نەوت – چارەنووسی عێراق – نیعمەت و نەفرەت (١٩٢٠ - ٢٠٠٣)
لە ساڵی ١٩١٢ گرووپە کێبڕکێکارەکان هێزەکانیان یەکخست و کۆمپانیای نەوتی تورکی (TPC)یان پێکهێنا، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئیمتیازێک بۆ گەڕان بەدوای نەوت لە عێراقدا. TPC بۆ یەکخستنی بەرژەوەندیی ڕکابەرەکان و بۆ تێپەڕاندنی ڕکابەرە ئەمریکییەکان دروستکرا. کالۆست گوڵبێنکیان، خێرخواز و سەرمایەداری نەوتی ئەرمەنی-بەریتانی، ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێنماییکردنی TPCدا هەبوو. بەهۆی شارەزایی و کاریگەری لە ناو حکومەتی تورکیادا لەلایەن بانکە بەریتانیاییەکانەوە بەکرێ گیراوبوو. بەپێی زانیارییەکان، پشکەکانی گوڵبێنکیان لەسەدا ٥ی کۆمپانیای TPCبوو، کە بۆ چەندین ساڵ وایان لێکرد ببێتە دەوڵەمەندترین تاکی جیهان، بەمەش نازناوی "مستەر پێنج لە سەد"ی وەرگرت. گوڵبێنکیان دڵنیا بوو لەوەی کێڵگەی نەوتی موسڵ کە دەوڵەمەندترین کێڵگەی جیهانە، لە دیوی عێراقی سنووری تورکیا و عێراق (لە چوارچێوەی ناوچەی ئینتیدابی بەریتانیا) کۆتایی دێت، کە بە پەیمانی موسڵ لە ساڵی ١٩٢٦ پەسەند کرا، لە ساڵی ١٩٢٧ کۆمپانیای TPC یەکەمین کێڵگەی نەوتی لە بابەگوڕگوڕ دۆزیەوە لە نزیک کەرکوک، لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧، یەکەم نەوتی لێ دەرهات. لە ٣١ی تەمموزی ١٩٢٨ ڕێککەوتنی مێژوویی هێڵی سوور واژۆ کرا. ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٢٨ی نێوان بی پی، تۆتال، ئیسۆ، ڕۆیاڵ داچ-شێل و کۆمپانیا تازەپێگەیشتووەکانی ئەمریکی ئێکسۆن و مۆبیل، شێوەی هاوکارییەکانی لەم کارە هاوبەشەدا دیاریکرد، کە کۆمپانیای نەوتی تورکی کۆنترۆڵی تەواوی ئیمپراتۆریەتی پێشووی عوسمانی لە ئاسیادا هێشتەوە ( جگە لە کوێت). عێراق بەڕاستی خاوەندارێتی لە نەوتی خۆی هەبوو، بەڵام بە بڕێکی دیاریکراو ڕۆیاڵتی بۆ هەر تۆنێک وەردەگرت. لە ساڵی ١٩٢٩ ناوی کۆمپانیای TPC گۆڕدرا بۆ کۆمپانیای نەوتی عێراق (IPC) – ناوێکی تا ڕادەیەک چەواشەکارانە چونکە خاوەندارییەتی بۆ عێراق نەبوو. , لە ساڵی ١٩٣٤یەکەم بۆری نەوتی جیهان کرایەوە کە لە کەرکوکەوە دەچوو بۆ حەدیسە و لەوێشەوە دابەش دەبوو بۆ بۆرییەکانی نەوتی تەرابلوس و حەیفا. لە ساڵی ١٩٥٣، کێڵگەی نەوتی یەکجار زەبەلاحی ڕومەیلا دۆزرایەوە.
"مستەر پێنج لەسەد" لە ساڵی ١٩٥٥ کۆچی دوایی کرد و سەروەت و سامانەکەی بە دامەزراوەی کالۆست گوڵبێنکیان بەخشی، کە لە ساڵی ١٩٥٦ دامەزراوە. دامەزراوەکە کۆکراوەی هونەریی ئەویان بە میرات گرتەوە، هەروەها زۆربەی پۆرتفۆلیۆی وەبەرهێنانەکانی و کۆمپانیای پاندی، ئەو کۆمپانیایەی کە لە ڕێگایەوە گوڵبێنکیان لەسەدا ٥ی بەناوبانگی خۆی بەدەست هێنابوو. داهاتی پاندی کە بنکەکەی لە عێراق بوو لە ماوەی ساڵانی ١٩٥٠دا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادی کرد و دامەزراوەکە دەستی کرد بە ئەنجامدانی کاری کولتووری-مرۆیی خۆی لەگەڵ ئۆرگانە حکومییەکانی عێراق. لە نێوان ساڵانی ١٩٥٧ بۆ ١٩٧٣ دامەزراوەکە پاڵپشتی چەندین پڕۆژەی لە بەغدا کردووە لە بواری هونەر، پەروەردە، تەندروستی، زانست و کاروباری کۆمەڵایەتی. ئەم پڕۆژانە بریتی بوون لە ٢٥٠ بەخشینی بیناسازی وەک مۆزەخانەی نیشتمانی هونەری هاوچەرخ (هۆڵی گوڵبێنکیان) کە لە ساڵی ١٩٦٢ کرایەوە، کۆمەڵگای وەرزشی یاریگای شەعب لە ساڵی ١٩٦٦ کرایەوە و بارەگای کۆمەڵەی هونەرمەندانی تەشکیلی عێراقی لە ساڵی ١٩٦٦ کرایەوە.
