەڵام دواجار هیچ کەسێک لەسەر ئەو کوشتنە دڵتەزێنە لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکرا .

 

سانسۆر:

زۆرجار حکومەتی عێراق سانسۆر بەکاردەهێنێت بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین بە شێوەی ئۆنلاین بۆ ئەوەی خەڵک نەتوانن بۆچوونەکانیان لەسەر سەرکردە سیاسی، کۆمەڵایەتی، یان ئاینییە دیاریکراوەکان بڵاوبکەنەوە. حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان یاسای وەک یاسای سزادانی عێراقی بۆ زیندانیکردنی ئەو کەسانە بەکاردەهێنن کە هەستی خۆیان دژی ئەو جۆرە کەس یان ڕێکخراوانە دەردەبڕن. ئەمەش کەلتوری ترسی دروستکردووە کە زۆرێک لە هاوڵاتیان بەهۆی ترس لە ئەگەری کاردانەوە، خۆیان لە دەربڕینی ئۆنلاین بەدوور دەگرن.

هەروەها حکومەتی عێراق داوای لە گووگڵ و مێتا و تویتەر کردووە هەندێک ناوەڕۆک لەسەر پلاتفۆرمەکانیان لاببەن. ئەمەش زیادبوونی سانسۆرە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی گووگڵ و مێتا و تویتەر، کە هەندێک لە هۆکارەکان پەیوەندییان بە ناوزڕاندن یان ڕەخنەگرتن لە حکومەتەوە هەبووە. لەوەش زیاتر، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، بەڵگەی وێنەیی پشتڕاستنەکراوە و وێنەی شاشە لە ئینتەرنێتدا بڵاوبووەتەوە کە ئاماژەی بەوە دەکرد کە دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق داوای دەستوەردانی فەیسبووکیان کردبوو لە لابردنی هەندێک هەژمار کە داکۆکییان لە ناڕەزایەتییەکان دەکرد.

سەرەڕای هەبوونی دەستوورێک کە گەرەنتیی ئازادیی ڕادەربڕین دەکات، بەڵام لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٢دا، ‘ماڵی ئازادی’ ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرێک لە عێراقییەکان بەهۆی سزای توندی تاوانکاری بۆ ناوەڕۆکی ئۆنلاین و هەراسانکردن یان تۆقاندن لەلایەن بەرپرسانی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکانەوە، خەریکی خۆسانسۆری دەبن.

لەپاڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی حکومەت لە بۆنە جیاوازەکاندا، هەڕەمەکیانە ئینتەرنێت بلۆک یان سنووردار دەکەن، زۆرجار بەبێ ئەوەی پاساو بخەنە ڕوو یان پابەندبن بە هیچ چوارچێوەیەکی یاساییەوە، وەک کوژانەوەی ئینتەرنێت لەسەر ئاستی وڵات لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا، بۆ ئەوەی پرسیارەکان دزە نەکەن. هەروەها حکومەتی عێراق لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا بۆ ماوەی پەنجا ڕۆژ هانی بەتەواوی داخستنی ئینتەرنێتی دا بۆ سنووردارکردنی توانای خۆپیشاندەران بۆ ڕێکخستن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری دەربارەی ئەو توندوتیژیانەی کە لەلایەن ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانەوە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێن. جگە لەوەش، بەرپرسان لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە هەندێک ناوەڕۆکی ئۆنلاین قەدەغە بکەن، وەک یاریی ڤیدیۆیی پەبجی (PUBG) و لەم دواییانەشدا بڕیارێک لەلایەن وەزارەتی پەیوەندییەکانەوە درا بۆ بلۆککردنی هەموو ئەو ماڵپەڕانەی کە ناوەڕۆکی پۆرنۆگرافییان تێدایە، لەسەر بنەمای ئەوەی کە پێچەوانەی “ڕەوشتی گشتی”ن.

ئەم مەترسیانە لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر توانای تاکەکان هەیە بۆ بەشداریکردن لە گوتاری گشتی و لێپرسینەوە لە سەرکردەکانیان و بەشداریکردن لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا. ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و هاوڵاتیانی بەرگری مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕینن و ڕووبەڕووی واقیعێکی ترسناک دەبنەوە. ئەوان ڕووبەڕووی هەڕەشە و تۆقاندن و توندوتیژی دەبنەوە، لە ئەنجامدا کەشوهەوای خۆسانسۆری دروست دەبێت کە گفتوگۆی گشتی دەخنکێنێت. پێکهاتەکانی ئەم ئاڵنگاریانە بریتین لە نەبوونی پارێزبەندیی یاسایی بەهێز، گەندەڵیی بەربڵاو، هەروەها پێویستیی بوونی شەفافیەتی زیاترە. هەرچەندە لە ڕێگەی چاکسازی یاسایی و هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ بەرەوپێشبردنی ئازادیی ڕادەربڕین بڕێک پێشکەوتن بەدیهاتووە، بەڵام هێشتا کارێکی بێشومار پێویستە بۆ پاراستن و چاندنی کولتوورێک کە هانی بەهای ڕاستەقینەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی دەربڕین لە عێراقدا بدات.

