سیستەمی حوکمڕانی عێراق

شەڕی عێراق و ئێران – هەڵە لێکدانەوەی سەددام و شەڕی هەشت ساڵە (١٩٨٠ - ١٩٨٨)

Fatimah Oleiwi
المؤلفة: هيلا مويس

لە بنەڕەتدا مەبەست لێی وەک بلیتزکریگ (شەڕێکی تتروسکەئاسا) بوو، شەڕی ئێران و عێراق کە لە عێراقدا بە شەڕی هەشت ساڵە ناسراوە، درێژترین و خوێناویترین ململانێ بوو کە تا ئێستا لە نێوان دوو وڵاتی گەشەسەندوودا ڕوویدابێت.
C

لە ساڵی ١٩٨٠ عێراق ٢١,٣ ملیار دۆلاری داهاتی هەناردەکردنی نەوتی بەدەستهێناو و ٣٥ ملیار دۆلار یەدەگی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی هەبوو.  سیاسەتی دەرەوەی سەددام ملکەچی ئەو ئامانجە بوو، کە مەبسەت لێی گۆڕینی توانا داراییە زەبەلاحەکان بوو بۆ دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی. بەڵام، دیکتاتۆری تازە پەرەسەندووی سەددام لە ژێر سێبەری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بوو لە ساڵی ١٩٧٩دا، ئەو شۆڕشەی ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی هێنایە سەر دەسەڵات.  ئێران لە ساڵی ١٥٠١ەوە مەزهەبی شیعەی وەک ئایینی دەوڵەت ناساندووە.  ئایەتوڵڵا خومەینی ئایدۆلۆژیایێکی ئیسلامیی سەرتاسەری پەیڕەو دەکرد، بە پێچەوانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی عێراقەوە.   سەددام کە پاشخانێکی سوننەی هەبوو، خاوەن لێکدانەوەیەکی تاڕادەیەک گەشەسەندوو بوو بۆ ئیسلام لە ڕوانگەی خۆیەوە و چۆنیەتی بە ئامرازکردنی و بەکارهێنانی لە ڕووی سیاسییەوە.  ئەمەش پێویستی بە بەرپەرچدانەوەی سەرهەڵدانی بزووتنەوە ئیسلامییە ناوخۆییەکان و شۆڕشی ئێرانی هەبوو.  گرژییەکانی نێوان ئێران و عێراق بە هۆی سیاسەتی دەرەوەی خومەینی: "هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی" لە قاڵب درا. هەموو شیعەکانی جیهان بە شیعەکانی عێراقیشەوە بانگەوازی کرد بۆ ئەوەی بچنە ناو شۆڕشەکەیەوە.  دوای دوو هێرش بۆ سەر کارگێڕانی عێراق، لە ١٣ی نیسانی١٩٨٠ سەددام پارتی دەعوەی قەدەغە کرد، و محەمەد باقر سەدری سەرکردەکەی لە سێدارە دا، بە دوایدا دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و لەسێدارەدانی شیعەکان، دەیان هەزار کەس دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێران و هەزارانی دیکەش هەڵاتن.  

 

هەرچەندە هەڕەشەی سەرەکی تێکشکابوو، بەڵام سەددام دەیویست هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بۆ بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت. لە ١٩ی ئەیلوولی ١٩٨٠ دەستی لە پەیمانی جەزائیر کێشایەوە کە هێڵی سنووری لە شەتولعەرەب ڕێکدەخات و ڕۆژی دواتر، هێرشی کردە سەر ئێران.   لە بنەڕەتدا سەددام مەبەستی سەرکەوتنێكی ترووسکەئاسا بوو.  وەبەرهێنانێکی زۆری لە سووپای عێراقدا کردبوو، بڕێکی زۆر چەکی کڕیبوو، توانای داراییشی هەبوو و پێشبینی دەکرد حکومەتی ئێران لاواز بێت.   بە پێچەوانەی گریمانە سەرەتاییەکەی، لەشکرکێشییەکەی بووە هۆی کۆکردنەوەی هەموو هێز و دژە هێزەکان.  سەددام لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٨٠ بە داننان بە هەڵە لێکدانەوەکانی خۆی، ئاگربەستی ڕاگەیاند بە چەند مەرجێک کە ئێران نەتوانێت قبوڵیان بکات. سەددام بەو جەنگە دەسەڵاتی مەلاکانی بەهێزتر کرد.  لە هاوینی ١٩٨٢ەوە تەنیا ئێران درێژبوونەوەی شەڕەکەی مسۆگەر کرد. 