لەدوای شۆڕشی ١٩٥٨، کاتێک پاشایەتی هاشمی ڕووخێنرا و عێراق بوو بە کۆماری، حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم وەک سەرۆکی حکومەت چەندین چاکسازی ئەنجامدا. لە ئەیلولی ١٩٦٠ سەرکردەکانی وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت بانگهێشتی کۆنفرانسێک دەکات لە بەغدا، کە تێیدا ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)یان پێکهێنا بە مەبەستی هەماهەنگی و یەکخستنی سیاسەتی نەوت لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا. پێنج ئەندامە دامەزرێنەرەکە بریتی بوون لە ئێران، عێراق، کوێت، سعودیە و ڤەنزوێلا. لە ساڵی ١٩٦١دا، داهاتی (IPC) بۆ دەوڵەت ٢٧٪ی کۆی داهاتی نیشتمانی و ٤٥٪ی بودجەی حکومەت و نزیکەی ٩٠٪ی خەرجییەکانی ئاڵوگۆڕی بیانی بووە. لە ساڵی ١٩٥٨ەوە بەرهەمی نەوت بە ڕێژەی ٦٠٪ زیادی کردبوو، لە کاتێکدا پارەی نەوت بۆ بەغدا تەنها ٤٠٪زیادی کردبوو. قاسم سەرجەم ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی بەکارنەهێنراوی کشاندەوە، کە زیاتر لە ٩٠٪ی مۆڵەتی ڕاستەقینە بوو، لەوانە کێڵگەی ڕومەیلا لە باشوور، هەروەها کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق (INOC)ی دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٦٩ و هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتی حیزبی بەعس، سێ ساڵ دواتر عێراق لە ساڵی ١٩٧٢ ڕێککەوتننامەی هاوکاری ئابووری و تەکنیکی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت واژۆکرد و لە ساڵی ١٩٧٢ کێڵگەی نەوتی باکووری ڕومەیلا کرایەوە، کە بە هاوکاری یەکێتی سۆڤیەت پەرەی پێدرا. هەر لەو ساڵەدا (١٩٧٢) سەددام حوسێن سەروەت و سامان و مافەکانی IPCی بە نیشتمانی کرد ولە ساڵی ١٩٧٢ کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراقی کە سەر بە دەوڵەت بوو دامەزراند. "نەوتی عەرەبی بۆ عەرەبەکان'' یەکێک بوو لە دروشمە بەناوبانگەکانی سەردەمی سەددام. لە کاتێکدا عێراق لە ساڵی ١٩٨٦دا (٦٠٠-٧٠٠) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەکو سەرانە لە (IPC) وەرگرت، داهاتی نەوت لە ساڵانی ١٩٧٣-١٩٧٩گەیشتە ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. بەرپرسانی باڵای پارتی بەعس دەستییان بەسەر خاوەندارییەتی کەرتی دەوڵەت گرتبوو، بڕە پارەیەکی زۆریان ڕادەست کرد و خۆیان زۆر دەوڵەمەند کرد لە ساڵانی بووژانەوەی ئابووری بەهۆی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی. لە ساڵی ١٩٨٠دا زیاتر لە ٧٠٠ (فرە) ملیۆنێری دۆلار لە عێراق دەژیان.
شەڕ لەگەڵ ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی عێراقی کەمکردەوە و نەخشەی بۆرییەکانی گۆڕی. تێچووی کەرتی نەوتی عێراق زۆر بوو: زیان لە بەرهەمی ناوخۆیی کەرتی نەوت، لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری و زۆر شتی تر. هەوڵەکانی عێراق بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکەی بەهۆی جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ پچڕان – کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاتنەپاڵ ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دژی عێراق. کە سزاکانی دواتری نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر بووژانەوەی ئابووری عێراقیان پووچەڵکردەوە. بەهۆی دوودڵی سەددام حوسێن لە هاوکاریکردن بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی، هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا هێرشی کردە سەر عێراق. تا ئەو کاتە پیشەسازی نەوتی عێراق لە دۆخێکی خراپدا بوو.
هذا المحتوى مرخص بموجب رخصة المشاع الإبداعي CC BY-NC 4.0.