ئاکامەکانی سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین

سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین ئاکامی دوور مەودای هەیە کە لەوانەیە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر ئەوەی کە کۆمەڵگایەکی دیموکراسی تا چەند بە باشی بەڕێوە دەچێت. ئەمانەی خوارەوە هەندێک لە کاریگەرییەکانی سنوورداربوونی ئازادیی ڕادەربڕینن لە عێراقدا:

  1. سنووردارکردنی بەشداریی مەدەنی و گفتوگۆی گشتی: هاونیشتمانیان ناتوانن بە تەواوی بەشداری لە پرۆسەی دیموکراسیدا بکەن کاتێک ئازادییان نییە بۆ دەربڕینی بیرکردنەوەکانیان یان بەشداریکردن لە گفتوگۆی گشتیدا. لە ئەنجامدا، ڕەنگە لە کاتی بڕیارداندا بیرۆکە و دیدگای کەمتر لەبەرچاو بگیرێت، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی نەبوونی لێپرسینەوە و کراوەیی لە حکومەتدا.
  2. لاوازکردنی دامودەزگا دیموکراسیەکان و سەروەری یاسا: ئازادیی گوزارشتکردن بۆ کارکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان و سەروەری یاسا ئێجگار گرنگە. لێپرسینەوە لە سەرکردە گشتیەکان و کردەوەکانیان سەختترە کاتێک تاکەکان ئازادییان نییە بۆ دەربڕینی بیروڕاکانیان یان بەدەستهێنانی زانیاری. لە ئاکامدا، لەوانەیە متمانەی دەنگدەران بە حکومەتەکەیان دابەزێت و دامەزراوە دیموکراسیەکان بەشێک لە شەرعیەتی خۆیان لەدەست بدەن.
  3. کاریگەری لەسەر گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری: لەوانەیە سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین کاریگەریی نەرێنیی جددی لەسەر گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبێت. ناسینەوە و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان سەختترە کاتێک مرۆڤەکان ئازادییان نییە بۆ دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانیان یان بە ئازادیی دەستیان بە زانیارییەکان ناگات. ئەمەش لەوانەیە ڕێگری بکات لە پێشکەوتن لە بوارەکانی وەک پەروەردە، چاودێریی تەندروستی و گەشەی ئابووری.

بە گشتی دەرئەنجامەکانی سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین بەرچاو و دوور مەودان. لە پێناو پێشخستنی گەشەپێدانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و پاڵپشتیکردنی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابوری، پاراستن و پێشخستنی ئازادیی ڕادەربڕین لە عێراقدا ئێجگار گرنگە.

 

پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ئازادیی ڕادەربڕین

بۆ پاراستن و پێشخستنی ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق، پێویستە چەند ڕاسپاردەیەک لەبەرچاو بگیرێت:

  • هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە ئازادیی ڕادەربڕین سنووردار دەکەن: پێویستە عێراق هەڵسەنگاندن بۆ ئەو یاسایانە بکات کە لەبارەی ئازادیی ڕادەربڕینەوەن و هەر یاسایەک هەڵبوەشێنێتەوە یان دەستکاریی بکات کە پێشێلی نۆرمەکانی مافی مرۆڤی جیهانیی دەکات. ئەمەش ئەو یاسایانە دەگرێتەوە کە ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەوانی لەسەر بابەتگەلی هەستیار لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانەوە قەدەغە دەکات، هەروەها ئەو یاسایانەی کە تایبەتن بە کوفر، هاندانی توندوتیژی و ناوزڕاندن. ئەمە لەوانەیە یاسای سزادانی عێراق (مادەکانی ٢٢٥ - ٢٢٧) و (مادەکانی ٤٠١ - ٤٠٤) بگرێتەوە، بەڵام تەنیا لەوانەدا سنووردار نییە.