 

هەردوو وڵات بە ئاستی جیاواز پشتیوانییان لە ناوچەکە و جیهان وەرگرت. لە کاتێکدا لیبیا و سوریا تاکە هاوپەیمانی ئێران بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق پاڵپشتی دارایی لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو (GCC)  بە بڕی ٥٠ ملیار دۆلار وەرگرت.  ڕۆڵی ئەمریکاش شایانی باسە. لە ساڵی ١٩٨٤ بەدواوە ئەمریکا کەلوپەلی سەربازی ئەمریکی بۆ عێراق دابین کرد.  کاتێک عێراق نەیتوانی پارەی پێداویستییەکانی چەک و تەقەمەنی بدات، ئەمریکا ڕێکارەکانی دووبارە ڕێکخستنەوەی قەرزەکانی بەکارهێنا و قەرزی بە عێراق بەخشی لە ساڵی ١٩٨٧ عێراق بڕێکی یەکجار زۆر خۆراکی ئەمریکی هاوردە کرد، کە لە ڕێگای قەرزی دابینکەرەوە پارەی بۆ تەرخان دەکرا.  لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەمریکا عێراقی وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە شەڕی ئێران و عێراقدا دەبینی.   بە پێشکەشکردنی پشتگیری بۆ هەردوو لایەن، ڕیسایکلکردنی بەرچاوی پترۆ-دۆلار ڕوویدا. 

 

لە ٢٠ی تەمموزی ١٩٨٧ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ئاگربەستی ژمارە ٥٩٨ی پەسەند کرد.   سەددام دەستبەجێ و، ئێرانیش لە هاوینی ١٩٨٨ قبووڵی کرد.   سەددام بە کەڵک وەرگرتن لەم بۆشاییە، هەڵمەتی کارەساتباری ئەنفالی لە ناوچەی کورد جێبەجێ کرد.   لەم شەڕە عێراق ٤٥٢,٦ ملیار دۆلاری تێچوو، ئێرانیش ٦٤٤ ملیار دۆلاری وەبەرهێنا. شەڕی هەشت ساڵە، وەک لە عێراقدا بە شێوەیەکی جەماوەری ناسراوە، لێکەوتەی کارەساتباری بۆ دانیشتوانی عێراق هەبوو و چارەنووسی زۆرێک لە سەربازەکان تا ئێستا نادیارە.  لە ٢٠ی ئابی ١٩٨٨ بڕیارنامەی ژمارە ٥٩٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە فەرمی کۆتایی بە شەڕەکە هات و سنوورەکانی پێش جەنگ گەڕێنرانەوە.  لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆتایی هاتنی شەڕەکە، هەموو عێراق هاتە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان و ئاهەنگی کۆتایی هاتنی هەشت ساڵەی شەڕی ترسناک و داخورپێنەریان گێڕا.  

 

ناکرێ شەڕی ئێران و عێراق بەبێ پێداچوونەوەیەکی کورتی بەرنامەی 'نهێنی' کیمیایی، بایۆلۆجی و چەکی ئەتۆمی عێراق بکرێت.  'پڕۆژەی ٩٢٢'، لە ژێر ناوی کۆمپانیای دەوڵەت بۆ بەرهەمهێنانی قڕکەر، دامەزراوەی سەرەکی توێژینەوە و پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی عێراق بوو، کە دەکەوێتە پارێزگای سەلاحەدین بە دووری ٤٠کم لە باشووری ڕۆژئاوای سامەڕا.  لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکرا و تا بۆردومانەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩١ چالاک بوو. ئەم دامەزراوەیە چەکی کیمیایی بەرهەم هێنا کە دژی هێزەکانی ئێران و کوردە مەدەنییەکان بەکارهێنران. ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی توەیسا (لە ساڵی ١٩٦٧ دەستی پێکرد) شوێنی سەرەکی ئەتۆمی بوو لە عێراق کە پەیوەندی بە مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە ئەتۆمییەکانەوە هەبوو.  بۆ نموونە، لەسەر تێچووی مرۆڤایەتی بەرنامەی چەکی کیمیایی عێراق، لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا سەددام ڕێگەی دا زبڵی پیسبووی ناوەندەکە بهێنرێتە ئەهوار بۆ ئەوەی ئاوەکە ژەهراوی بکات و بەو هۆیەوە هێزەکانی ئێران و 'هاوپیلانگێڕەکانیان' ( دانیشتوانی ڕەسەن) لەناو ببات. 

 

 

هذا المحتوى مرخص بموجب رخصة المشاع الإبداعي  CC BY-NC 4.0.

Jan 3, 2025

Other Articles