     
  • دڵنیابوون لە بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان لە پرۆسەکانی داڕشتنی یاسادا: کۆمەڵگەی مەدەنی و پسپۆڕانی بابەتەکان دەبێت بەشداربن لە پرۆسەی داڕشتنی هەر یاسایەکدا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە هەیە. پرۆسەیەکی وەها گشتگیر، دڵنیایی دەدات لەوەی کە بۆچوونە جۆراوجۆرەکان لە کاتی داڕشتنی یاساکاندا جێیان دەکرێتەوە و سنووردارکردنی مەترسیدار بۆ ئازادیی ڕادەربڕین سنووردار دەکات.
  • پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە هەراسانکردن و تۆقاندن: پێویستە عێراق ڕێوشوێنی تۆکمە بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانەی کە بابەتی هەستیار ڕووماڵ دەکەن یان دیدگای جیاواز بڵاودەکەنەوە. ئەوەش ئەمانە دەگرێتەوە؛ قەدەغەکردنی ڕاشکاوانەی کارمەندانی ئەمنی لە دەستوەردانی ناڕەوا لە ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەکان و چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکاندا، لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران کاتێک هێزی لەڕادەبەدەر لە دژی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بەکاردەهێنن، هەروەها ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک کە هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان یان چالاکوانان بکات یان هەراسانیان بکات.
  • بەهێزکردنی میدیای سەربەخۆ: پێویستە عێراق هەوڵ بدات بۆ هاندانی گەشەی کەرتی میدیایی بەگوڕ و هەمەچەشن لەڕێگەی بەهێزکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆوە. ئەمەش بریتییە لە پێشکەشکردنی ڕاهێنان و هاوکاریی ڕۆژنامەنووسان، پەرەپێدانی هۆشیاریی میدیایی و دڵنیابوون لەوەی کە ڕیکلامەکانی حکومەت بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان سەرچاوەکانی میدیادا بڵاودەکرێنەوە.
  • بەرەنگاربوونەوەی سانسۆر و توندوتیژی لەلایەن ئەکتەرە نادەوڵەتیەکانەوە: پێویستە عێراق هەنگاو بنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی سانسۆر و توندوتیژی لەلایەن ئەکتەرە نادەوڵەتیەکانەوە، لەوانە گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکان. ئەمەش بریتییە لە دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە بەشداری توندوتیژی یان سانسۆر دەکەن و کارکردن بۆ پشتگیریکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ لەو بوارانەی کە سانسۆر تێیدا باوە.
  • برەودان بە ئازادیی ڕادەربڕین بە شێوەی ئۆنلاین: پێویستە عێراق دڵنیابێت لەوەی هاونیشتمانیان دەستیان بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگات و کراوەن، هەروەها هاونیشتمانیان دەتوانن بەبێ ترس لە سانسۆر و تۆڵەسەندنەوە بیروڕای خۆیان دەرببڕن و دەستیان بە زانیارییەکان بگات. ئەمەش پێشخستنی هۆشیاریی دیجیتاڵی و کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردن و توندوتیژیی ئۆنلاین لەخۆ دەگرێت.

بەشێوەیەکی گشتی پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق زۆر گرنگە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و پاڵپشتی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری. عێراق بە گرتنەبەری هەنگاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ئازادیی ڕادەربڕین دەبنەوە، دەتوانێت پاڵپشتی لە پەرەپێدانی کەرتی میدیایی زیندوو و هەمەچەشن بکات، هانی بەشداری هاونیشتمانیان بدات لە گوتاری گشتیدا، هەروەها دامەزراوە دیموکراسیەکان و سەروەری یاسا بەهێز بکات.

 

دەرەنجام

 ئازادیی ڕادەربڕین مافێکی سەرەتایی مرۆڤە و هەوێنی کۆمەڵگا دیموکراسیەکانە. بەم شێوەیە پاراستن و پێشخستنی ڕادەربڕینی ئازاد لە عێراقدا گرنگە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و پێشخستنی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری. بەڵام سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین لە عێراقدا هەر ماوەتەوە و لە ڕێگەی یاسای بەرتەسککەرەوە، توندوتیژی، هەراسانکردن و سانسۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لەلایەن ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەکانەوە جێبەجێ دەکرێت.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە، پێویستە عێراق یاساکانی سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین هەڵبوەشێنێتەوە یان هەمواریان بکاتەوە، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە تۆقاندن و هەراسانکردن بپارێزێت، میدیای سەربەخۆ بەهێز بکات، بەرەنگاری سانسۆر و توندوتیژی لەلایەن ئەکتەرە نادەوڵەتیەکانەوە بکات و ئازادیی ڕادەربڕین بە شێوەی ئۆنلاین بەرز بکاتەوە.

لینکی ئەسڵی بابەتەکە: https://t4p.co/blog/2023-06-16-freedom-of-expression-online-in-iraq

Feb 28, 2024

Other Articles